|
سڤیل:
سمكۆ محەمەد
هەفتەی رابردوو لەگەڵ دەستپێكردنی یەكەمین
رۆژی ساڵی نوێی 2012، چەند رووداوێك بوون
بەهەواڵی سەرەكی راگەیاندنەكانی جیهان،
لەوانەش ئێران لەتەنگی هورمز مانۆڕی كردو
موشەكێكی بەئاراستەی كەنداو هاویشت،
كارەساتەكەی شەرنەخ بوو كە بووە هۆی ئەوەی
پەكەكە لەتوركیا رایگەیاند كە خەڵك بەگشتی و
دژی ئەو كارەساتە بڕژێنە سەرشەقامی، لەسوریاش
سەفەری پیاوانی دەوڵەت بۆ دەرەوە قەدەغەكرا،
ئامریكاش بێدەنگی نواند لەهەموو ئەو
سەرەتایانەی كەرووداوی چاوەڕواننەكراوی
لێپێشبینی دەكرێ و دوا مەسەلەی گرینگیش
ئەوەبوو نەتەوەیەكگرتووەكان قەزیەی كەركوك
بكەنە قەزیەی ساڵی خۆیان و هەریەك لەپارتی و
یەكێتیش لەنێو ئەو رووداوانەدا و بەتایبەتیش
مەسەلەی شەرنەخ و دادگاییكردنی هاشمی لەلایەن
مالیكیەوە، وەكو كارتێكی فشار بەكاریانهێنا،
بەو پێیەی كە هەرێمی كوردستان بەشێكە
لەهاوكێشە گشتیەكەی عێراق، ئێران، توركیا.
جەنگی ساردی ئێران و توركیا گەرم دەبێت
ئەوەی سەروكاری سیاسەتی هەبێت و موتابەعەی
گۆڕانكاریەكانی ناوچەكەی كردبێت، هاوكێشەیەكی
دیكەی نوێ بۆ ساڵی نوێ هاتە پێشەوەو
دەرهاویشتەی خۆی هەبوو، بۆنمونە ئێران دەیهەوێ
ببێتە بەشێك لەو هێزانەی پشكیان هەبێت
لەناوچەكە و بەتایبەتی وڵاتانی عەرەبی،
بۆنمونە دژایەتی بەحرێن دەكات كەچەوساوەكان
شیعەكانن و سەركوت دەكرێن، لەسوریاش
بەپێچەوانەوە پشتگیری لەحكومەتی ئەسەد دەكات
كەلایەنگری رەوتی شیعەیە لەناوچەكەو مەسەلەی
سوننەكانیشی كردە دیاری بۆكوردەكان،
لەبەرامبەر ئەوەی دژایەتی سیاسەتەكەی نەكەن.
ئەگەرچی مەسەلەی سوریا و توركیا دوو سیناریۆی
سیاسی پێكەوە ئاڵكاون، یەكەم ئەوەی كەوایكرد
ئێران لەمكاتەدا تەنگی هورمز بگرێت و كە
تەنگێكی بازرگانی نێودەوڵەتیەو راوەستانی
بازرگانی، واتە راوەستانی بەرژەوەندی هەموو
وڵاتانی زلهێز لەناوچەكە، بۆیە مانۆڕی سەربازی
تێدا دەكات و موشەكێك بەئاراستەی عومان
دەوەشێنێ، ئەمەش وەكو تەحەددایەك بەرامبەر
جیهانی نێودەوڵەتی دژی ئەتۆمەكەی كە دوور نیە
قەیرانێكی ئابوری گەورە لەناوچەكە بخوڵقێنێ.
