لە شەرناخەوە بۆ یەمەن... ئەو كاتەی بارزانی لە سەرۆكەكانی تورك میهرەبانتر دەبێت  

 

 

سڤیل: فەیسەڵ خەلیل

"لە هەوادا هیچ هەورێك نییە، ئەی ئەو موژ و دومانە چیە؟ لەگەڕەكدا هیچ مردووێك نییە، ئەی ئەو شین و فیغانە چییە؟ ئەو ناوچانەی یەمەن چەند سەختە؟ ئەوە چیە ئەوەی دەڕوا ناگەڕێتەوە؟". ئەو چەند دێرە بەشێكە لەگۆرانی شیوەنی یەمەن، كە گۆرانییەكی میللی توركییە، كە لەلایەن دەیان گۆرانبێژی گەورەی توركی گوتراوەتەوە، گۆرانیەكە لاواندنەوەیە بۆ چەند سەربازێكی تورك، كە لەجەنگی یەكەمی جیهاندا كوژران، ئێستاش ئەو گۆرانیە لەلایەن زۆربەی توركەكانەوە گۆرانیەكی خۆشەویستە، كاتێك سەرۆك بارزانی 8 مانگێك لەمەوبەر لەهەولێر چاوی بە ئەردۆگان كەوت، بەپێی چەند سەرچاوەیەكی هەواڵ لەدانیشتنێكی ئاسایی باسی گۆرانی كرا، بارزانی ئەوەی بۆ توركەكان كردە موفاجەئە كاتێك گوتی حەزی لە گۆرانی یەمەنە، چەند كەسێكیش لەو دانیشتنە ئاساییە گۆرانی یەمەنیان بۆ بارزانی و ئەردۆگان چڕی، نێچیرڤان بارزانی و وەزیرێكی یاوەری ئەردۆگتنیش بەشداریان لەوتنەوەی گۆرانیەكەدا كرد، دیارە گۆرانیییەكە سۆزێكی ئینسانیانەی زۆر بەهێزی تێدایە، بۆیە دوور لەنەتەوەپەرستی ئاساییە بە دڵی بارزانی بێت، جێگای خۆشحاڵییە كە سەرۆكێك هەست بە ئازارەكانی نەتەوەی دراوسێی بكات، بەدڵنیایشیەوە بارزانی دەزانێت ناوەڕۆكی گۆرانییەكە چییە، بەتایبەتی كە دەزانرێت ئەو گۆرانییە لەلایەن شڤان پەروەریش گوتراوەتەوە.
بارزانی میهرەبانترە كە گوێ بۆ خەمی توركەكان دەگرێت، بەڵام كاتێك هاونەتەوەكانی بارزانی لەشەرناخەوە دەكەونە بەر ئاگری توركەكانەوە، سەرانی تورك ئامادە نین، بە وشەیەك داوای لێبوردن بۆ كەسوكاری ئەو مێر منداڵانە بكەن، كە لەژێر ستەمی ژیانی سەرسنوور و فرۆكەكانی توركیا ژیانیان لەدەست دا، كەچی تورك ئێستاش گۆرانی بۆ سەربازەكانی یەمەن دەچڕن، بۆ دەبێت وا بێت؟ خوێنی توركەكان لەخوێنی كوردان گرانبەهاترە؟ دیارە ئەوان ئێستاش هەر ئەو لافە لێدەدەن كە خاوەن زمانی خۆرن، ئەی ئەو هەموو تیۆرە نوێیە چی بوو كە سەرانی دادوگەشەپێدان بۆ گۆڕینی سیاسەتی توركیا تەرحیان دەكرد؟ كەواتە ئەوان نەگۆڕاون، كاتێك ئامادە نەبن، بە دایكێكی جگەرسوتاو بڵێن داوای لێبوردن دەكەین، مانای ئەوەیە ئێستاش خۆیان بەزلتر دەزانن، نازانن كە بیرۆكەی "شعب الله المختار" لەهیچ شوێنێك باوی نەماوە، ئەوەی بەو مەبدەئەش كار بكات، گڵۆڵەی دەكەوێتە لێژی و لەدونیای دیموكراسی دوور دەكەوێتەوە.
راستە زۆرجار سیاسەت بە لوژێكێك كار دەكات، كە بەسەر هەموو سۆز و عاتیفەیەك باز دەدات، بەڵام زۆرجاریش دیمەنی جگەرسوتێن دەبێتە هۆی كلپەكردنی سۆزی خەڵك، بەشێوەیەك دەیان هاوكێشەی سیاسی لاسەنگ دەكات و ئاراستەی رووداوەكان پێچەوانە دەكاتەوە، چاكمان لەبیرە لەساڵی 2000 كاتێك محەمەد الدرە كە منداڵێكی فەلەستینی بوو، لەگەڵ باوكی دەچوو ئۆتۆمبێل بكڕن، كەچی كەوتنە گەمارۆی هێزەكانی ئیسرائیل، لەپەنا بەرمیلێكەوە گیر بوون، بەبەرچاوی كامیرەكانی دونیا محەمەد و باوكی دەگریان، هێزێك نەبوو نەجاتیان بدات، دواتر وەك ئەوەی فیلمێك ببینین هەموومان شاهێدی دواساتەكانی ژیانی محەمەد بووین، كە چۆن دواجار سەری كەوتە كۆشی باوكی و جوانەمەرگ بوو، ئەو دیمەنانەی محەمەد بووە هۆی گرژییەك كە لەمێژووی عەرەبدا بە ئینتفازەی دووەمی ئەقسا ناسراوە، كوشتنی محەمەد رووداوەكانی گەیاندە ئاستێك كە دواجار جگە لەراپەڕینی فەڵەستینیەكان، كێشە گەیشتە نێوان لۆبی جولەكە و ئاژانسی فرانس پرێس كە وێنەكانیان بڵاوكردبووە، هەر بۆ بیر هێنانەوە هەر پارساڵ بوو خۆسوتاندنی گەنجێكی تونسی مێژوویەكی دروست كرد بەناوی بەهاری عەرەبی، ئەگەر تورك هەموو ئەوانە لەبەر چاو بگرن، وەها لەكورد ناكەن، دەبێت لەمەودا حیسابی جددی بۆ هەر گوللەیەك بكەن، كە لەكوردەكان دەگرن، نەوەك بەو شێوەیە بێت كە گەنجان بكوژن و بشڵێن داوای لێبوردن ناكەین.
 

 
Copyright 2009 - 2010 All rights reserved to Civilmag.com