هەمەرازیلی  

 

 

سڤیل: مقداد شاسواری

ئەم بەیانییە هەر كە بە هەندێ ترس و حەزەرەوە دەرگای حەوشەم كردەوە تا بچمە دەوام، لەودیوی بەرامبەرمانەوە وەك زۆربەی رۆژەكان، نیگام بە دیداری شەفەی زانا ئیفتیتاحی بینینی دنیای كرد، كە دیسان وەك زۆربەی رۆژەكان، بە هانكە هانك و ئارەقە رشتنەوە خەریكی جێگۆركێی تایە سواوەكانی بەرازیلیە شەق و شڕەكەی بوو. هەمدیسان وەك زۆربەی رۆژەكان، بێ ئەوەی گوێی لە خشپەی پێ، یان دەنگی دەرگا، یان ئحم و كۆكەیەك بووبێ لەلای منەوە، ئاوڕێكی لای منی دایەوەو هەر بە رێگای ئاوڕدانەوەكەیدا گوتی: ئەمڕۆكەیش بەیانیتان باش، هەتا سبەیش خوا كەریمە! ئەم كابرایە تەنانەت بەیانی باشكردنیشی جیاوازیی هەبوو لەگەڵ عاممەتەنی خەڵك. منیش بۆ ئەوەی بەیانی باشەكەیم بێ وەڵام نەهێشتبێتەوە گوتم: ئەوە هەمەرازیلیەكەت دیسان چییەتی؟ ئاخر ئەو دەڵێ ئەم بەرازیلیە لە سەردەمی خۆیدا هەمەری ئێستا بووە. بەڵام حەیف و هەزار مخابن، ئەمڕۆ ئاوها رەزیل و رەزا قورس بووە. شەفەی زانا گوتی: خەریكی جێگۆركێی تایەكانیم. ئەم سەیارەیەی من زۆر لە كۆنگرەی حزبەكان و حكوومەتە كوردییەكەی خۆمان دەچێ، چەند كەسێكمان هەن جار دەیانبەینە پێش و جار دەیانهێنینەوە پاش. ئاخر تایەكە دەسوێ و خۆمان گوتەنی عەیب نەبێ "لووس" دەبێ، ئەوجا ئەمیان بۆ پشتەوە باشە و دەبێ ئەوانەی پشتەوەیش كە عەیب نەبێ هێشتا هەندێكیان بە بەرەوە ماوە بیانبەینە پێشەوە. ئیدی هەروا بڕۆ تا رۆژی قیامەت. دەڵێی لەم دنیا پان و پۆڕەدا هەر ئەم چوار تایە هەیە. تازە، سپێریشمان ئەوە هەر نیە. لە كوێ پەنچەر بووین دەبێ لەوێ پاڵ كەوین. كوردیش دەڵێی لەم چەند كەسە بترازێ كەسی نیە. نە سپێرێك بۆ رۆژی تەنگانە و نەكەسێك، چاومان پێشتر نەیدیبێ تا هەست بە تازەییەكەی بكەین. دەی، گرنگ ئەوەیە ئەمڕۆیشمان بۆ بقەتێ هەتا سبەی خوا كەریمە! ئێستایش دەبینی نە كابینەی شەشە و نە كابینەی حەوت، ئەوە لە شەرعدا پێی دەڵێن بەرزەخ. یەعنی ئێستا ئێمە نە لە دۆزەخەكەی كابینەی شەشی رەحمەتین، نە پێمان ناوەتە بەهەشتی كابینەی حەوتی نیعمەتی. بە واتا كوردییەكەی ئێستا حكومەتی هەرێم بە دەردی ئەم هەمەرازیلیەی من "وەستاوە" و خەریكی جێگۆركێكردنی تایەكانی پێشەوە و پشتەوەین. جا هەتا ئەو پڕۆسەی گۆڕانی تایەكان بەو خاو و خلیسكییە بە ئەنجام دەگات، نەفەرەكان دەبێ لە قەراغ شۆستەی چاوەڕوانیدا زەققەی چاویان بێت. حكوومەتمان هەبێت هیچ روونادات و حاڵمان حاڵی بزنی رەشە، جا نۆرەی ئەوەیە حكوومەتمان نەبێ. بەخوا من لەجێی ئەم دەسەڵاتەی هەرێم بم هەمیشە كابینەیەكی دەستبەكار و كابینەیەكی سپێر یان عەیب نەبێ ئیحتیاتیش دادەنێم. چونكە نەقل و ئینتیقالی لەسەرخۆی كابینەكان، كاریگەریی راستەوخۆی بەسەر رەوتی ژیان و گوزەرانی خەڵكیدا دەبێ. ئەمە بێجگە لە تێكچوونی میزاج و حاڵەتی نەفسیی كۆمەڵانی خەڵك و جەماوەری بە شەرەف و..
هەمووی ...
شەرمی پێناوێ كاكە، مادام حیزبی ئەولا شیفتەكەی تەواو بووە دەبوایە زووتر حیزبەكەی ئەملا لە خەو هەستابایە و خۆی تەیار و ئامادە بكردبایە بۆ وەرگرتنی دەستبەجێی شیفتی دووهەم...
ئەم شەفەی زانایە لێی گەڕێی تا سبەی ئەم وەختە چەنەبازیی دەكات و فەلسەفە هەڵدەڕێژێ و دوور بێ لە ئێوە، سەریشمان لە قوڕ هەڵدەكێشێ. ئەوە بوو، ئەو هێشتا خەریكی زۆر بڵێییەكەی خۆی بوو، من بە ئەسپایی سواری سەیارەكەم بووم و بەڕێ كەوتم. بەڵام لە بن و بنی زەینمدا، مێشكم مەشغووڵی تایەكانی پێشەوەی سەیارەكەم بوو، تۆ بڵێی لووس نەبووبێ و نەسوابێ! چونكە سپێریشم نیە...
 

 
Copyright 2009 - 2010 All rights reserved to Civilmag.com