ونبوونی میلۆدییەكانی سەباح شێخانی  

 

 

سڤیل: وشیار ئەسوەد

هەمیشە یاخی بوو، جوانییەكانیشی لەیاخیبوونەكەیدا بوو، لەهەموو رووداوە سیاسییەكانیش ئەوەندەی بوارە هونەرییەكە بۆچوونی خۆی هەبووە و هەڵوێستەكانیشی مایەی تێڕامان بوون. راستیتان دەوێ زۆر نین ئەو هونەرمەندانەی لەكەركووكدا ئەوەندەی سەباح شێخانی پێداگر بووبن لەسەر چارەسەركردنی كەموكورتییەكانی هونەرمەندان، ئەمە كەمكردنەوە نییە لەشانوباڵی ئەوانی تر، بەڵام پێموانییە كەسێكیش ئەو بوێرییەی تێدا بێ نكۆڵی لەو راستییە بكا، كە رەخنەگری وەك ئەو لەناو هونەرمەندانی ئەو شارەدا دەگمەنن، لەوەش زیاتر ئێمە هەموومان تا بەیەكجاری جێی نەهێشتین، بەها راستینەكەی ئەو هونەرمەند و كەسایەتییە گەورەیەمان نەخوێندەوە.
لەناو ئەوانەی ئێستە لەكەركووكدا كاری هونەری دەكەن، دەگمەنن ئەوانەی بەمردنیان ئەوەندەی سەباح شێخانی كاریگەری بەجێ دێڵن كە بەهیوام لەوە پتر مردن بۆ ماوەیەك بەرۆكمان بەردا، لەم ماوە كەمەی دواییدا هەر قڕانمان تێ كەوت، (جەمیل جێماو، محەمەد شەریف نادر، لایەق كاكەیی، تەحسین یاسین، نیهایەت خەلیل كاكەیی، سەڵاح داودە، حوسێن میسری، كەریم باوەیی، كاكەمەند سەمەد، سەباح شێخانی و چەندی تر)، ئەرێ بەڕاست خۆ لەو ژمارەیەش پتر لەناو هونەرمەندان و ڕۆشنبیرانی شارەكەدا نەخۆشمان هەن، بەتایبەتیش ئەوانەی نەخۆشیی دڵ بەرۆكی گرتوون و هەر ئەوەندەتان زانی وردە وردە ریزیان بۆ مردن بەرەو لای هاوڕێكانی تریان بەست، لەناویاندا منیش لە هەمان نۆرەدا وەستاوم. بێگومان مردنی هەریەك لەوان كاریگەر بوو، بەڵام پێموانییە كەسیان ئەوەندەی سەباح شێخانی هەناسە سارد بووبێ.
ئەو نەگبەتە جیا لەوەی موزیكژەن و هاوكات دەنگخۆشیش بوو، بەڵام لەسەرەتا تا كۆتایی هەناسەی وەك ئاوازدانەرێك هاتە ناسین، ئەگەر وەك هەڵسەنگاندنیش لەكارەكانی بڕوانین كە لێرەدا شوێنی ئەو هەڵسەنگاندنە نابێتەوە، خاوەنی دەیان كاری پڕ لەجوانی بوو، بەڵام ئەوەی بۆ ئێمە دەبێتە مایەی كەسەر و زیانی گەورە، ئەو چەندان ئاوازە نوێیەی بوو كە لەم ماوەیەی دواییدا داینابوون و وا تێدەگەم لەگەڵ خۆیدا بردنیە ژێر گڵەوە، چونكە شێخانی وێڕای ئەوەی لەهونەرمەندە دیارەكان بوو، بەڵام چ كاتێك ئەو ڕژدییەمان پێوە نەدەبینی، كارە هونەرییەكانی پارێزراو بكا، واتە بەپێی زانیاری من هەر ئاوازێكی نوێی دابنایە، تەنیا لەمێشكی خۆی دەهێشتەوە، بێ ئەوەی لەنەواردا كۆیان بكاتەوە، بۆیە وادەزانم تاكوتەرا نەبێ زۆر كاری بەهۆی مردنەكەیەوە لەناو دەچن، ئەگەرچی لەوەشیاندا بەخت یاوەری من بووە، كە دوایین گۆرانیم لەئاوازی ئەو هونەرمەندەیە و بەتۆماركراوی لەبەردەستمدایە. كەواتە شێخانی ئەوەندەی بەبێنازی ژیا، لەمردنێكی بێنازیشدا سەری نایەوە. دەكرێ بڵێین لەناو ئاوازدانەرانی كورد لەكەركووكدا تەنیا سەباح شێخانی و نورەدین جاف بەپێوە وەستابوون، سەباح كەوت، بەو هیوایەی نورەدین تا ماوەیەكی زۆرتر بەپێوە بمێنێتەوە.
سەباحی هەمیشە مەست بەمەی و بادە، دیوێكی تری ژیانی ئەو هونەرمەندە بوو، لەسەروبەندی مەستیدا زۆرترین گفتوگۆی سیاسی و هونەریی دەكرد، بەبۆچوونی من لەكاتە ئاساییەكانیشدا ئەو بوێرییەی كە دەینواند زادەی مەستی بوو، واتە هیچ سوودێكی لەمەستی نەبینیبێ و دواتریش سەری خواردبێ، بەڵام ئەو مەستییە بوێرییەكی پێ بەخشی كە تا ئەبەد وەك نموونە بكەوێتە بەر ئاماژەوە. بۆیە سەباح شێخانی ئەوەندەی خۆشەویستی هەمووان بوو، لەوەش پتر بەمردنەكەی داخێكی گرانی بۆ جێهێشتین، ئیتر نازانم بۆ داهاتوو هونەرمەندانی كەركووك تا چەند ئەمەك بەرامبەر بەسەروەرییەكانی دەنوێنن، یان وەك زۆری تر دەكەوێتە پەراوێز و بۆتەی لەبیرچوونەوە. خۆزگە بەهەڵەدا چووبم.
 

 
Copyright 2009 - 2010 All rights reserved to Civilmag.com