|
سڤیل:
بیستون نوری
لەژمارەی رابردووی (سڤیل)دا، راپۆرتێكی
رۆژنامەوانیمان لەبارەی كێشەی نێوان سەرۆكی
حكومەتی هەرێم و وەزارەتی گواستنەوەو گەیاندنی
حكومەتی هەرێم، لەبارەی كێشەی كۆمپانیاكانی
بواری تەكنەلۆژیای گەیاندندا بڵاو كردەوە، یەك
رۆژ دوای بڵاوبوونەوەی راپۆرتەكە، توانا
ئەحمەد، راوێژكاری سەرۆكی حكومەت بۆ كاروباری
راگەیاندن لە رۆژنامەی كوردستانی نوێ وەڵامێكی
زبری ئێمەی دایەوەو كۆمەڵێك تۆمەتی بێبنەماو
سواوی خستە پاڵ ئێمە، لێرەدا بەكورتی وەڵامی
تۆمەتەكە دەدەینەوە، بەڵام بەو زمانە نا، كە
توانا بۆ ئەوانی تر بەكاریدێنێ.
ئەو راوێژكارەی سەرۆك، جاری یەكەمی نییە، بەم
شێوەیە وەڵامی راپۆرت و ئەو بۆچوونانە
دەداتەوە، كە لە(سڤیل)دا دەخرێنە روو، ئەوە
مەنتقی بەردەوامی ئەو حكومەتە بووە، كە
ئەوانەی رەخنە دەگرن، دەبێ دەستێكیان لە پشت
بێ و بۆ بەرژەوەندی خەڵكانێك كاردەكەن، بەڵام
ئەوەی ئەمجارە لە وەڵامەكەی راوێژكاردا نوێ
بوو، گوایە ئێمە كەوتووینەتە هەڵەیەكی
ستراتیژییەوە، ئەویش بەدوژمن سەیركردنی سەرۆكی
حكومەتە!
خوێنەرانی (سڤیل) وەك ئەو راوێژكارەی بەڕێز د.
بەرهەم بێتاقەت نین، دەزانن ئەوە دوور بووە لە
ستایلی كاری رۆژنامەوانی (سڤیل) و هەمیشە
هەوڵمانداوە سەنگەر لە كەس نەگرین و كەسیش بە
دوژمن سەیر نەكەین، پێشمانوابووە رەخنەگرتن لە
حكومەت و سیاسەتی هەڵەی هەر لایەنێك بە زمان و
شێوازێك كە موقنیع بێت، ئەركێكی دڵسۆزانەی هەر
دەزگا و ناوەند و هاوڵاتییەكە بۆ ئەو لایەنەی
رەخنەی لێدەگرێ، ئینجا بۆ كۆی سیستەمی سیاسی و
ئەزموونی خۆبەڕێوەبردنی كوردستان. چونكە رەخنە
دەبێتە هۆی پێشكەوتنی رەخنەلێگیراو. بەتایبەت
ئەگەر رەخنەلێگیراو حكومەت بێت، كە
پەیوەندییەكی راستەوخۆی بە ژیانی خەڵكەوە
هەیەو هەر لاری و لەنگییەك لەحكومەتدا هەبێت،
رەنگدانەوەی نێگەتیفی بەسەر ژیانی خەڵكەوە
دەبێت و كە لارییەكەشی نەما، ژیانی خەڵكیش
باشتر. بۆیە پێویستە دەسەڵاتداران و حیزبە
سیاسییەكان ئەو زمان و تێگەیشتنە بەجێبێڵن، كە
ئەوەی رەخنەی گرت، وابزانێت وەك دوژمن سەیریان
دەكەن.
سڤیل لەماوەی كاركردنی خۆیدا، هەرگیز قسەمان
لەسەر یەك لایەن یان یەك بەرە نەكردووە،
دەسەڵات رەخنەی لێگیراوە، ئۆپۆزسیۆن رەخنەی
لێگیراوە. پارتی، یەكێتی، ئیسلامییەكان،
شیوعی، حكومەت، كەس چاو پۆشی لێنەكراوەو
هەمیشە هەوڵمانداوە بەو رادەیەی پێڕاگەیشتبین،
سیاسەت و كار و كردەوە و بۆچوونەكانیان
بخەینەڕوو و راوبۆچوونیان لەبارەیەوە بڵاو
بكەینەوەو رای خۆشیان بەئازادانە بڵاو
كراوەتەوە، لەزمانی دەربڕینیشماندا
نەمانهێشتووە برینداركەر بێت.
ئەوەی لە ژمارەی رابردوودا بڵاو كرایەوە
شایانی ئەوە نەبوو، جەنابی راوێژكار بگاتە ئەو
ئەنجامەی ئێمە كەوتووینەتە هەڵەیەكی
ستراتیژییەوەو سەرۆكی حكومەتمان لێ بووبێت بە
دوژمن! ئێمە كۆمەڵێك بەڵگەی فەرمیمان لەبەر
دەست بوو، هەندێكیشمان بڵاو كردووەتەوە، ئەو
قسانەش كە كراون كەسانێكی تر كردوویانن نەك
سڤیل. بۆ نموونە وتەبێژی وەزارەت بە ئاشكرا
دەڵێ ئەو گرێبەستەی زیان بە سەروەری هەرێم
دەگەیەنێت. وەڵامەكەی وەزارەت بۆ سەرۆكی
ئەنجومەن بە روونی باس لە مەترسی و
رەچاونەكردنی سەروەری هەرێم دەكات، سڤیل
هەوڵیدا رای وەزیر، بەرپرسانی ئەنجومەنی
وەزیران وەربگرێ، چەندین جار تەلەفۆنی بۆ
ژمارەكانیان كرد، بەڵام وەڵامی
پەیوەندییەكەیان نەدایەوە. ئیتر ئەگەر
بڵاوبوونەوەی ئەو راپۆرتەیان پێ خۆش نەبووە،
ئەوە شتێكی ترە، كە سڤیل گوێ بەوە نادات،
بەڵام دڵنیاین لەدروستی كاری رۆژنامەوانی
خۆمان و بەردەوامیش دەبین لەسەر ئەو رێبازە كە
دڵسۆزییە بۆ تەجروبەی سیاسی و ئیداری كوردستان
نەك دوژمنایەتی.
|