ئەو كاتەی لێمان دەقەومێ پەنا بۆ چی دەبەین؟  

 

 

سڤیل: ڕێبوار سیوەیلی

لێقەومان، هەر جۆرێكی بێت ناخۆشە، چونكە جگە لەوەی زیانی ڕۆحیی و مادیی بە دوای خۆیدا دەهێنێت، ئاواش ئەودیویتری كەسە نزیكەكان و هاوڕێ و هاوخەبات و هاو سفرەكانمان بۆ ئاشكرا دەكات و ئەمەش ئازار بەخشە. ئازاربەخشە كاتێ دەبینیت ئەوانەی هەتا دوێنێ بەلاتەوە شكۆی خۆیان هەبوو، دوای ئەوەی لێت ئەقەومێ، پشتت تێدەكەن و وەك ئەوەی هەرگیز نەیانناسیبیت! ڕەنگە بتوانی بیانبەخشیت، بەخشین ڕێگایەكی ژیرانەی زاڵبوونە بەسەر تێكشكان و لێقەوماندا. بەڵام ڕووخانی وێنەی هاوڕێ و ئەوانەی بە نزیكی خۆتت دەزانین، لە خودی لێقەومانەكە دەردەدارتر. ڕەنگە كەم بن ئەو ساتەوەختانەی مرۆڤ دەكەوێتە بەردەم تاقیكردنەوە جیدییەكانی ژیان، ڕەنگە كەمیش بن ئەو كەسانەی ڕووت و قوت و تاق و تەنیا سنگ دەنێنە بەر تیرەكانی ڕۆژگار. بەڵام هەمیشە ژمارەی ئەوانەی بە دۆڕاوی لەو تاقیكردنەوەیەدا دەمێننەوە، ژمارەیان زیاترە. ئەمانە ئەوانەن كە بەدیار ڕۆژگارەوە پشتیان تێكردین و بێدەنگ بوون و بەو هەڵوێستەشیان غەدریان لێكردین. بەڵام ئەمانە هەر ئەو كەسانەشن، كە كات تۆڵەیان لێدەكاتەوە و پێویست ناكات ئێمە ڕقیان لێهەڵگرین. ئەمەیە سرووشتی ئەو كاتانەی هەمووان بە تاوانبارمان دەزانن و زەمان بێتاوان دەرماندەهاوێژێتە دەرەوە. ئەمەیە سرووشتی ئەو هرووژمە پڕوپاگەندانەی دەكرێنە سەر كەسانێك و مۆری تاوان و خیانەتیان لێدەدرێ و لە پاشاندا پەیكەری بەرائەتیان بۆ دروستدەكرێت. ئەمەیە ئەو ڕیسواییانەی كۆمەڵگا و زمان و قسەو قسەڵۆكەكانی، لەسەر ژنان و پیاوانی دەگمەن هەڵیاندەبەستن و كەچی لەدواییدا تا ئاستی تەریقبوونەوە، لێیان ژێوان دەبنەوە. ئاخۆ چەندە زۆر بن ئەوانەی بیتاوان بن و كەچی وەك تاوانبار حسابیان بۆ بكرێت؟ ئاخۆ چەندە چاكەخواز بن ئەو كەسانەی ڕۆژگار مۆری خراپەیان لەناوچەوان دەدات؟ ئاخۆ چەندە پاكژ بن ئەو مرۆڤانەی لە ژن و لەپیاوانی وڵاتەكەم، كە مۆری بێئابڕووییان درابێتە پاڵ و كەچی لە هەموو ئابڕووداران خاوێنتر بن؟ حیكمەتی هەدادان و بەرگەگرتن هەمیشە بەسەر جادووی گەمژەیی و خۆشباوەڕیدا زاڵ دەبێت، بەڵام ئەو كاتەی زەمانە داوەری دەكات، نەك ڕاگەیاندن و قسەی لابەلای عاممە، كە تەنیا لەبەر ئەوەی قسان بكەن و دەمیان بجووڵێ، قسەی ئەوانیتر دووبارە دەكەنەوە.
من ئەم دێڕانە دەكەمە پشتگیری و هیوابەخشینەوە بەوانەی لە ئێستادا لێقەومانێكیان بەسەردا هاتووە و هەموومان پشتمان تێكردوون، بۆ ئەوەی دڵنیایان بكەمەوە، كە براوە ئەوانن، نەك ئێمە كە تەسلیمی پڕوپاگەندەكان و گەمژەیی و خۆشباوەڕیی بووین.
 

 
Copyright 2009 - 2010 All rights reserved to Civilmag.com