مەشرووب و مەساج نیشانی دەدا كورد تەنها ئەكتەرێكی گوێڕایەڵی سەر شانۆی سیاسییە، یان؟!!  

 

 

سڤیل: محەمەد گۆران

لەساڵی 1994 ئەوكاتەی یەكگرتووی ئیسلامی وەك خۆیان دەڵێن "خۆی راگەیاند"، یەكێتی نیشتمانی شەڕێكی زۆر قورسی لەگەڵ بزووتنەوەی ئیسلامی بەكۆتا هێنابوو، لەدوای ئەوەش شەڕی دیكەش لەنێوان یەكێتی-بزووتنەوە رویداوە و پاشتریش یەكێتی لەگەڵ ئەو حزب و دەستە و تاقمانەی لەبزووتنەوە جیابوونەوە، هەمیشە لەناكۆكی دابوو، بەڵام لەبەرامبەر ئەوەدا لەكوشتنی (فەرەنسۆ هەریری) ئەندامی سەركردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان، كە دواتر بزووتنەوەی پێ تۆمەتباركرا، چاوەڕوانی شەڕێكی زۆر قورس لەنێوان ئەو دووپارتە دەكرا، بەڵام نە ئەوكات و نە دواتریش ئەوان هەر بەشەڕ نەهاتن!.
بەپێچەوانەوە لەدوای "خۆ ئیعلانكردنی یەكگرتوو"، پارتی بەئاشكرا و بەنهێنی خۆشی لەو پارتە ئیسلامییە كوردییە نەهاتووە و سەرەتای ململانێی ئاشكرای نێوانیشیان دوای ئەوە هات، كە یەكگرتوو لەكۆتاییەكانی ساڵی 2000 لەهەڵبژاردنی قوتابیان لەناوچەی بادینان رێژەیەكی ئاوای لەدەنگەكان بەدەستهێنا، كە تەنانەت خودی سەرۆكی پارتی لەسەردانێكی كتوپڕی بۆ بادینان و كۆبوونەوەی لەگەڵ بەرپرسەكانی پارتەكەی، نەیشاردەوە كە تووشی شۆك بووە.
جا پرسیارەكە لێرەیە، یەكێتی نیشتمانی (بەداوای لێبوردنەوە) ئەگەر سەیری مێژووەكەی بكەیت، حزب نییە لەگۆڕەپانەكەی ئەوان شەڕیان پێی نەفرۆشتبێت، ئەی خێرە تائێستا تەنانەت نقورچەیەكیشی لەیەكگرتوو نەداوە!؟ ئەی پارتی! باشە خێرە پارتی لەگەڵ ریشدرێژ و شەرواڵ كورتەكانی بزووتنەوە و لایەنەكانی دیكەی ئیسلامی هەڵدەكات، بەڵام لەگەڵ ئەو گەنجە رۆشنبیر و شەرمنانەی یەكگرتوو ناسازێ؟!
لەدوای سوتاندنی بنكە و بارەگایەكانی یەكگرتووی بادینان لەساڵی 2005 لەلایەن پارتییەوە، بەچەند هەفتەیەك لەمەوبەر، لەو هەموو پارە زۆرەی كوردستان، لەسەر 5 ملیۆن دۆلاری مانگی سووری ئیماراتی، دیسانەوە یەگكرتوو و پارتی، شەڕێكی راگەیاندنی بێزراویان دەستپێكرد لەسەر ئەوەی بۆچی پارەكە لەرابیتەی ئیسلامی وەرگیراوەتەوە و دراوە بەدەزگای بارزانی؟!
من لەو باوەڕەدام جگە لەئێمەی كورد، هەموو دنیا بگەڕێیت، میللەتێك نادۆزیتەوە خۆی پارەی هەبێت و رازیش بێت بەوەی بێگانە خێر بەهەتیوەكانی بكات! بۆیە لەجیاتی ئەو شەڕەی نێوانیان، دەبوو زۆر پێش ئێستا، بۆ گەڕاندنەوەی هەیبەتی تاكی كوردی (پارتی دیموكراتی كوردستان) وەك لایەنێكی سەرەكی دەسەڵات، یەكگرتووی ناچار كردبا چیدی لەرێگای ئەوانەوە خەڵكێك خێر بەهەتیوانی كوردستان نەكات، كە وەك زۆر لەچاودێر و ئابووریناسان دەڵێن، بودجەی ئەو هەرێمە لەزیاتر لە 70 وڵاتی ئەو دنیایە، زۆرترە!.
دەشكرێت هەموو ئەو شەڕ و هاوكێشە ناتەبایانەی، لە 20 ساڵی رابردوو لەو هەرێمە لەنێوان لایەنە سیاسییەكان روویانداوە، لەكەم ئەزموونی و كورتبینی خۆمان مەسەلەكان ئاوا كەوتبنەوە و ئێمە بەسیناریۆی ئامادەكراو و پێشوەختەی تێبگەین! بەڵام راستییەكەی، ئەگەر ئەوجارە، لەسەر قسەی مەلایەك و بەسوتاندنی چەند دوكانێكی مەشرووب و مەساجخانەیەك، مەسەلەكە گەورەتربێت و بپەڕێتەوە بۆ ناوچەكانی سۆران، ئەوە باشترین بەڵگەیە لەسەر ئەوەی كورد تاوەكو ئێستاش، تەنها ئەكتەرێكی كۆمیدی گوێڕایەڵی سەر گۆڕەپانی شانۆی سیاسییە و نەوەك دەستی نییە لەسیناریۆكانی ناوچەكە، بەڵكو لەدانانی حیوار و دەستنیشانكردنی خۆشی بۆ رۆڵبینن، تەنانەت پرسیشی پێناكرێت؟
 

 
Copyright 2009 - 2010 All rights reserved to Civilmag.com