|
سڤیل:
پشتیوان عەبدوڵڵا ئەحمەد
ئەم
ناونیشانە جگە لەوەی ناوی فیلمێكە، بەڵام
لەبنەڕەتدا وەك ئاماژەیەك بەكارم هێناوە بۆ
روانینی تایبەتی خۆم بۆ كەسێك كە رۆڵێكی دیار
و بەرچاوی لەبزاڤی سینەمای كوردیدا هەیەو
دەشیبێت، كەسێك كە ناكرێ باسی نەكەین و
لەهەمبەری نەوەستین. كەسێك، مرۆڤێك،
بوونەوەرێك، كە نموونەی لەو سەردەمەدا زۆر
كەمە، من ساڵانێكی زووە ئەم مرۆڤە و پیاوە
دەناسم، بەڵام ئەوەندە لەهەست و ناخی نزیك
نەبووم، ناسینی من بۆ ئەو مرۆڤە، بۆ دوای
راپەڕین دەگەڕێتەوە، بەتایبەتی پاش دروستبوونی
كۆمەڵەی هونەرمەندانی كوردستان لقی هەولێر،
كاتێ من (یانەی هاوڕێیانی سینەما)م لەو
كۆمەڵەیە لەساڵۆنێكی لای چەپی هۆڵی میدیا
بەڕێوەدەبرد، كاتێك هەموو رۆژانی پێنجشەممە
فیلمی نایاب بە (vhs) و شاشەیەكی گەورەی tv
پێشكەش دەكرا. ئەوكات لەبەركەمی فیلم و
نەبوونی سینەماخوازان ناچاربوون لەو
بەرنامەیەی هاوڕێیانی سینەما فلیمی نایاب
ببینن، ئەوەی جێی سەرنج بوو، ئەو مرۆڤە
سینەماخوازە، هەموو رۆژانێكی پێنجشەممە
لەسلێمانیەوە بەپۆشینی جلێكی كوردیەوە دەهاتە
هەولێر و سەیری فلیمەكانی دەكردو هەندێ جاریش
لەگفتوگۆی پاش نیشاندانی فلیمەكان بەشدار
دەبوو، دواتر دەگەڕایەوە سلێمانی، لەبەر ئەو
دڵسۆزی و عەشقەی بۆ فیلم و سینەما، ئەندامیەتی
شەرەفی لەیانەی هاوڕێیانی سینەمای پێ بەخشرا.
پاش چەند ساڵێك دوای نەمانی یانەكەو
سەرقاڵبوونی من بەكاری هونەری
لەتەلەفزیۆنەكانی كوردستان و كەناڵەكانی
راگەیاندن، ئیتر ئەو پیاوەم نەبینیەوە، پاش
دابڕانیشم لەكاری راگەیاندن و رۆژنامەنووسی و
سینەما بەگشتی، دوای پتر لە 15 ساڵ رۆژێك بە
رێكەوت لەهۆڵی میدیا لەفیستیڤاڵی كورتەفیلمی
بەرێوەبەرایەتی سینەمای هەولێر ئەم پیاوەم
بینیەوە، بەهەمان جۆری جل پۆشینی كوردی، بەڵام
سەرو پرچی سپی ببوون، بەڵام هەر دڵسۆزی و
عەشقی جارانی مابوو، هەموو گیانی پربوو
لەوەفا. دڵسۆزی و عەشق و وەفای ئەو بۆ سینەما
یادگاریەكانی یانەی هاوڕێیانی سینەمای
بیرهێنامەوە، ئەو یانەیەی كە تێكڕای
ئەندامەكانی ئێستاكە كەسانی دیار و هونەرمەند
و دەرهێنەری بواری سینەمای كوردین، بەڵام
شانازی ئەو مرۆڤ و پیاوە بەو یانەیە جۆش و
خرۆشێكی دیكەی بەمن بەخشی، كە بڕیارم دابوو بە
هەموو ژیانم جارێكی دی نزیك كاری سینەما و
سینەمای كوردی نەبمەوە، بەڵام جۆش و خرۆشی و
دڵسۆزی و وەفای ئەو هانی دام بگەڕێمەوە، ئەوە
بوو گەڕامەوەو كارم كرد و سیناریۆم نووسی و
بەشدار بووم لەبزاڤی سینەمای كوردی، كەچی ئەو
هەر بەردەوام بوو لەهاندانم، هەرچەندە
هاندانەكەی ئەو ناڕاستەخۆ بوو بۆمن، چونكە ئەو
بە كردە باشەكانی و دڵسۆزییەكانی بۆ سینەما،
منی هان دەدا.
سەرەڕای ئەو هەمووە، هێشتا من ئەم مرۆڤ و
پیاوەم بەباشی نەدەناسی، واتە لەناخەوە لێی
نزیك نەبووم، تا ئەو كاتەی هونەرمەندی
هاوڕێمان كاكە محێدین كۆیی جوانەمەرگ
لەكاروانەكە بەجێیهێشتین، لەسەر قەبران ئەو
ساتە من گەورەیی ئەو مرۆڤەم بۆ دەركەوت، كە
تاچەند مرۆڤێكی مەزن و راستگۆیە، قەت تەسەورم
نەدەكرد، مرۆڤێكی وا دڵگەورە و مەزن بناسم،
زۆر بەمە دڵخۆش بووم، ئەو كات لەناخەوە ئەم
پیاوەم ناسی، پاشتر لەڕووی كاركردن و
سەرپەشتیكردنەوە چاودێریم دەكرد لەكاركردن و
چالاكیەكاندا، نموونەیەكی بەرزی راستگۆیی و
سەربەرزییە. چالاكترین كەسی بواری سینەمای
كوردییە، كە بە حەق بزاڤی هونەری سینەما
پێویستی بە كەسانی لەو جۆرەیە، بەبڕوای من
دووكەسی دیكەی وەك ئازاد سەوزەی مرۆڤ و
هونەردۆست و پاك هەبێت، سینەمای كوردی بەرەو
ئاقارێكی دیكەدا دەڕوات.
سڵاو لەو هونەرمەند و مرۆڤە مەزنە، سڵاو
لەئازاد سەوزەی پاك و رەوان. سڵاو لە پیاوە
ئاڵتوونیەكە.
|