|
سڤیل:
مقداد شاسواری
ئێمە بەدیوێكدا زۆر جوانین. ئاوەدانی
دەكەینەوە. دەچێنین. دەڕوێنین. گەشین.
پێدەكەنین. سەماو هەڵپەڕكێ دەكەین. شیعر
دەڵێین. گۆرانی دەچڕین. لە كاتی شەڕ و
ململانێیاندا ناوبژیوانی غەیرە خۆمان دەكەین و
ئاشتیان دەكەینەوە. بەرنامە بۆ داهاتوومان
دادەڕێژین. بەدەم شەكاندنەوەی ئاڵاكەماندا
سروودی نەتەوەیی دەڵێینەوە. خەڵكی دنیا
بانگهێشت دەكەین تا بمانبینن ئێمە لە چییەوە
خەریكە دەبین بە چی...
هێندەی خەڵكی غەیرە خۆمان، خۆمان و وڵاتەكەمان
بەو جوانییە دەبینن ئێمە ئاوها جوانی نابینین.
هێندەی خەڵكی غەیرە خۆمان بە باشە باسمان
دەكەن، خۆمان بەو باشییە لەبارەی خۆمان
نادوێین. بە دیوەكەی دیكەدا، رۆژنامە و گۆڤار
و كتێب و رادیۆ و شاشەكانی تەلەفزیۆنەكانمان
بە بەردەوامی و بێ بڕانەوە قۆڵیان لێ
هەڵماڵیوە و خەریكی ناشیرینكردنی خۆمانن.
دەگەڕێین لە نێو هەموو رۆژنامە و گۆڤارەكانی
دنیا بزانین كێ بابەتێكی خراپی لە دژی ئێمە
نووسیوە خێرا وەریدەگێڕین و بڵاوی دەكەینەوە.
دەگەڕێین لەم سووچ و لەو سووچی دنیای دوور و
نزیكمان بزانین كێ دڵی لێمان پڕە و غەرەزی
كۆنی لەگەڵمان هەیە دەیدۆزینەوە و پەلی دەگرین
و داخی دڵی لە دژی خۆماندا پێ هەڵدەڕێژین و
پاداشتیشی دەدەینێ. دەگەڕێین و سەر بە نێو
هەموو كونێكدا دەكەین بزانین كێ حەزی لێیە
بەسەرماندا بڕشێتەوە و تازە قین و كۆنەقینی
خۆیمان بەسەردا بڕێژێ بانگهێشی دەكەین و
ختووكەی دەدەین تا بە دڵی خۆی بوختانمان پێ
بكات و جوێنمان پێبدات و خراپەمان پێ بڵێ.
دەگەڕێین و دەسووڕێین بزانین شۆڤینییەك،
دەمارگرژێك، دژە كوردێك، ناحەزێك لەكوێ
دەستمان دەكەوێ دەمی لە خۆمان بكەینەوە. لە
نزیك، لە دوور، لەمسەر، لەوسەری دنیا بزانین
كێ خەستتر و بێ شەرمانەتر شتێكی لەبارەی
گەندەڵیمانەوە پێیە لێی دەكڕین و زوو زوو لە
هەموو ئەو شوێن و كەناڵانەی لە بەردەستمانە
پەخش و بڵاوی دەكەینەوە. ئەگەر كەسی غەیرە
خۆمان دەست نەكەوت دەگەڕێین بزانین كێی خۆمان
دڵی هەندێ بریندارە، غەدرێكی لێ كراوە، مافێكی
خوراوە، پشتگوێ خراوە، لە بیركراوە،
تێهەڵدراوە، زیز بووە.. پشتی ملی دەگرین و
دەڵێین وەرە، هەرچی دڵی تەنگت دەیەوێ بیڵێ،
ئێمە مینبەری رەخنەین! رەخنەی بێ سنوور. گرنگ
ئەوەیە هەتا پێت دەكرێ بیكووتەوە. بیشێلە،
سەراوبنی بكە، بیشۆوە. ناشیرینی بكە. ئێمە
قسەت پێ نابڕین. هیچ سانسۆرێكیشمان نییە، هیچ
سنوورێكیشمان بۆ رەخنە نیە! وەستایانە هەموو
شتێك پێك دابدە. بیڕووخێنە. بیسووتێنە.
هەلاوگێڕی بكە. رەشی بكە. سفری بكە. وێرانی
بكە. دڵنیابە دنیاش گوێی لێت دەبێ. تا دەتوانی
ئەم وڵاتە بدە بەر قامچی رەخنەكانت. گوێ بە
ئاسایشی نەتەوەیی و نیشتیمانی مەدە. مادام
بۆمن و تۆ نییە تێكیدەدەین. دەگەڕێین.
دەسووڕێین. ئەوانە دەبینینەوە كە بە پێخاوسی
بەناو دەكەون و كۆنە كا بە با دەدەن. برینەكان
دەكوڵێننەوە. زامەكان هەڵدەدەنەوە.
تێكمانبەردەدەنەوە.
هەر دەگەڕێین و ماندوو نابین. كێش بێزار دەبێ
كەیفی خۆیەتی. ئاوهایە. ئێمە دەبێ ئازاد بین
لە رەخنە گرتن!
ئەوروپاییەكان یەكیانگرت و یەكێتی ئەوروپایان
پێكهێنا. ئەفریقییەكان یەكیانگرت و یەكێتی
ئەفریقایان پێكهێنا. ئەوە عەرەبەكانیش وا
خەریكە دەبن بە یەك كیان و یەكێتی عەرەبی
پێكدێنن، تازە بە تازە ئێمە بەربووینەتە وێزەی
خۆمان و خەریكین ئەم نیمچە هەرێمە لەتلەت
دەكەین.
شاشەكانتان بێزاریان كردین. رۆژنامە و
گۆڤارەكانتان تووشی هەناسەبڕكێیان كردین.
رادیۆكانتان دڵەكوتێمان پێ دەگرن. ئەرێ بە
راست لە وڵاتی ئێمە چی روودەدا. كێ هێورمان
دەكاتەوە؟ كێ دەستمان لە بینە قاقای خۆمان خاو
دەكاتەوە؟
|