هەرچی سیناریۆی دووەمە وەكو سەرەتایەك
لەكارەساتەكەی شەرنەخەوە سەرچاوەی گرت، بەمەش
دیسان ئێران پاڵپشتی لەخەڵكی كوردستانی توركیا
كردو پەكەكەش بەخەڵكی كوردی ناوچەكەی راگەیاند
بڕژێنە سەرشەقامەكان و بەهاری كوردی رابگەێنن،
چونكە دەیەوێ جەنگەكە بخاتە نێو توركیاوە،
چونكە توركیا بنیازە نوێنەرایەتی زلهێزەكان
بكات لەناوچەكەو نزیك ببێتەوە لەئیسرائیل،
كەچی ئێران لەسوریا پاڵپشتی حكومەتەكەی ئەسەد
دەكات، لەبەرامبەریشدا توركیا دەیەوێ جەنگەكە
لەدوورەوە بخاتە باوەشی ئێران، ئەمەش
سەرەتایەك بوو بۆ گەرمكردنی جەنگەكەی
نێوانیان، لەحاڵێكدا هەریەك لەتوركیا و ئێران
لەگەڵ ئەو ئەجێندا نێودەوڵەتیەن كە بۆ گۆڕینی
نەخشەی سیاسی ناوچەكە لەئارادایە، بەڵام
هەریەك لەبەرژەوەندی خۆیەوە جموجۆڵی سیاسی و
ئابوری دەكات، هەرچی ئێرانە گەرەكیەتی گوتاری
سیاسی شیعەگەرێتی لەناوچەكە زاڵ بێت بەسەر
گوتارەكانی دیكەدا كە سوننە نوێنەرایەتی
دەكات، بەمەش ئەرتەشی سەربازی توركیا تووشی
هەڵچوونێكی سایكۆلۆژی كردووە كە چاودێرە
سیاسییەكان بەجۆرێك لەخۆكوژی توركیا دەیناسن،
هەرچی توركیا گەرەكیەتی نوێنەرایەتی ناتۆ بكات
و كەڵكی لێوەربگرێت بۆ ئەوەی لەئایندەدا بچێتە
نێو یەكێتی ئەوروپا، بەڵام لەدەرەوەی ئەجێندا
سیاسیەكەی ئەكەپە، بەمەش پاڵپشتی لەسوننەكانی
عێراق دەكات، بەڵام لەسەر حیسابی گۆڕەپانی
سیاسی عێراق بەگشتی و هەرێمی كوردستان و كێشەی
كورد بەتایبەتی، لەهەموو حاڵەتێكدا ناوچەكە
خەریكە بەسەرەتایەك دەستپێدەكات كە
لەدەرەنجامدا دەكوڵێ، كوڵانی ئەمجارەی ناوچەكە
جیاوازە لەو كوڵانەی كە لەساڵی رابردوو هەبوو،
بەوپێیەی كە سیناریۆكان جیاوازیەكەیان
لەوەدایە كە ئێران دەبێتە نیشانەكە بۆهەریەك
لەرۆژئاواو ئامریكا، بەڵام جەنگەكە درێژە
دەخایەنێ و دەبێتە جەنگێكی ئابوری.
یەكێتی و پارتی
دوو یاریكەرەكەی ئێران و توركیا
ئەو سیناریۆیەی كە لەنێوان ئێران و توركیا
هەیە، بەشێكی پەیوەندی بەعێراقەوە هەیە، بەڵام
بەهۆی سەرقاڵبوونیان بەكێشەی توركیا و
سوریاوە، كێشەی مالیكی و هاشمی كەكێشەی
لەمێژینەی سوننە و شیعەیە، لەچوارچێوەیەكی
دیكەدا وێنە دەكرێت و رێگە بەپارتی و یەكێتیش
دەدرێت گەمەی خۆیان بكەن، بەڵام بەمەرجێك
زۆرترین كەڵكی بۆ ئێران هەبێت، رووداوەكەی
شەرنەخ و كێشەی هاشمی لەگەڵ مالیكی، دوو
واقیعی لێكجوودا و دوو سیناریۆبوون كەرەنگە
هەڵقەیەك هەبێت پێكیانەوە ببەستێت، چونكە
گرنگیدانیان بەشەرنەخ لەرێگەی راگەیاندنەوە
بەشێوەیەكی ناڕاستەوخۆ شێوە لێدانێكە
لەهەیمەنەی توركیا لەناوچەكە، بەوپێیەی كە هەم
دژە رەوتی سیاسی ئێرانەو هەم گەرەكیەتی
لەعێراق و سوریا پشكی هەبێت، بۆیە ئەمجارەیان
پارتی و یەكێتی دەیانەوێ یاریەك بكەن كە دژ
بەو سیاسەتەیە كەئەرتەشی توركیا دەیكات، هەم
لەبەرژەوەندی حیزبەكەی ئۆردوگانە، هەم
لەخزمەتی هەیمەنەی كوردە، ئەمە لەكاتێكدایە
كەكورد خەریكە كەڵك لەهەردوو قەیرانەكەی نێو
عێراق و سوریا وەردەگرێت، هەروەها نیگەرانە
لەوەی سوپای ئامریكا عێراق جێدەهێڵێ، ئەم
یاریكردنەش كەلەنێوان توركیا و ئێران دەیكەن،
كارتێكی دیكەیە كە ئەگەر فشاریش نەبێت، كارێكی
وەها دەكات زەمینەی ئەوە خۆش بكات، كە
پەیوەندیەكانی خۆی و ئامریكا بخاتە سەر كاغەز
و لێرە بەدواوە شێوە فەرمیەك وەربگرێت.
