تارانمان گەرەك نییە  

 

 

سڤیل: بێستون نوری

هاوكارم فەیسەڵ خەلیل تێلی بۆ كردم، گوتی لەبارەی رووداوەكانی ئەم یەك دوو رۆژە كار دەكەین، با ئاگامان لەیەكدی هەبێت! گوتم رووداوی چی؟ گوتی حەتمەن ئاگات لێیە كە لەسنوری بادینان هێرش كراوەتە سەر شوێنەكانی مەساج و مەی خواردنەوە و چەند شوێنێكیان سوتاندووە، لەبەرانبەریشدا هێرش كراوەتە سەر هەندێ لەبارەگاكانی یەكگرتوو و سوتاندوویانە و یەكگرتووش پارتی تۆمەتبار دەكات و نێوانی ئەو دوو حیزبەش گرژی تێكەوتووە. هەڵبەت كاك فەیسەڵ لەروانگەی بارودۆخی خۆیەوە حوكمی لەسەر من دا، ئەو ئەگەر نەچێتە دەرەوەش، هەر لەژوورەكەی خۆیدا لەنوسینگەی (سڤیل) لەلاپتۆكەیدا ئاگای لەهەموو دنیا هەیە، چ جای دهۆك كە لەچاو دنیا كۆڵانێكیش نییە. بەڵام من لەتارانم، لەپایتەختی دەوڵەتێكی بەهێز و خاوەن شارستانیەتێكی گەورەی دنیام، كەچی ئاگام لەكوردستان نییە! جگە لەسەرقاڵیم بەنەخۆشخانە و دكتۆر، بەڵام لەم شارە زۆر كەس ئاگای لەدنیا نییە، لەهۆتێلەكان تەنیا تەماشای چەند كەناڵێكی فارسی داخیلی نێو تیڤیەكان دەكەن، لەسەتەلایتی ماڵەكانیش كەناڵەكانی كوردستان سانسۆر كراون، زۆر كەناڵی تری دنیا سانسۆر كراون، ئینتەرنێت لەهۆتێلەكان هەیە، بەڵام تا یاهوت بۆ دەكاتەوە، خۆت لەبیر دەچێتەوە، كە لەسەر ئینتەرنێتی، ئەوە ئەگەر ئینتەرنێتیش كۆنێكت بوو، زۆر سایتی خەبەری كوردستانی سانسۆر كراون، ناكرێنەوە، ئەوە فەیسبووك هەر هیچ! كەواتە ئەگەر تەلەفۆن نەبێت من لەو تارانە گەورەیەدا (كە وەك شوفێرێكی تەكسی دەیگوت لەو زیندانە گەورەیەدا) بەچی بزانم لەدهۆك بانگی جیهادیان راگەیاندووە و دەیانەوێ نموونەی تاران، كە مرۆڤ تێیدا وەڕز دەبێت، بگوازنەوە بۆ كوردستان. هەڵبەت من دژی سوتاندنی بارەگای هەر حیزبێكم، چونكە ئەگەر راستە حیزبێك لەپشت ئەو جیهادی جەهلەیە، ئەوا دەبێت بەیاسا بەرەنگاری ببنەوە و لەسەر ئاستی دیكەش ئەو سیاسەتە فەزح بكرێ، بەڵام سزادانی نایاسایی كارێكە شایانی فەزحكردنە.
ئەوەی روویدا درێژكراوەی كۆمەڵێك هەوڵە، كە پێشتر ئەنجامدران و چاوپۆشی لێكران، ئایا ئەگەر سوتاندنی باڕێك بەبێ بەرنامە بێت، بۆچی سەرجەم باڕەكانی دەڤەرێك دەگرێتەوە؟ گومان لەوەدا نییە ئەمە بەرنامەیەكی سیاسیە، جا كێ لەپشت ئەو كارەیە، ئەوا دەبێت ئەو لیژنەیەی پێكهێنراوە یەكلایی بكاتەوە. بەڵام بۆچی مەلا توندرەو و ئیسلامییەكان ئاوا جورئەت دەكەن بەكونفەیەكونێك ئاسایشی شارێك و دەڤەرێك و هەرێمێك بشێوێنن و ئیدیعاش بكەن، كە ئازادییان لێ زەوت كراوە؟!
