گرفتە سێكسییەكان لە ئافرەتدا  
 

د. كیسرا

گرفتە سێكسییەكان كاریگەری زۆر دەكەنە سەر پەیوەندی هاوسەرێتی، پەیوەندی خێزانی، كار و پیشە، تەندروستی گشتی. لە هەمان كاتیشدا هەموو تێكەڵاوەكانی ژیان و چالاكییەكانی ژیان كاریگەری دەكەنە سەر لایەنی سێكسیمان. ئەگەر هەر گرفتێكی سێكسیت هەبوو، ئەوا تۆ بە تەنیا نیت، بە پێی نوێترین ئامار نزیكەی %40 ی ئافرەتان لە تەمەنی جیاوازدا گرفتی سێكسیان هەیە. مرۆڤ شایانی ئەوەیە كە خاوەنی ژیانێكی سێكسی پڕچێژ بێت، پزیشكانی سێكسۆلۆژیست چارەسەری گرفتەكان دەكەن.
گرفتە سێكسییەكانی ئافرەت چین؟
زۆر جۆرن كە ئافرەت مومارەسەیان دەكات، جا گرفتی بە تەنیا یان كە لەگەڵ هاوسەرەكەیدا سێكس دەكات. وشەی سێكس تەنها بۆ جووتبوون سنووردار نییە، بەڵكو گەلێك چالاكی دیكەی سێكسی دەگرێتەوە.
گرفتە سێكسییەكان بە گشتی پێناسە دەكرێن بە هەر گرفتێك لە چالاكی سێكسی ئافرەتدا وەكو: بێ زەوقی یان بێ مەزاجی، گرفت لە وروژاندا (كە زێ بە باشی تەڕنابێت و گەیشتنی ئافرەت بە ئۆرگازم زەحمەت دەبێ)، ئازار لەكاتی جووتبووندا یان هەر ئازارێك كە پەیوەست بێت بە چالاكی سێكسییەوە. زۆربەی ئافرەتان ساتێك لە ساتەكانی ژیانیاندا دوچاری ئەم گرفتانە دەبن، بەڵام كە ئەم گرفتانە بەردەوام دەبن، ئەوسا دەبێتە گرفتی سێكسی بۆ ئافرەتەكە و بۆ هاوسەرەكەشی.
هۆیەكانی گرفتی سێكسی لە ئافرەتدا، دەكرێن بە دوو بەشەوە، بایۆلۆژی و دەروونی:
بایۆلۆژی: ناهاوسەنگی هۆرمۆنی، هەوكردنەكان (بۆ نموونە كەڕووی زێ)، ئازار لەكاتی جووتبووندا لەبەر نەخۆشی وەكو: شەكرە، نەخۆشی MS، وشكبوونی زێ، زیانی لابەلای دەرمان (وەكو دەرمانی دژی خەمۆكی).
دەروونی: سروشتی پەیوەندی هاوسەرێتی، كاریگەری كلتور، خودی ئافرەت لایەنی سێكسی خۆی چۆن دەبینێ. ئەمانە هەموویان كاریگەریان هەیە.
هەر لە رۆژی لەدایكبوونەوە تا درێژایی تەمەنی، ئافرەت دەبێتە خاوەن چیرۆكێكی سێكسی»sexual story» یەكجار تایبەت Unique كە دەكەوێتە ژێر كاریگەری كلتور، جێندەر (نێر یان مێ لە رووی رەگەزەوە)، خێزان، ئەزموونەكانی كەسی. چیرۆكەكە ئەو بیرو باوەڕانە و ئەو مانایانە لەخۆدەگرێ كە ئافرەتەكە تێكەڵ بە لایەنی سێكسی خۆی دەكات یان تێكەڵ بە لایەنی سێكسی ئافرەتەكە دەبن. فشار و هیلاكی لە كار و پیشەدا، ماددە و سامان، كاریگەری سروشتی خێزان، خەمۆكی، ئەمانە هەموویان دەستیان هەیە لەوەی كە چۆن هەست بە لایەنی سێكسی خۆت دەكەیت. بە تێپەڕبوونی كات، گرفتە دەروونییەكان لەوانەیە كە گرفتی بایۆلۆژی پەیدابكەن و بە پێچەوانەشەوە. هەر بۆیەشە لە زۆربەی حاڵەتەكاندا دەستنیشانكردنی لایەنی دەروونی یان لایەنی بایۆلۆژی زەحمەت دەبێ تاكو بزانیت كە كامیان بۆتە ئەگەری ئەوی تریان. ئەوەی كە بە تەواوی دەیزانیت ئەوەیە كە پێویستیت بە یارمەتیەوە هەیە.
