تەبایی لە هەموو شتێك گرنگتر  

 

 

سڤیل: بێستون نوری

لەشەقامی فەڵەستین لەتاران وەستابووم، چاوەڕێی پاسم دەكرد، پیاوێكی پیر، ریشێكی سپی وەك بەفری هەبوو، پرسیاری شوێنێكی كرد، منیش بە كوردی گوتم نازانم، كە زانی كوردم یەكسەر بە كوردی لێی پرسیم، خەڵكی كوێی، گوتم هەولێر. ئەو خەڵكی بانە بوو، وەك خۆی دەیگوت "20 ساڵە لەو تارانە گیرم خواردووە"، ئەو پیاوە وای دەزانی كاربەدەستێكی هەرێمی كوردستانی بینیوە، هێندە بە پەرۆشەوە قسەی دەكرد، دەیگوت ئێمە كوردستانی عێراق بە چیایەكی پشتیوانی خۆمان دەزانین، تكایە تەبابن، ئەو ناكۆكی و رق و كینەیە فڕێدەن، دەبێ بزانن كە ئەو ناكۆكیانە دڵمان دێشێنی، خەباتی ئێوە بە سەمەر گەیشتووە، ئێمە هەموومان چاومان لە ئێوەیە، نابێ بێهیوامان بكەن.
راستیەكەی من ئەو هەستەم لای كوردانی باكوریش درك كردووە، تەنانەت ئەوان بە باشوری كوردستان دەڵێن كوردستانی فیدراڵ، كوردانی باكور سەرەڕای گلەییان لەو ململانێ و ناكۆكییە ناوخۆییانە، گلەییان لە خەڵكی ئێرەش هەبوو، كە كەم گرنگی بە هونەر و كەلتوری رەسەنی كوردی دەدەن و كەمتر پەروەردەیەكی كوردانە بە منداڵەكانیان دەدەن.
ئەو خواست و هەستەی كوردان لەخۆیەوە نەهاتووە، مێژووی كورد پڕە لەو ناكۆكی و بەربەرەكانێ و خیانەت و پشتبەستن بە دوژمن و خۆ بەكەمزانین و خۆخۆری، هەر ئەمانەش فاكتەری كاریگەر بوونە لەوەی كورد بە ئامانجەكانی نەگات و مێژوویەكی پڕ لەشكست تۆمار بكات.
كورد لەباشوری كوردستان زیاتر پەرۆشی تەبایین، ئەوان هێندە لەمێژ نییە لە قۆناغی شەڕی نێوخۆیی رزگاربوونەو ماران گەستەی شەڕن، بۆیە ناكۆكی و گرژییەكان خەڵك دەترسێنێ و رۆژانی ناخۆشیان بیر دەخاتەوە.
ئێستا كە عێراق لەلێواری شەڕێكی ناوخۆیی دایە، كورد و هێزە سیاسییەكانی كوردستان لە هەموو كات زیاتر پێویستیان بە یەكگرتوویی هەڵوێست و گوتار هەیەو پێویستە ناكۆكی و ململانێیە ناوخۆییەكان وەلاوە نێن و كار بۆ پاراستنی دەسكەوتەكان و بەدیهێنانی زیاتری دەسكەوت بۆ كوردستان بدەن، چونكە كاتێك بەغدا بەهێزبوو، ئاسۆی چارەسەری كێشەكانی كوردیش دوورتر دەكەوێتەوە، لەمێژووی 50 ساڵ خەباتی چەكداری كوردستاندا، هەمیشە وابووە بەغدا بەهێزبووبێت دژی كورد شەڕی كردووە، لاواز بووبێت داوای وتوێژی كردووە، ئێستا كە بەغدا لەو پەڕی حاڵی خراپی دایە، پێویستە كورد بە یەكگرتوویی خۆی بۆ هەموو ئەگەرەكان ئامادە بكات، با ئەو فرسەتەش وەك زۆر فورسەتەكانی تر لەدەست نەچێت.
 

 
Copyright 2009 - 2010 All rights reserved to Civilmag.com