|
سڤیل:
مەولود ئافەند
لەچەند رۆژی رابردوودا و لەشاری هەولێر،
كۆنگرەی رەوەندی كوردی سوریا بەبەشداری
نوێنەری زۆر لەپارت و لایەنی سیاسی و ژمارەیەك
لەكەسایەتی سەربەخۆ بۆ شرۆڤەكردنی رەوشی سوریا
لەدوای كۆتایی هاتنی دەسەڵاتی بەعس بەڕێوەچوو.
ئامانج و ستراتیژی سەرەكی ئەو كۆنگرەیە
دروستكردنی ستراتیژییەكی هاوبەش بوو بۆ
چارەسەری پرسی كورد لەدوای رووخانی دەسەڵاتی
ئەسەد و مەسەلەی چارەنووسی كورد و دروستكردنی
بەرەیەكی یەكگرتوو لەناو پارت و لایەنە
سیاسییەكانی كورد لەرۆژئاوای كوردستاندا، كە
لەئەگەری روخانی سیستەمی بەعس لەسوریا
داهاتوویەكی نادیار چاوەڕوانی كورد دەكات لەو
پارچەی كوردستان، هۆكاری سەرەكیشی دەگەڕێتەوە
بۆ نەبوونی گوتاری یەكگرتووی پارتەكانی
ئۆپۆزیسیۆنی كورد.
مەسەلەی ئەو پارچەبوونەی گوتاری كورد
لەڕۆژئاوای كوردستان لەدوای ماوەیەكی زۆر
لەخۆپیشاندان و ناڕەزاییە جەماوەرییەكان
لەشارەكانی سوریا و كوژران و برینداربوونی
ژمارەیەكی زۆر لەهاوڵاتییانی سڤیل دێت، كە
بۆشاییەكی بەرفراوانی دروست كردووە لەنێوان
پارتەكانی كورد دا و تا ئێستاش نەیانتوانیووە
ئەو بۆشاییە پڕبكەنەوە.
پێشكەوتنەكان لەوڵاتی سووریا بە هێزی جەماوەر،
بەهەموو شێوەیەك دەرفەتی بۆ گەلی كورد لەو
بەشەی كوردستان رەخساندووە، كە بە مافەكانیان
بگەن، بەڵام مەرجی سەركەوتن لەئێستادا
لەیەكگرتندایە، پێكهێنانی یەكێتیەكی نەتەوەییە
كە دەتوانێ ببێتە بنەمایەكی سەرەكی بۆ خەباتی
سیاسی كوردو بەشداری لەحكومەتی داهاتوودا كە
لەدوای رووخانی دەسەڵاتەكەی ئەسەد دروست دەبێ.
بەڵام ئەوەی كە لەكۆنگرەی رەوەندی كوردی سوریا
لەهەولێر هەستی پێدەكرا، ئامادەنەبوونی پارتی
(پەیەدە) بوو لەناو كۆنگرەدا، كە وەك پارتێكی
نزیك لەپەكەكە پێناسە دەكرێ و خاوەنی میراتێكی
زەنگینی پەكەكەیەو خاوەنی بەرخودانێكی
مێژووییە لەرۆژئاوای كوردستاندا. ئەو پارتە
دەڵێ داوەت نەكراوین، ئەگەر وابێت، ناكرێ باسی
دروستبوونی بەرەیەكی یەكگرتوو بكەین بۆ خەباتی
داهاتوو، لەكاتێكدا گەورەترین پارتی كورد لەو
بەشەی كوردستان پەراوێزخراوە. لەو حاڵەتەدا
ئەم كۆنگرەیە ئەو ئامانجە ناپێكێ كە بتوانێ
خزمەت بەچارەسەری و ناكۆكییەكانی ناو لایەنە
سیاسیەكان بكات، ئەگەر داوەتیش كرابن و خۆیان
نەچووبن، وەك لە روونكردنەوەكەی سەرۆكایەتی
هەرێمدا هاتووە، دیسانەوە ئەنجامەكە یەك شتە،
كە پەرتەوازەیی و یەكنەگرتوویی كورد نیشان
دەدات.
دیارە مێژووی كورد هەمیشە بەو ئەزموونە تاڵ و
تێكدەرانەدا دەرباز بووەو ئێستاش گوتاری
یەكگرتووی كورد نەك تەنیا لەپارچەی رۆژئاوای
كوردستان، بەڵكو لەهەموو پارچەكان بوونی هەیەو
هێز و لایەنە سیاسیەكانی كورد لەبەر
بەرژەوەندی حزبی و بیركردنەوەی "من برا
گەورەم" ناتوانن خۆیان یەكبخەن و ستراتیژییەكی
یەكگرتوویان هەبێ بۆ گەیشتن بە مافە
سەرەكییەكانیان.
رۆژئاوای كوردستان لەناو قەیرانێكی قووڵی
پارچەبوون و ناكۆكی حزبایەتیدایە لەئێستادا،
زۆربوونی پارت و لایەنی سیاسی كورد لەسوریا و
دابەشبوونی بەسەر دووبەرەدا بووەتە گەورەترین
لەمپەر لەپێش خەباتی كورد لەو پارچەیەدا،
تەنانەت ئۆپۆزیسیۆنی سوریا لەئێستادا سەری
سوڕماوە لەو دابەشبوونەی ناو پارتەكانی كورد
لەسوریا. هەر ئەمەش بوو وایكرد كە سەرۆكی
ئەنجومەنی ئینتیقالی سوریا لەئەنكارا هێرش
بكاتە سەر كورد و بەمەسەلەی جیاخوازی و
پارچەكردنی خاكی سوریا سەركوتیان بكات.
دوای كۆنفرانسی ئەنكارا كە بەشێكی زۆر
لەهێزەكانی ئۆپۆزیسیۆنی سوریا بەشداریان تێدا
كرد، لەوێش مەسەلەی پارچەبوون و ناكۆكی ناوخۆی
پارت و لایەنە سیاسیەكانی كورد هەر وەك خۆی بێ
چارەسەری مایەوە، لەئەگەری هەر گۆڕانكارییەك
لەداهاتووی سوریادا، پرسی كورد وەك مژاری
سەرەكی دەبێ گفتوگۆی لەسەر بكرێت و هەموو
هێزەكانی ئۆپۆزیسیۆنیش دەبێ لەو قۆناغەدا بیر
لەكۆتایی پێهێنانی ناكۆكییەكانیان بكەنەوەو
بیر لەپرسە چارەنووسازەكانی كورد بكەنەوەو
بتوانن بەشێوەیەكی دیموكراتیك بەشداری پرۆسەی
نوێی سوریا بكەن.
|