|
سڤیل:
مقداد شاسواری
ماوەیەك بوو، دەتگوت بەرزەچڕ یان هەر ئەو
گیانەوەرەی پێی دەڵێن جیڕجیڕەك لە كونی
گوێچكەمەوە چۆتە ناو كاسەی سەرم و بۆخۆی
دایلەقاندووە و بەردەوام گیزەگیزێتی. هەراسانی
كردبووم. هێندەم لۆكە و پەنجە لەنێو گوێچكەمدا
وەردا تۆ بڵێی بێدەنگ بێ، نەبوو. زۆریشم دیقەت
لە سەرچاوە و شوێنی دەنگەكە راگرت نەمزانی نە
لەناو گوێچكەمە نە لەناو سەرمە. ماوەیەك
ئیهمالم كرد و گوتم خۆ ئەو جانەوەرە عومری
نوحی نابێ، هەر دەمرێ و لە كۆڵم دەبێتەوە. ساڵ
گەڕایەوە ساڵ، نە ماندوو بوو، نە وسكت بوو، نە
مردیش. منیش تۆسقاڵێك بڕوام بەم پزیشكانەی
خۆمان نیە. ئەوان ناتوانن سووكترین جۆری
نەخۆشی دەستنیشان و چارەسەر بكەن، جا چی بگاتە
ئەم بەزمەی بەسەر مندا هاتووە. بەڵام پێم لە
جەرگی خۆم ناو چوومە لای دكتۆرێكی پسپۆڕی گوێ
و شتەكانی تر. عەیب نەبێ ماوەیەك خەریك بوو
هیچی لێ بڕ نەكرد و گوتی هیچ نیە! بە پێی
دەرفەت و مەجال، چەندی بۆت دەكرێ گوێ لە
مۆسیقای شاد و گۆرانی هێمن راگرە. گوتم
گۆرانیبێژەكە ناوی هێمن بێ؟! سەرێكی ئاقڵ بە
شێتی كردم و گوتی: نا. گۆرانییەكە هێمن و
كلاسیك بێ!
ساڵێكی دیكەی بەسەردا تێپەڕی و گیزەگیزەكە،
عەینەن ئەو گۆرانیبێژە ئیزعاجانەی هەر
دەزیقێنن و هیچیان لێ حاڵی نابێ، چی بگاتە
ئەوەی چێژێك لە گۆرانیەكە وەربگری، بە ئاشكراش
دیارە دەنگی خۆی لەنێو كاریگەریی دەنگی
كۆمپیوتەر هەرون بووە، ئەم جیڕەجیڕەكەیش هەر
زیقەی دەهات و بڕانەوەی بۆ نەبوو. ناونیشانی
دكتۆرێكی پسپۆڕی ناو سەر و دەمار و شتی وایان
پێ دام. هەر كە چوومە ژوورەكەی و سەیری سەرو
سیمایم كرد ویستم بگەڕێمەوە بەڵام تازە
تێكەوتبووم. بەرماڵەكەی دەق داو لە بەردەم خۆی
لەسەر مێزەكەی داناو منیش لەباتی
سەلاموعەلەیكوم گوتم "خوا قبوڵی كا"، ئەویش
ویردەكەی تەواوكرد و دەستێكی بە ریش و
پەشمەكەی داهێنا و گوتی "ئەجمەعین، فەرموو،
چیتە"؟.
حیكایەتەكەم بۆی گێڕایەوە كە جانەوەرێك لەم
هەموو جەنجاڵیی و قەڵەباڵغییەی شاردا رێی لێ
ون بووە و لە بەختی رەشم چۆتە ناو كەللەی سەری
من دایلەقاندووە و ئەمە زیاتر لە دوو ساڵە بێ
بڕانەوە گیزەگیزێتی.
دكتۆر گوتی: جگەرە دەكێشی؟ گوتم جار بە جارێ.
ئەمری كرد، مەكێشە.. ئەوجا چاوێكی غەزەباویی
تێبڕیم و گوتی مەشرووب دەخۆیتەوە؟ لە وەڵامدا
بێ دەنگ بووم. چونكە بیرم لەوە دەكردەوە ئەم
پرسیارانە چی پەیوەندییەكی بەو جانەوەرەی ناو
سەرمەوە هەیە؟ گوتی پاڵەپەستۆی خوێنت نییە؟
سەرت گێژ نابێ؟ بەرچاوت لێڵ نابێ؟ خورما چی.
خورما دەخۆی؟ خۆ ئینشائەڵلا نوێژ و شت دەكەی؟
مەبەستم "لادان و بەلاڕێدا چوونت" نیە؟ ئەم
پرسیارانە بە عەرەبی بە "هەل" دەست پێ دەكات و
پێدەچوو ئەویش لەسەر هەمان ریتم و ئاواز،
پرسیارەكانم ئاڕاستە بكات و منیش هەر تەنها
حەپەسابووم و سەیریم دەكرد. وەختێك گوێم لە
دەنگی خۆم بوو، كە بە هەندێك هەڵچوونەوە،
راوەستابووم لە بەرامبەریدا و دەمنەڕاند: ئەرێ
تۆ دكتۆری یان حاكمی شەرعی؟ تۆ چوزانی من
موسڵمانم، مەسیحیم، یەزیدیم، من كابرایەكی
نەخۆشم و هاتوومەتە لای دكتۆر، چ كارێكت بە
خورماخواردن و نوێژكردنی منەوە هەیە؟! دە هیچ
نەبێ لە پشت مێزەكەی خۆت هەستەوە پشكنینێكی
سەرەتاییم بۆ بكە لە بری ئەم هەموو پرسیارە
شەرعییە.
دواتریش خۆم بینییەوە لەسەر جادەكە وەستابووم
دەستم لە تەكسی هەڵدەتەكاند. كاتێكیش لەنێو
تەكسی، تا نیوەی رێگای ماڵەوە هاتبووم تازە
هاتەوە بیرم سەیارەكەی خۆم لە گەراجەكەی
تەنیشت نۆرینگەی مەلا دكتۆرەكە راگرتبوو!
|