بڵێی سەرۆك كۆمار و سەرۆكی هەرێم شەكری نێوانیان نەتوابێتەوە؟  

 

 

سڤیل: مقداد شاسواری

كتومت لەئانێخماهۆ دەچوو. شۆفێری ئەو تەكسییە دەڵێم كە لەگەڵیدا سواربووم تا بمگەیەنێتە جێ. جەستەیەكی زەلام و ورگێكی زل و بەرچەنەیەكی شۆڕەوەبوو، دوو چاوی دەرپۆقیو و سەرێكی خڕ و گەورەی هەبوو. لەنیگای یەكەمدا واتدەزانی سێبەشی ناو ئۆتۆمبێلەكەی داگیركردووەو جێگەیەكی وا بۆ تۆ نەماوە بەئاسودەیی لێی دابنیشیت. هەستت بەوە دەكرد، لە جێ تەنگییا هەناسەبڕكێت گرتووە. تەپڵی سەری بەسەقفی سەیارەكەیەوە نووسابوو. پێم سەیر بوو زەلامێكی هێندە كەتە و زەبەلاح شۆفێری تەكسی بێ. گێچی رادیۆكەی لەسەر ئیزاعەیەك راگرت، مەلایەك بە دەنگێكی بەرز، وا دەهاتە بەرچاوم هەموو دەمارەكانی ملی و ماسولكەكانی دەموچاوی پەڵمابن، وتارێكی ئایینی دەدا. كابرای شۆفێر ئاوڕێكی لای منی دایەوەو گوتی "دەزانی چیە برا! بەر لەتۆ كچێكم لەبەردەم كۆلێژەكەیدا هەڵگرت، كاتێ گەیاندمە جێ، گوتی من بۆ كرێ، پارە نادەم. گوتم ئەی خۆ بەتەمانی گەنم و جۆ، یان ماش و برنج، یان نیسك و نۆك، یان هێلكە و پاقلەم بدەیتێ.. گوتی وەڵلا هیچی ئەوانەی باست كرد نیمە. سەرت نەیەشێنم لەبری كرێ هێندەم ماچ كرد تا فێنكایی دڵم هات". پێكەنین گرتمی و گومانم لا دروست بوو لەڕاستیی قسەكەی. ئاخر دەعبایەكی وا و لەتەمەنێكی وا.. قەت باوەڕ ناكەم راست بكا.. كەمێك دەنگی رادیۆكەی نزمتر كردو ئاهێك بەمێشكی منیشدا هاتەوەو گوتی "ئەرێ برا! دەڵێم پێدەچێ سەرت لەسیاسەت و میاسەت دەربچێ، بڵێی سەرۆك كۆمار و سەرۆكی هەرێم، شەكری نێوانیان نەتوابێتەوە؟ مەبەستم ئەو شیرینییەی پێشتر لەنێوانیاندا هەبوو ئێستا پێدەچێ نەمابێ. راستییەكەی، من سەرم لەم شتانە دەرناچێ، بەڵام ماوەیەكە سەرۆك كۆمار لەكوردستانەو دەڵێن ناساغیشە، كەچی سەردانی یەكدییان نەكردووە. ئەمەیشیان بەلایەك، ئەوان پێشتر لەهەموو بۆنەو موناسەباتێكدا بروسكەی پیرۆزباییان بۆ یەكدی دەنارد. كەچی ئەم سەری ساڵە یەكێكیان بروسكەی بۆ گەلی عێراق ناردو ئەوی دیكەیان بۆ گەلی كورد، بەڵام بۆ یەكدییان نەنارد.. لەوەیش سۆبەتیتر، لەولا سەرۆك كۆمار پیرۆزبایی لە...
خۆشیی سواربوونی تەكسی ئا لەم شتانە دایە. گوێت لەبابەتی هەمەڕەنگ دەبێ. دەڵێی ئیزاعەیەكەو لەهەر بوارێكدا سەردێڕێكت بۆ دەخوێنێتەوە. چەندیش ورد دەبنەوە لەهەموو شتێك. من ئەوەندە بەدیار هەواڵەكان و بابەتە سیاسییەكاندا دادەنیشم، كەچی تێبینی ئەوەم نەكردبوو، بەبۆنەی سەری ساڵی تازەی زایینیدا، سەرۆك كۆمار و سەرۆكی هەرێم، نە بەبروسكە و نە بەتەلەفۆن و نە بەدیدار، پیرۆزباییان لێكدی نەكردووە. دیارە ئەمەیش لای هاووڵاتیان بۆتە پرسیار و تەنانەت مایەی نیگەرانیش. شۆفێرەكە داوی بیركردنەوەكانمی پچڕاندو گوتی: باشە، بڵێی خۆمان گوتەنی دووشك و مووشك نەبن پێكەوە؟ بەتایبەتی دوای رووداوەكەی بادینان بڵێی شەكری نێوانیان نەتوابێتەوە؟! بۆ خاتری خوا، ئۆپۆزسیۆن هەرچییەكی دەڵێن قەیناكە، بەڵام گرنگ ئەوەیە ئەم دوو سەرۆكە، نێوانیان كاڵ نەبێتەوەو ماڵمان كاول نەكەن. دەزانی چییە! دەڵێم لەبەر دڵی ئێمەو مانانیش بوایە هەر پیرۆزباییەكیان لێكدی بكردبایە. خۆ راستە بۆنەكەمان لێ تاڵ بوو لەبەر كارەساتەكەی شەڕناخ.. بەڵام میللەت دیققەتی هەموو شت دەدات. خۆ پیرۆزباییەك هیچی وای تێ نەدەچوو. بەڵام میللەتی دڵنیاتر دەكردەوە. گوتم ئێستا برای شۆفێر تۆ مەبەستت چییە لەم قسانە؟..
گووتی: كوڕە وەڵڵا هیچ. دەڵێم سندانمان لێدا، خۆ ناشوكری ناڵێم، ئێمە هەردەبێ لەم دڵە مەترسەو دڵە مەلەرزەیا بژین. ئۆپۆزسیۆن توند دەكات هەر دەترسین. ئەمەریكا دەڕواتەوە ماڵی خۆی هەر دەترسین. وەزعی عێراق دەشڵەقێ هەر دەترسین. توركیا لەپەكەكە توڕە دەبێ، هەر دەبێ بترسین. ئەم دوو سەرۆكە نێوانیان كاڵ دەبێتەوە، هەر دەبێ بترسین. لەوسەری دنیا شتێك دەقەومێ، ئێمە لێرە دەبێ بترسین. كورە چوزانم. ئەوە ترسی گەورەی ئەو دونیاش سەرباری هەمووی. ئاخر ئەم دڵە داماوەی ئێمە كوا جێی ئەو هەموو ترسەی تێدا دەبێتەوە کاکی برا؟!.

 
Copyright 2009 - 2010 All rights reserved to Civilmag.com