"نەوزاد هادی" و "عەلی سلێمان بەهاری"  

 

 

سڤیل: نازم دڵبەند

رەنگە (هەولێر)ییە ئەسڵیەكان ناوی زۆربەی موتەسەریف و سەرۆك شارەوانیەكانیان لەبیرمابێ و هەریەكە و بەپێی رۆژ و سەردەم پەنجەی كارەكانیان بۆ راكێشن، ئینجا بە خراپەكارییەكانیان و بەچاكەكارییەكانیان..
ئەوەی لەسەردەمی عومری ئێمەش حوكمیان لەو شارە كردبێ و (بەدرەدین عەلی) كە پیاوێكی بەزەبروزەنگ و (خالید عبدالحكیم)یش ئەو پیاوە بوو، كە لەپاڵ شەهید (حسێن شێروانی) لەمیانی دانوستانەكانی یانزەی ئادار سەردانی (بارزانی) نەمریان كردو پێشدەچوو پیاوێكی موسالیم و لەسەرخۆبێ. ئێ زەمەنەكانی دوای ئەوانەش ئەوانەی هاتنە ئەو شارە ناچێتە ئەقڵەوە، كە بیریان لەوە كردبێتەوە خۆیان بە خەمخۆرێكی شارەكە زانیبێ و ئەمەشیان قسەی من نیە، فەرموو ئەوە مێژوو كە بیریان لەوە نەكردۆتەوە تەنها تاقە یەك دار لەشەقامێك بچێنن، تاوەكو یادەوەرییەكی هەتاهەتایە رەنگی خۆیان داكوتابێ و لەهەموو سەردەمەكاندا نۆرە بە نۆرە خەڵك بیگێڕێتەوە و وەكو ئێستا و لەداهاتووشدا ئەو ریزە دارەی كە لەدەروازەی (كۆیە) پێشوازیت لێدەكات و جوانی خۆی دەبەخشێ و لەیەكەم چوونە ژوورەوەی هەر رێبوارێك كە رێگای دەكەوێتە ئەو شارە دەپرسێ:
"ئەرێ كێ ئەو دارانەی چاندووە..؟؟"
یەكسەر پرسیارەكە بۆخۆی دێتە وەڵام و دەڵێ:
"خوالێخۆشبوو عەلی سلێمان بەهاری".
لەبیریشتان نەچێ ئەو پیاوە قایمقامی ئەو شارە بووەو خەڵكی (كۆیە)ش نەبووە، بەڵام شعوری كوردینی و خۆشەویستی بۆ ئەو شارە ئەوەی لەدەستهاتووە ئەوەندەی بۆ كردووە، كە تا هەنوكەش ناوی بەزیندوویەتی بمێنێتەوە.
لێرەوە بەبێ ماستاوكردن بۆ (نەوزاد هادی) پارێزگاری هەولێر، ئەو كوڕە (تەیراوە)ییەی كە ئێستاكەش جیانەبۆتەوە لەو گەڕەكەو پێشتریش لەهیچ دایەرەیەكی خزمەتگوزاری كاری نەكردووە، بەپێچەوانەوە وەكو ئێمە لەڕاگەیاندن و تەلەفزیۆنەوە دەستیپێكردووە، بەڵام كە ئەو مەهامەیان پێسپارد، پێموایە بەر لەهەموو بیركردنەوەكانیدا بیری لەوە كردبۆەوە (هەولێر) وەكو شارێكی ئەوەڵی سەردەمەكانی پێشوو كە تائێستا بە زیندووی مابێتەوەو ژیانی لەسەر بەردەوام بێت، دەبێ سەرلەنوێ گەورەییەكەی دووبارە بكرێتەوە و ئەو سیمایە نیشانی دونیا بداتەوە، كە فیعلەن لەسەر دەستی رۆڵەكانی خۆی لەم شارەدا پارێزراو دەبێ و هەمیشە بەگەورەیی دەمێنێتەوە. من حەقم لەوە نیە خەڵكێكی غەیرە چۆن دەڕوانێتە ئەو كارانەی كە (نەوزاد هادی) لەماوەی موتەسەریفبوونی لەو شارەدا كردویەتی، بەڵام حەقیقەت ناشاردرێتەوە، بەتایبەت لەسەردەمی ئەمڕۆ كە دونیا لە لەحزەیەكدا دەبێتە گوندێك لەسایەی تەنكەلۆژیای پێشكەوتوو.
بە هەموو درێژایی عومری من (هەولێر) دواسنوری لەگەڵ (موسڵ) چایخانەی (بایز) بوو، كە دەكەوێتە نزیك پرسگەی ئەنجومەنی وەزیران، ئەو چایخانەیەی ئێستا ناویان لێناوە چایخانەی بایزی، ئەوە شوێنی حەقیقەتی خۆی نیە. رێگای كۆنی كەركوك بازگەكەی سەرەوەی (سوق مەركەزی) بوو. ئەوای دیكەش هەروا. بەڵام ئێستا هەولێر وڵاتێكی دیكەیە و ئەو خێراییە ئاوادەنكردنەوەشی شایەدمانی ئەوەن بەتایبەت كە ئەو شورە كەلتوورییەی ئێستا بە دەوری قەیسەری هەولێردا دەكرێ، ئەوەی هێنامەوەبیر، كە ئەڵمانیا دوای تەواوبوونی لەشەڕی جیهانی دووەم تەنها بیری لەوە كردەوە سەرلەنوێ ئەڵمانیای دوێنی بنیات بنێتەوە و هەرواشیكرد، فەرموو سەردانی (بەرلین) بكەن، ئەو باڵەخانە و ئەو شوێنانەی كە خاپوور ببوون، چۆن سەرلەنوێ بە ستایلی كۆنی خۆیان دروستكراونەتەوەو چەند نەوەیەكی دیكەی ئەڵمان والێڕادێن، كە شەڕ لە ئەڵمانیا نەبووە و قەت (بەرلین) خاپوور نەكراوە. ئەمەیان عەقڵیەتی بنیاتنانە. ئەمەیان خۆشەویستی كەسێكە بۆ وڵاتەكەی خۆی وەكو هەنوكە لە (هەولێر) دەبینرێ، لەسەر دەستی (نەوزاد هادی) بنیات دەنرێ. دڵنیاشم لەوەی كە ئەو كەسە شەڕی مان و نەمان لەسەر ئەو هەموو جوانكارییانە دەكات و دڵنیاشم ئەو پیاوە ئەگەر بچێتە شارێكی دیكەش ئەو مەهامە وەربگرێ هەر بەو حەقیقەتە بیر دەكاتەوە.
دیسانەوە ئەوە ماستاو نیە بۆ (نەوزاد هادی) و (عەلی سلێمان بەهاری) كە پیاوێك بووە لەبادینانەوە هاتۆتە (كۆیە) و خزمەتی ئەو شارەی كردوە، دەیكەم، دڵنیشام هەموو (كۆیی)یەكان هەمیشە ستایشی دەكەن.
ئەوەشتان بەبیر دەهێنمەوە، ئەگەر رێگامان ئاوا كراوە بێت و سیاسەت رێگابدا، دواجار كەشتیەكەی پایتەخت لە(هەولێر) لەنگەر دەگرێ و حەقیشە پەیكەرێك لەدەروازەی شاری (كۆیە) بۆ (عەلی سلێمان بەهاری) دروستبكرێ و (نەوزاد هادی)یش هێشتا گەنجە و زۆری وەبەرماوە.
 

 
Copyright 2009 - 2010 All rights reserved to Civilmag.com