چۆن دەزانی كە یارمەتیت دەوێ؟
ئەم مەسەلەیە پەیوەستە بە خودی ئافرەتەكە و بە هاوسەرەكەشیەوە. هەندێك جار گرفتەكە لەخۆیەوە بە خێرایی نامێنێ، بەڵام لەو كاتەی كە گرفتەكە بە راستی ببێتە مایەی نیگەرانی و ناڕەحەتی بۆ تۆ و بۆ هاوسەرەكەت پەیدابكات و گرفتەكە درێژەبكێشێت، ئەوسا پێویستیت بە یارمەتی پزیشكیەوە دەبێت.
گرفتی لێشاوی خوێن بۆ دەزگای سێكسی ئافرەت
كەمی لێشاوی خوێن بۆ ئەندامەكانی حەوز كاریگەری دەكاتە سەر وروژانی سێكسی ئافرەت، خوێن تێزان، تەڕبوونی زێ. بە تایبەتی كەمی لێشاوی خوێن بۆ میتكە و زێ، كە گەلێك هۆكاری لەپاڵەوەیە و هەر یەكێكیان لەگەڵ ئەوی تریان تێكەڵ دەبێت، لەمانە:
1- نەخۆشی خوێنبەرەكانی دڵ:
واتە رەقبوونی خوێنبەرەكان كە بریتیە لە نیشتنی خڵتێكی چەوری ) (Plaque بە درێژایی ناو دیواری ناوەوەی خوێنبەرەكان. ئەمەش خوێنبەر تەسك دەكاتەوە و لە كۆتاییدا دەگیرێ و لێشاوی خوێن دەوەستێ، كە ئەمە لە خوێنبەرەكانی دڵ یان لە مێشكدا رووبدات ئەوا دەبێتە ئەگەری نۆرەی دڵ یان جەلتەی مێشك. هەمان نەخۆشی وادەكات كە لێشاوی خوێن كەمتر بێ بۆ ناوچەی حەوز و ئەندامە سێكسییەكان كە ئەمەش دەبێتە ئەگەری كەمبوونەوەی یان كزبوونی وروژان. لێكۆڵینەوەكان دەڵێن كە كەمبوونەوەی لێشاوی خوێن بۆ ناوچەی حەوز لەوانەیە ببێتە هۆی ئەستووربوون و فایبرۆسز Fibrosis لە دیواری زێ و شانەی تەشیلە ماسولكەی میتكە، كە ئەمەش دەبێتە ئەگەری وشكبوونی زێ، هەروەها نەمانی لاستیكی و تەڕێتی لە زێدا.
2- بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن:
واتە زیادبوونی فشاری لێشاوی خوێن لەناو خوێنبەرەكاندا. ئەمەش لەوانەیە خوێنبەرەكان تێك بدات، بەمەوە خوێنبەرەكان زیاتر رووبەڕووی جێگیربوونی نیشتنی چەوری و نەخۆشی خوێنبەرەكانی دڵ ببنەوە. كاریگەری پەستانی بەرزی خوێن لە پیاودا ئاشكرایە كە دەبێتە هۆی گرفت لە رەپبوونی چوكدا، بەڵام كاریگەری پەستانی بەرزی خوێن لەسەر لایەنی سێكسی ئافرەت هێشتا بە تەواوی ئاشكرا نییە، ئەگەر چی لەوانەیە پەیوەندی هەبێت بە كەمبوونەوەی لێشاوی خوێن بۆ حەوز و دەزگای سێكسی ئافرەت كە ئەمەش هۆكارە بۆ كزی لە وروژانی سێكسیدا، كەمبوونەوەی تەڕبوونی زێ و ئازار لە ناوچەكەدا.
