حیكایەتی لە كیسچوونی خەونێك لە فتبوونی رۆژێكدا  

 

 

سڤیل: مقداد شاسواری

ئەم بەیانییە زووتر لەخەو هەستام و ویستم بۆ دەستگرتن بە بەنزین و لەپێناو سەلامەتی ژینگە و هەمیش بۆ قەڵەباڵغنەكردنی شار و كۆمەڵێك چاكە و پیاوەتی لەم جۆرە، بڕیارم دا سەیارەكەی خۆم لەماڵەوە رابگرم و بە پاس بچمە دەوام. ئەوەبوو چاكەی سەربەخۆ سەری ساحێبی خواردو كاتێك گەیشتمە فەرمانگە، دەوام تەواو ببوو، هاوكارانم دەگەڕانەوە بۆ ماڵەكانیان! پاسەكە هێندە هێواش دەڕۆیی هەندێجار بۆ ئەوەی دڵنیابم نەوەستاوەو لەڕۆیشتندایە لەپەنجەرەكەوە سەیری شەقامم دەكرد. وەختێك گوێدرێژێكم بینی عەرەبانەیەكی سەوزەواتی رادەكێشا وەك "با" هاشەی هات و بەخێرایی بروسكە بەتەنیشتمانەوە رەت بوو!
لەكوشنەكانی پێش مندا دوو پیاوی نیوە تەمەن سەریان نابووە بناگوێی یەكدی و بەحیسابان بەچرپە قسەیان دەكرد، بەڵام دەنگیان لەپاسەكەیش دەردەچوو. یەكێكیان لەوی دیكەیانی پرسی: "ئەرێ راستە دەڵێن جەریدە و مەریدە نووسیویانە پاش چەند ساڵێكی دیكە شتێك بەناوی خواردن نامێنێ و دنكە حەبێك دروست دەكرێت مرۆڤ هەركاتێ برسی بوو لەو دنكە حەبە، دانەیەك دەخوات و تێر دەبێ؟ دەڵێن چیدی چێشتلێنان و سفرە راخستن و شتی لەم بابەتە نامێنێ. ئەم دنكە حەبەیش لەناو گەدەی مرۆڤدا بۆخۆی دەبێ بە هەڵم و لەگەڵ هەناسە دەردەچێ و پێویست بەچوونە دوور لەڕووتان ئاودەستیش نامێنێ؟ ئەوەی تەنیشتی سەرێكی باداو لەوەڵامدا تەنها گوتی: بەخوا برالە، ئەم كافرانە هەرچی بڵێی و ئەوەی بەمێشكی مرۆڤی ئاسایی وەكو ئێمەدا خوتور ناكا، ئەوان دەیكەن. مەگەر نەتبینی دوێنێ لەتەلەفزیۆن دەریانخست، بەهۆی بەشداریكردنی لەفیلمێكدا سەگێكیان خەڵات كردووە. ئێ مەگەر ئادەمیزادی ئاقڵ دێت و ئاژەڵێكی وەك سەگ خەڵات دەكات؟ نەعوز و بیللا خۆ سەگی ئەسحابی كەهف نیە!
منیش هەر ناوە ناوە سەیرێكی سەعاتەكەم دەكردو تازە لەلام مسۆگەر ببوو ئەمڕۆ غایب دەدرێم و جارێكیدیكە ناماقوڵی واناكەم چاكەو پیاوەتی سەربەخۆ لەگەڵ ژینگەدا بكەم.
بەتەنیشتی لای چەپمەوە دوو گەنج دانیشتبوون. راداری گوێچكەی لای چەپم هەڵكرد و ئاراستەیم بەلای ئەواندا سووڕاند.
یەكێكیان دیاربوو نووسەر و رۆژنامەنووس و شتی لەم جانەوەرە عەنتیكانە بوو، ناو هەناوی پڕ لەگلەیی بوو، دەیگوت "كوڕە ئەم دەسەڵاتەی ئێمە، بەینی خۆمان بێ، كردوومانی بە پەندی زەمانە. وا سەری لێ شێواندوین نازانین كێ باشە و كێ خراپە. نازانین كێ دۆستەو كێ ناحەزە. لەولاوە بەرپرسێكی پایەبەرز، بەینی خۆمان بێ، دەڵێ حكومەتی عێراق خۆی لەهەموو مافەكانی كورد نەبان دەكات و نایەوێ ماددەی سەد و چل و خاڵە ناكۆكەكانی نێوان كورد و عێراق جێبەجێ بكات. ئێمەیش قۆڵی لێ هەڵدەماڵین لەدژی حكومەتی مالیكی چی خراپە پێی دەكەین. بۆ سبەیتر، هەمان بەرپرسی پایەبەرز، بەینی خۆمان بێ، دەڵێ وەڵلا ئەو حكومەتەی عێراق پیاوی زۆر چاكن و لەوانە باشترمان دەست ناكەوێ و مالیكیش دۆستی دێرین و رەفیقی شەخسیمانە. ئەم كابرا عەرەبچییە توندڕەوانەی وەك موتلەگ و هاشمی و سەدر و جەعفەری و ئەم و ئەو، هەركاتێ لێدوانێكی توندی دژ بەكورد دەدەن دیسان قۆڵی لێ هەڵدەماڵین و تەرزەكوتیان دەكەین. بۆ رۆژی پاشتر قیت، سواری فڕۆكە دەبن و دێن لێرە دەبن بەمیوانی بەڕێز و خۆشەویست و ئەوان دەبن بە پیاوچاك و ئێمەیش روومان لەخەڵووز رەشتر هەڵدەگەڕێ. ئەمڕۆ بەرپرسێكی پایەبڵند باس لەدروستبوونی دەوڵەتی كوردی دەكات، ئێمەش زەوق دەمانگرێ دەڵێین بەڵكو ئەمجارە بەڕاستی بێت، لێ دەكەوینە خۆمان بابەت و دیمانە و رێپۆرتاژ و هەڵلایەكی ئیعلامی بۆ دروستبوونی رای گشتی لەسەر دروستبوونی دەوڵەتی كوردی دەنێینەوە. بۆ رۆژی پاشتر هەمان پایەبڵند دەفەرموێ: ئێمە موتڵەقەن بەتەمای دامەزراندنی دەوڵەتی كوردی نین و لەم بارودۆخەدا حەزمان لێیە هەر بەعێراقی فیدراڵەوە بەلكێندراوی بمێنینەوە. ئێستا كەی كاتی دەوڵەتی كوردییە. برا عەرەب و تورك و فارسەكانمان با ئاسوودە بن و پشتڕاست بن هیچ نیەتێكی لەم بابەتەمان نیەو ئەمە "خەونێكە" جاربەجارێ بۆخۆمان دەیبینین. ئێ خۆ خەونبینینیش بەدەست مرۆڤەوە نیە. كارێكی لائیرادییە...
لەوكاتەدا بوو گەیشتینە بەردەم فەرمانگەكەی من و بینیم دەوام كۆتایی هاتووە و هاوكارانم پەیتا پەیتا وا لەفەرمانگەكە دەردەچن بەرەو ماڵەوە و منیش لەفتبوونی دەوامی رۆژێكمدا بینینی خەونی دروستبوونی دەوڵەتی كوردیشم لەكیسچوو!
 

 
Copyright 2009 - 2010 All rights reserved to Civilmag.com