سەبارەت بەوەش كورد چ یارییەك دەكات لەعێراق،
لەلایەك خەریكی كورتكردنەوەی دەستەڵاتی
مالیكییە، لەلایەكی دیكە خەریكی لێدانی
سووننەكانە بەشیعەكان، درێژكردنەوە و
گواستنەوەی دادگاییكردنەكەی هاشمیش بۆ شاری
كەركوك، ستراتیژێكی سیاسی نوێیە بۆ پارتی و
یەكێتی.
ساڵی نوێ. ساڵی كەركوكە
رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان ساڵانە كەیسی
تایبەتی هەیە كاری لەسەر دەكات، ئەمساڵ
بەبیانووی ئەوەی كە ئامریكا وەكو ساڵانی
رابردوو ئامادەیی لەعێراق نامێنێت و سوپاكەی
دەكشێنێتەوە، لەحاڵێكدا تائێستاش عێراق لەژێر
كاریگەری بەندی (7) ە كە گرێدراوی سیاسەتی
ئامریكایە، بۆیە ئەجێنداكەی داوەتە دەستی
نەتەوە یەكگرتووەكانەوە، بۆئەمەش مارتن
كۆپلەری دیاریكردووە سەرپەرشتی ئەو كەیسە بكات
و شاری كەركوكی كردووە بەبەرنامەی كار و داوا
لەعێراقیەكان دەكات كە ئیرادەی خۆیان وەگەڕ
بخەن و گوتوویەتی "دەتوانن ئەو ئیرادەیە
بەكاربهێنن و دەرفەتەكەش لەبارە بۆئەوەی
بیسەلمێنن زاڵبن بەسەر كێشەكانی خۆیاندا"،
ئەگەرچی راسپاردنی كوەیسێك بە نەتەوە
یەكگرتووەكان، بەمانای راسپاردنی بەقەدەر،
بەڵام جیاوازی ئەمساڵی هاوكێشەی سیاسی عێڕاق و
پەیوەندی بەكەركوكەوە كەنەتەوە یەكگرتووەكان
سەروكاری بكەن، تەنها ئەوەنیە لەكەیسێكی
هەڵواسراوەوە دەبێتە كەیسێكی زیندوو، بەڵكو
ئەوەیە كە هەریەك لەپارتی و یەكێتی لەغیابی
ئامریكیەكان چۆن یاریەكە لەعەرەب دەبەنەوەو
چیتر دەستوری بێ كەركوك قەبوڵ نەكەن و
بەدەستوورێكی زیندووی نەزانن، كە ئەمە لێدوانی
پۆڵ بریمەریشە، بەو پێیەی ئەمە هەم بۆ ئێران و
هەم بۆ توركیاش لەئێستادا، مەسەلەیەكی گرنگ
نییە، بەڵام بۆ كورد گرنگە، چونكە بەشێوەیەكی
ناڕاستەوخۆ دەتوانێ كۆمەك بەكێشەی كورد بكات
لەسوریا و توركیا، هەرچی كێشەی كوردە لەتوركیا
بەشێكی ئەجێنداكەی ئامریكا پێكدێنێ و ئێرانیش
كۆمەكی پێدەكات، ئەوەش كەپەیوەندی بەسوریاوە
هەیە، بەهەر لایەكدا بشكێتەوە بۆ كورد نەفعێكی
سیاسی هەیەو دەتوانێ ساڵی 2012 لەرێگەی
كەركوكەوە سەركەوتووبێت لەیاریەكانی.
|