زەحمەتی لە گەیشتن بە ئۆرگازم و ناتەواوی لە تەڕبوونی زێ پەیوەندیان هەیە بە بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن لە ئافرەتاندا. لێكۆڵینەوەكان دەڵێن كە لەوانەیە پەستانی بەرزی خوێن ببێتە ئەگەری كزبوونی كاردانەوەی سێكسی. هەروەها دەرمانەكانی كۆنترۆڵكردنی پەستانی بەرزی خوێنیش كاریگەری دەكەنە سەر لایەنی سێكسی ئافرەت وەكو هی پیاو. لەوانەشە كاردانەوە و نیگەرانی دەربارەی نەخۆشی بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن ئەویش نێگەتیڤانە كاریگەری بكاتە سەر لایەنی سێكسی ئافرەت، هەروەها چونكە فشاری بەرزی خوێن دەگمەنە لە ئافرەتە گەنجەكان و زیاتر لە تەمەنی گەورەدا بەدی دەكرێ، بۆیە لەوانەیە هۆكاری دیكەی پەیوەست بە تەمەنیش لەگەڵ پەستانی بەرزدا تێكەڵ بن.
3- كۆلیستیرۆڵی بەرز:
كۆلیستیرۆلی بەرز دەبێتە هۆی نیشتنی مادەیەكی مۆمی، ئەو مادەیەی كە لە ئاودا ناتوێتەوە و لە چەندین جۆری چەوری پێكهاتووە. كۆلیستیرۆڵی خراپ LDL رێگا خۆش دەكات تاكو چەوری لەسەر ناوپۆشی دیواری خوێنبەرەكاندا بنیشێت. ئاستی كۆلیستیرۆل یەكێكە لە ریسكەكانی تووشبوون بە نەخۆشی دڵ. بە هەر حاڵ، كەمبونەوەی لێشاوی خوێن بۆ ناوچەی حەوز و دەزگای سێكسی دەبێتە ئەگەری كەمبوونەوەی هەستی سێكسی و كەمبوونەوەی توانای ئافرەت بۆ وروژانی سێكسی.
4- جگەرەكێشان:
جگەرەكێشان دەبێتە هۆی تەسكبوونەوەی خوێنبەرەكان، كەمبوونەوەی لێشاوی خوێن بۆ دڵ و پەلەكانی خوارەوە و ناوچەی حەوز. مادە ژەهراوییەكانی ناو دوكەڵی جگەرە ناوپۆشی خوێنبەرەكان بریندار دەكەن و رێگا خۆش دەكەن بۆ تووشبوون بە نەخۆشی دڵ. جگەرەكێشانی قورس و بۆ ماوەیەكی زۆر دەبێتە هۆی كەمبوونەوەیەكی بەرچاوی لێشاوی خوێن بۆ ناوچەی حەوز كە ئەمەش دەبێتە ئەگەری كزبوونی یان كەمبوونەوەی كاردانەوەی سێكسی.
5- سواری پایسكل:
بۆ ماوەیەكی زۆر لەسەر كورسی ستانداردی بایسكلدا لەوانەیە زەبر بگەیەنێتە دەسكە دەمارەكان و ئەو خوێنبەرەكانەی كە دەگەنە میتكە، ئەمەش دەبێتە هۆی تێكچوون لە فرمانی سێكسیدا، بۆ نموونە سڕبوونی میتكە، كزبوونی وروژان …هتد
چی بكرێ باشە؟
بێگومان زوو راگرتنی هەر ریسكێكی تەندروستی وەكو جگەرە و كۆلیستیرۆلی بەرز وا دەكات كە لێشاوی خوێن بۆ دەزگای سێكسی باشتر بێت. لەمەش زیاتر زوو سەردانی دكتۆر مەسەلەیەكی گرنگە پاش روودانی هەر ناڕێكیەك لە لایەنی سێكسیدا. لە چارەسەركردندا، لەوانەیە ڤیاگرا یان ئامێری EROS-CTD و ئامێری تریش سەرەڕای چارەسەری پزیشكی وا بكەن كە لێشاوی خوێن باشتر بێت بۆ ناوچەی حەوز و دەزگای سێكسی ئافرەت، بەمەشەوە باشتركردنی فرمان و كاردانەوەی سێكسی.

 
Copyright 2009 - 2010 All rights reserved to Civilmag.com