هەڵبەت ئەو گۆڕانكارییانەی لەناوچەكە وەك ئەنجامێكی بەهاری عەرەبی هاتنە كایەوە، كە تاڕادەیەك بەختی ئیسلامییەكانی هەڵكشاند و وەك ئێران ناوی لێنابوو هەڵسانەوەی ئیسلامی، ئەوا جۆرێك لەمەستی و غروری بەئیسلامییەكان بەخشیوە و دەیانەوێ ئەوەی لەئەفكاریاندا شاردوویانەتەوە ئێستا بەدەری بخەن، بۆیەشە ماوەیەكە دەبینین شێلگیڕانەتر بەدوای كەیسەكانیانەوەن، ئەوەتا بینیمان بۆ كۆڕەكەی مەلا بەختیار چیان كرد، هەر هێرشێكی ئەوانیش بیكەن، سەرەنجام مەترسی بۆ سەر ئازادی و ئاسایشی كۆمەڵایەتی دەبێت، بەڵام ئەگەر ئۆپۆزسیۆنی ئیسلامی ئەو مەترسیەی هەبێت، ئەوا دەبێ بڵێین بەداخەوە هەم دەسەڵاتی كوردستان و هەم بزووتنەوەی گۆڕانیش لەماوەی رابردوودا پاڵپشتی و سایەی پێشكەوتن و سەركەوتنی ئەو هێزانە بوون . بێگومان ئەو هێزە ئیسلامییانە هەموو مافێكی یاساییان هەیە بۆ كاركردن و دەشبێ ئازادی كاركردنیان بەپێی یاسا فەراهەم بكرێ و هەرگیز لەگەڵ ئەوەدا نیم كۆت و بەندییان بخرێتە سەر، بەڵام دەسەڵاتی كوردی لەماوەی حوكمڕانی خۆیدا بەزانین بێت یان نەزانی، بڕیار و كارەكانی بەقازانجی ئەو ئاڕاستەیە بووە، كە دەیانەوێ لەرێگای دینەوە هەیمەنە بكەنە سەر كۆمەڵگا و بیگێڕنەوە بۆ سەردەمانێكی زۆر زوو، دەسەڵاتی كوردی لەتەنگانەترین كاتی خۆیدا پەنا بۆ پیاوی ئاینی دەبات، مزگەوت لەتەك مزگەوت دروست دەكات، لەهەندێك شوێن واز لەهەندێ پڕۆژەش دێنێ، لەبەرئەوەی مەلای مزگەوت ناڕازیە، وەزارەتی ئەوقاف و داد دەداتە ئیسلامییەكان، لەداڕشتنی یاساكاندا بنەماكانی ئاین رۆڵی گەورەیان دەدرێتێ، تەنانەت تا ئەو یەك دوو ساڵەی دوایی وەزارەتی رۆشنبیری ئەگەر كتێبێكی لەبارەی ئاینەوە چاپ بكردایە، دەبوایە وەزارەتی ئەوقاف رەزامەندی بنوێنێ تا چاپ دەكرێ، مەلاكان زۆر بەئازادی فەتوای كوشتن و سوتاندنی خەڵك و شوێنان دەدەن، ساڵانێك بەر لەئێستا دوكانێكی مەشروبفرۆشیان لەدیبەگەی سەر بەمەخمور سوتاند، مەخمور كە تا پرۆسەی ئازادی عێراقیش باڕ و مەیخانەی تێدابووە، ئێستا لەبەر مەلا گەنجانی ئەو شارە فەرامۆشكراوە، دەبێ بچن 3 كیلۆمەتر لەئاوەدانی دووركەونەوە تا كەمێك خۆیان لەكێشە و بەڵای رۆژانە دووربگرن و پێكێك بەئازادی بخۆنەوە. ئەم سیستەمی حوكمڕانی كوردییە هەر ئەوەی لێ بەرهەم دێت، پشی پشی بۆ مەلاكان پاشەكشە بەئازادی دەكات.
هەرچی بزووتنەوەی گۆڕانیشە، بووە پردێك تا ئیسلامییەكان بەسەریدا بۆ هەندێ قۆناغی دیكەی خەباتیان بپەڕنەوە، كە ئەگەر گۆڕان نەبووایە، ئیسلامییەكان وا بەئاسانی دەستیان بۆ ئازادی كەسانی دی درێژ نەدەكرد.
ئەم هەواڵە بۆ من خەفەتبارتر بوو، چونكە ئەم جۆرە كارانە ئامانجێكی هەیە لەكۆتاییدا، ئەویش یەكڕەنگكردنی كۆمەڵگایە و سەندنەوەی ئازادی هەڵبژاردنی شێوازی ژیانە، وەك ئەوەی ئێستا لەتاران هەیە، كە تا نەیبینی ئازاری ئەم جۆرە سیستەمانە هەست پێناكەی.
 

 
Copyright 2009 - 2010 All rights reserved to Civilmag.com