قەیرانەكانی هەرێم  

 

 

سڤیل: ئازاد مەحمود

دوای دەرچوونی ئەنجامەكانی لیژنەی لێكۆڵینەوە لەبارەی رووداوەكانی بادینان و ئازادبوونی گیراوەكانی یەكگرتووی ئیسلامی، پێدەچێت زەمینەی لێكتێگەیشتن لەنێوان پارتی و یەكگرتووی ئیسلامی رەخسابێت، وەك ئەندامێكی مەكتەبی سیاسی یەكگرتوو رایگەیاند ئێستا بەربەستەكانی بەردەم دانیشتن كەمبوونەتەوە. ئەوەش هەنگاوێكی باشە، دەكرێ سەرەتای ساڵی 2012ی پێ بكرێتە ئاماژەی هاتنی ساڵێكی خێر.
مەنتقی سیاسی هەمیشە ئەوە دەخوازێ، كە پێشهات و دەركەوتە تازەكانی سەردەم بخوێندرێتەوەو لەو سۆنگەیەوە بەرنامەی كار و ستراتیژییەتی كار دابڕێژی و لە پراكتیكردنیاندا رەچاوی چەمك و تێگەیشتنی باو بكرێت، بۆئەوەی سیاسەت هاوشانی پێشكەوتنەكانی دنیا خۆی ریفریش بكات و بتوانێت لە گۆڕانكارییەكاندا رۆڵی ئیجابی ببینێت. كێشەی كورد و سیاسییەكانی كورد ئەوەیە زۆربەی كات بە مەنتقی كۆن مامەڵە لەگەڵ رووداوەكان دەكەن، بۆیە لە بچوكترین رووداودا دەكرێ قەیرانی گەورە دروست بێت و لایەنەكانی نێو قەیرانەكەش چەندین تۆمەت بۆ یەكتر هەڵبەستن و تەنانەت دەرگای گفتوگۆش بە رووی یەكتردا دابخەن، كە گفتوگۆ تا ئێستاشی لەگەڵ دابێت باشترین میكانیزمی تاقیكراوەیە بۆ چارەسەركردنی كێشەكان. ئەو جۆرە روانینە بۆ كێشەكان و رووداوەكان و دیاردەكان وادەكات پرۆسەكان بە تەندروستی نەچنە پێش، هەمیشە گومان و دڕدۆنگی لە بەرامبەر یەكتر لە نێوان هێز و دامەزراوە سیاسییەكان دروست بێت.
ئەو ماوەیە چەند هەنگاوێكمان بینی، كە ئاماژەی دڵخۆشكەرن لەبواری سیاسەت و حوكمڕانیدا، ئەویش هەردوو پەیوەندییەكەی سەرۆك كۆمار و سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان بەناوی بارزانی لەگەڵ نەوشیروان مستەفای سەرۆكی بزووتنەوەی گۆڕان، وەك راگەیەنرا ئەو پەیوەندیانە بۆ وەرگرتنی سەرنجی نەوشیروان مستەفا بووە، بۆ ئەو قەیرانانەی لە عێراق و كوردستانیش هاتوونەتە ئاراوە، ئەمانە هەنگاوی راست و دروستی سیاسیانەن، بۆ وەرگرتنی سەرنجی هێزەكانی دیكەی كوردستان، چونكە دواجار هەمووان بەرپرسن لەهەر پێشهاتێك كە پەیوەندی بە چارەنوسی كوردستانەوە هەیە و هەر دۆخێك بێتە پێشەوە، كە ئایندەی ئەو هەرێمە بكەوێتە مەترسیەوە، هەمووان دەكەونە بەر مەترسی و بۆ هەنگاوی باشتری لەمەودواش دیسانەوە هەمووان پەرۆشن و بەرپرسیاریەتیان دەكەوێتە سەر.
ساڵی 2011 ساڵێكی پڕ كێشە بوو بە نیسبەت كوردستانەوە، سەرەتاكانی ساڵ رووداوەكانی 17ی شوباتی لێ دروستبوو، كە قەیرانێكی سیاسی گەورەی لە كوردستان دروست كرد، هێشتا نەتوانرابوو شوێنەواری ئەو قەیرانە سیاسییە نەهێڵرێ، لەكۆتایی ساڵدا رووداوەكانی بادینان قەیرانێكی تریان دروستكردەوە، كە تا ئێستاش بەردەوامە، ئەوە جگە لەو قەیرانانەی عێراق كە بە جۆرێك لە جۆرەكان كاریگەری راستەوخۆیان لەسەر هەرێم هەبووە، هەرێمی كوردستان كە هێشتا پایەكانی خۆراگرتنی لەنێو ئەو هەموو باهۆزی گۆڕانكارییانەدا زۆر تۆكمە نییە، بەرگەی ئەو هەموو قەیرانانە ناگرێت، بۆیە بەرپرسیارێتی هەمووانە باشتر بە ئەركی خۆیان هەڵسن و ئەم قۆناغە بەرەو قۆناغێكی باشتر و پڕ خێرتر بگوازنەوە.
هیوادارین ئەمە لە ساڵی 2012دا ببینین.
 

 

 
Copyright 2009 - 2010 All rights reserved to Civilmag.com