|
سڤیل:
مقداد شاسواری
رووداوی بادینان تەنها سووكە تەزوویەكی بە
گیانماندا هێنا و لەقوڵایی بیركردنەوەماندا
راینەچڵەكاندین، چونكە ئەگەر وابوایە
زانستیانەتر و لێزانانەتر شۆڕ دەبووینەوە نێو
ناخی رووداوەكە و ئەو حەمكە چاودێرە سیاسیە و
شیكار و شرۆڤەكارانەمان، كە هەندێك
لەشاشەكانیان داگیركردووە، مەرامی پشتەوەی
رووداوەكەیان دەخوێندەوە و لەمەبەستە
سەرەكییەكە دەگەیشتن و قەتیسیان نەدەكرد
لەململانێی نێوان دوو لایەنی سیاسی و
ئیسلامیدا. ئێمە لەبۆچوون و
بیركردنەوەكانماندا هێندەی گەورەیی رووداوەكان
گەورە نین، لەكۆی جەستەی رووداوەكاندا تەنها
پێستی سەرەوە دەبینین و توانای یان ویستی
قوڵبوونەوەمان بۆ ناو هەناوی رووداوەكان نیە.
ئەوەی دەرفەتی هەبێ -كە ماشەڵلا لەبێكاریدا
هەموومان هەمانە- و لەماوەی نیو مانگی
رابردوودا، چاوی بڕیبێتە شاشەكان، رووداوەكەی
بادینانی وا دێتە بەرچاو، كە لەوێ - بە
هۆكارگەلێكی نەزاندراو- دوو كەس بۆتە شەڕیان و
ئێمە بەهێزی ئەقڵ و زمانی لۆژیك و توانای
شەنوكەوكردنمانەوە دەگەڕێین بەدوای ئەو
هۆكارانەی وایكردووە ئەو دوو كەسە ببێتە
شەڕیان! جا من مەیلم بەلای كامیانەوە بێ هەقی
دەكەم و مەیلم لەدژی كامیان بێ ناهەقی دەكەم.
خۆ ئەگەر باشیشیان نەناسم سەیریان دەكەم
كامیان بە بەرچاومەوە شیرینتر بوو سەری دەخەم
و ئەوەیتر با بكەوێتە ژێرەوە، یان پێشتر
غەرەزێكم لە كامیان هەبووە ئەو دەكووتمەوە و
تەسفیەی كۆنە حساباتی خۆمی لەگەڵ دەكەم،
تەنانەت ئەگەر بزانم هەقیشە. یان لەرووی
سایكۆلۆژی و هەندێجاریش خۆنوێنوی و
ئۆینبازییەوە حەزم لە لێدانی كێ بێ، ئەوا
بەپێی پەتی، قوڕێك دەشێلم و كوڕ ئەوەیە ئەمڕۆ
خۆی دەربخات، سبەی چی روودەدات كێ ئەمڕۆی
لەبیر دەمێنێ؟
زۆربەی شرۆڤەكارەكان كە زۆر بە پەلە یەكێكیان
خستە خانەی مەزڵووم و ئەوی دیكەیان خستە خانەی
ستەمكار، هیچ بایەخ بەوە نادەن سبەی لەوانەیە
راستییەكان -كە بە پێوەری ئەمڕۆ دەپێورێن-
ئاوەژوو ببنەوە و ئەو "دووكەڵە چڕانەی
هەڵكشاون تا بچنە ئاسمان و سكاڵای
ستەملێكراویی پەپوولە بێگوناهەكان بكەن" سبەی
دێنەوە سەر زەویی دادەمركێن و شتگەلی دیكەیان
لەژێر دەردەچێ. ئێمەی رووكەشبین ئاگاداری ئەوە
نین، كۆمەڵگەی ئێمە لە رووی جۆرێك لە
توندڕەویی بە بەردەوامی بارگاوی دەكرێ و
ناشبینین لەبری زۆرێك لەو مەلا كادیرانەی
چاودێرییەكی یاساییان لەسەرە، بەڵام دەیان
بانگخواز شەو و رۆژ لەو شاشانەی هیچ
پابەندبوونێكی یاساییان لەسەر نیە، بێ هیچ
سانسۆرێك خەریكی بڵاوكردنەوەی
فەرمایشەكانیانن. ئێ خۆ ئەگەر نە هەمووانیش،
بەڵام بەشێكی زۆر لە میللەتی ئێمەیش بەپێی
روانگە ئایینیەكەی خۆی لەماوەی كەمتر لە
شەحنكردنی مۆبایلێك بەو فەرمایشانە كاریگەر و
بارگاوی دەبێ و ئامادە دەبێ بۆ هەر پڕوسكەیەك
بیتەقێنێتەوە. چونكە ئەگەر دنەدانێكی
راستەوخۆیش لە ئارادا نەبێ، بەڵام
بارگاویكردنێكی بەردەوام بۆ تەقینەوەی
مەرامدار لە ئارادایە.
لە زۆربەی شرۆڤەكانیشدا بە ئانقەست خاڵی
دەستپێك و دیوی یەكەمی رووداوەكە لەبیر دەكرێ
و شین و رۆرۆ بۆ دیوی دووهەمی دەكرێ. كەسمان
ئاوها نادوێین كە بیر دەكەینەوە، چونكە
بیركردنەوەی هەندێ لە شرۆڤەكاران دیارە و
ئاخاوتنەكانیشیان دەبیسترێ، بەڵام یەكانگیر
نین. خۆمانین و یەكدی دەناسین، قەیرانی ئێمە
لە راستگۆییمانە، نە لە سیاسەتكردن. ئەگەر
هەموومان ئەوە بڵێین، كە دەبێ بیڵێین، هەموو
شتێك یەكلایی دەبێتەوە. سەركردەی حزبێكی
ئیسلامی چەند ساڵێك بەر لەئێستا لە دیمانەیدا
لەگەڵ "ئەلجەزیرە"ی عەرەبیدا گووتی گرنگ نیە
لەرووی پۆشاك چی لەبەر دەكەین، گرنگ ئەوەیە
چۆن بیر دەكەینەوە". بەڵێ. زۆر گرنگە بۆ
هەمووان، ئاوها بن كە بیر دەكەنەوە.
|