پڕوپاگەندە لە دژی هونەرمەندان مردنی عادل ئیمام و لالۆ رەنجدەر  

 

 

سڤیل: وشیار ئەسوەد

كەسانی ئاسایی ناو كۆمەڵگە پڕوپاگەندەیان بۆ ناكرێ، نە دەستبردنی كۆمەڵایەتی و نە مردن، مەگەر زۆر بەدەگمەن. ئەوەی تیری ئەو پڕوپاگەندانەی بەردەكەوێ ناودارەكانن، ئەوجا ناوداری هەر بوارێك، لەناویاندا زۆرترین پڕوپاگەندە بەر هونەرمەندان دەكەوێ.
بۆیە هەموو كاتێك بە سەرسامییەوە باس لەئافرەتانی كورد دەكەم، كە لەبوارەكانی هونەردا كار دەكەن، چونكە ئەوان دەكەونە بەر زۆرترین توانج و دەستبردن بۆ كەسایەتییان لەكۆمەڵگەیەكی تا ڕادەیەك داخراوی وەك ئێمەدا، كەواتە مانەوەی ئەو خاتوونانەی سەرەتاتكێ لەگەڵ هونەرەكەیاندا دەكەن، بەلایەنی كەمەوە بۆ ئەم قۆناغەی ئێستە ئەوپەڕی بوێرییە. هەندێكیان پاش ماوەیەك خۆنواندن تیرەكان تووشی شكستیان كردوون و ون بوون، هەندێكیش پشت لەتیر و سینگ لە شیر كاری خۆیان بەوریایی دەكەن، هاوكات لەگەڵ پڕوپاگەندە ئازاربەخشەكانیشدا بێ كێشە نابن، هەر بەردەوامیشن.
ئەوەندەی سوودمان لەتەكنۆلۆجیای نوێ بینیوە، هەست نەكردن بە بەرپرسیاریەتی و بەكارهێنانی تەكنۆلۆجیا بەدیوە نەرێنییەكەی لایەنێكی تری گەیاندنی ئازارە بە زۆر لەهونەرمەندان، بۆ نموونە "فۆتۆشۆپ"، ئەم فۆتۆشۆپە ماڵوێرانە زۆری ماڵوێران كردووە، هاوكات لەهونەرمەندانیش نە پارێزراوە و زۆر لەخاتوونەكانمانی بریندار و نیگەران كردووە، تەكنۆلۆجیا هەندێك كەڕەت ئەوەندە ڕەزاقورس و بەدفەساڵە، هەر نازانی لەكوێوە ئافاتەكەیت بەردەكەوێ و وەك مار پێتەوە دەدا، چونكە زۆر ئاسان سەروگوێلاكی خاتوونە هونەرمەندێكت بۆ دەخاتە سەر جەستەیەكی ڕووت كە هی خۆی نییە، زۆریشن ئەو بیركۆلانەی لەڕێگەی مۆبایلەكانیانەوە بە"بلوتووز"ە تڕحێوەكە بڵاویدەكەنەوە، لەم ماوەیەی دواییدا چەند خاتوونە هونەمەندێك كەوتنە بەر هێرشی ئەو هەڵسوكەوتە مەلعوونەی تەكنۆلۆجیا، لەكاتێكدا كەسایەتیی زۆر بەڕێزی ناو بوارە هونەرییەكەی خۆیان و تەواوی كۆمەڵگەشن.
پڕوپاگەندەی مردنی هونەرمەندانیش دیوێكی تری دیاردەكەیە، ماوەیەكی كەم بەر لەئێستە "عادل ئیمام"ـی گەورە هونەرمەندی كۆمیدیای میسریی داماویان مراند، بۆ ئەوەی لەكەداریشی بكەن، هەندێك دەیانگوت لەخەمی حوسنی موبارەك جەڵتەی لێ داوە، راستیتان دەوێ تا ئەو كاتەی "ئیمام" خۆی هاتە سەر خەت و پڕوپاگەندەكەی بەپاش دا، من یەك دنیا خەمم لێ هەڵگرت، ئەدی ئەوەندەی ئاگەدار بم ئەو ئێستە خەریكی شانۆگەرییەكە لەسەر "بەهاری عەرەبی" خوا مردن دەگرێ ئەگەر بەر لەو شانۆگەرییە "عادل ئیمام" بباتەوە. خەمی زۆرترم لەمردنی "مونا شەلەبی"ش هەڵگرت، ئاخر "مونا" جگە لەوەی لەئەكتەرە بەتوانا و جوانەكانی میسرە، هاوكات بەبوێرترین هونەرمەندی ئەو وڵاتە لەناو گەنجەكانیاندا هەژمار دەكرێ، بۆیە بۆ دۆخی سینەمای میسری مردنی "مونا شەلەبی" زیان و خەمێكی گەورەیە.
دواترین پڕوپاگەندەش مردنی هونەرمەندی گەورەمان "لالۆ ڕەنجدەر"ی سروودبێژ بوو كە ئەوەندەی نەمابوو سەری من و هونەرمەند "مەحموود گلی"ش بخوات، ئاخر بۆ ئێمەمانان مردنی "لالۆ" نابێتە رووداوێكی ئاسایی، رەنگە لەدیوێكدا هۆیەكەی پەروەردە پڕ سۆزەكەمان بێ، بەدیوەكەی تریشدا ئێمە نزیكتر ئاگامان لێیە كە ئەو هونەرمەندە جارێ زۆری ماوە بیكات، واتە بەمردنی دنیایەك خولیا و ئاوات لەگەڵ خۆیدا دەبات كە بۆ ئێمە و هونەرەكەمان مایەی كەسەری گەورەیە. دەی ئەوە ئەمجارەش نەمرد، خوا دەزانێ بۆ داهاتوویەكی دوورتر تەنیا خۆی دەڕوا یاخۆ ئێمەش لەگەڵ خۆیدا دەبات، بەڵام ئەمجارەیان بەڕاست نەك پڕوپاگەندە و ئێمەشی تێدا بكاتە "پۆخڵە شەهید".
 

 
Copyright 2009 - 2010 All rights reserved to Civilmag.com