داهــێــنــان  

 

 

سڤیل: مقداد شاسواری

لەئێستای زەمەندا كە ئێمەی پێدا تێپەڕ دەبین زانستی پزیشكی هێندە پێش كەوتووە و داهێنانەكان هێندە خێرا و زۆرن، تەنها ماوەتەوە مردوو زیندوو بكەنەوە. سەرنجدانێك بەو هەواڵانەی كە پێشكەوتنەكانی بواری زانستی و داهێنانە پزیشكییەكان بڵاودەكەنەوە، مرۆڤ دڵخۆش دەكات بە ژیان. بێجگە لە قڕكردنی دەیان جۆری نەخۆشی كوشندە و دۆزینەوەی سەدان جۆر داودەرمان و دروستكردنی سەدان و هەزاران ئامێری پێشكەوتووی بوارەكانی پزیشكی و زاڵبوون بەسەر زۆربەی نەخۆشییە قورسەكان، تا كار گەیشتۆتە دروستكردنی جۆرەها ئەندامی دەستكردی لەشی مرۆڤ، لەوەیش تێپەڕبووە و هەواڵەكان باس لە دروستكردنی خوێنی دەستكرد و چاوی دەستكرد دەكەن، كە توانای رێنماییكردنی نابینایانی هەبێت، دڵی دەستكرد كە خۆی لە كاتی نەخۆشیدا چارەسەری خۆی دەكات.
پسپۆڕان و زانایانی بوارەكانی پزیشكی لە وڵاتانی دەرەوەی بازنەی ئێمەدا، لە پێشبركێی بەردەوامدان بۆ داهێنانی نوێ، كە خزمەت بە تەندروستی مرۆڤ بكات. ئا لەو هەڵلا و جەنجاڵەی داهێنانەكاندا، كە ئەمەیش هەمووی بەرهەمی ئەقڵی ئەو مرۆڤانەیە، كە وەك ئێمە مەخلوقی خوداوەندن، یەكێك لە كەناڵە ئاسمانییە كوردییەكان، زوو بە زوو لە شریتە فەتواكانیدا، كە بە بەردەوامی و شەوانە رۆژ لە خوارەوەی شاشەكەیدا بە بەرچاوی بینەرانیان تێپەڕ دەبێ، باس لە داهێنانێكی تازە دەكەن، كە هێشتا ئەقڵی پسپۆڕان و زانایانی دنیای دەرەوەی بازنەی دنیاكەی ئێمە پێی نەگەیشتوون. داهێنانێك ئەوەندە تازەیە هەڵمی گەرمی لێ هەڵدەستێ و هێشتا كەس پێی نەزانیوە، تەنها ئەو مانگە دەستكردە نەفرەتییە نەبێ، كە لێمانی ئاشكراكرد و هاكا داهێنەرانی "ئەولا" دزییان و بەناوی خۆیان تۆماریان كرد و خەڵاتێكی نۆبڵیشیان پێ وەرگرت. ئەو مانگە دەستكردەی بەدیار هەرێمەكەمانەوە لەنگەری گرتووە و چاودێری پێشكەوتنەكان و داهێنانەكانی ئێمە دەكات، لە راپۆرتێكی بە پەلە و راستەوخۆدا، خوارەوەی خۆیانی لە روودانی حاڵەتێكی دەگمەن و سەیر ئاگاداركردەوە، كە ئێمەیش بە رێكەوت گوێبیستی راپۆرتەكەیان بووین. ئەوان دەیانگووت "ئەم بەیانییە كە تازە ژیان لە رۆژێكی نوێدا دەست پێ دەكات، ئێمە سێ بەش و نیوی دانیشتوانی ئەم هەرێمەی ژێرمان دەبینین كە وەك ئیعازێكی سەربازییان پێ درابێ، یان فەرمانێكی نیشتیمانیی، هەر هەمووی روو لەلای چەپی خۆیان دەكەن و خێراخێرا تف هەڵداوێن، لەبەر ئەوەیش لەم هەرێمە رۆژهەڵاتییەدا تف هەڵاوێشتن بە رووی كەسێكدا، وەك جوێندان و سوكایەتی پێكردنە، زۆربەیان یەخەی یەكدییان گرتووە و دەستەویەخە بوونە. لە پڕێكا جادەكان پڕبوونە لە ئەنواعی تف و بەڵغەم و هەزاران ئۆتۆمبێل و خەڵكی پیادە و بەتایبەتی منداڵان دەبینین لەنێو خەستیی تف و بەڵغەمەكاندا چەقیون و توانای رۆیشتنیان نەماوە.
ئێمە بە وردی نازانین چی روودەدا چونكە لەم هەرێمە پێشكەوتووەدا، ئەم حاڵەتە زۆر دەگمەنە و بە كتوپڕی روویدا، خەریكین بە وردی چاودێری دۆخە ئاڵۆسكاوەكە دەكەین و ئەگەر كۆتایی پێ هات ئەوا لە هۆكار و دەرەنجامەكان ئاگادارتان دەكەینەوە، بەڵام تا ئەو ساتەوەختە هەمووان لە تف هەڵاوێشتن بەدیوی چەپیاندا بەردەوامن و ئەگەر دۆخەكە درێژەی كێشا، داوا لە رێكخراوە نێودەوڵەتیەكان دەكەین بێنە ناو رووداوەكە ئەگینا ئەم هەرێمە بە زوویی لەژێر تف و بەڵغەمی دانیشتوانەكەیدا نغرۆ دەبێ. منیش كە هەواڵەكەم بیست خێرا كەناڵەكانی خۆمانیم یەكە یەكە تاقی كردەوە بزانم هیچ راپۆرتێكیان لەمبارەیەوە هەیە یان نا. بەڵام هیچ كام لە كەناڵەكان مێشوولەیەكیش میوانیان نەبوو. تەنها ئەوە نەبێ لە شریتە فەتواكانی كەناڵێكدا وەڵامی شەرعیی هاوڵاتییەك درابۆوە، كە دیار بوو تووشی نەخۆشی "وەسواسیی" ببوو، خێریان بنووسێ راچێتەی بەلاشیان بۆ نووسیبوو و تێیدا رایانسپاردبوو هەركاتێك وەسواسیی بەرۆكی پێگرت سێ جاران تف لەلای چەپی خۆی بكات و شەیتان راو بنێ، كە سەرچاوەی وەسواسییەكەیە. تازە زانیم سەیارە لە كوێ پەنچەر بووە و كوندە لەكوێ دڕاوە. ئاخر سێ بەشی و نیوی ئێمە لە زۆربەی هەرەزۆری كاتەكانی ژیانماندا دوچاری وەسواسیی دەبینەوە. كەوابێ دەبێ بنێشت بە بەردەوامی بجووین تا تف كەم نەهێنین بۆ راوە شەیتان.
 

 
Copyright 2009 - 2010 All rights reserved to Civilmag.com