نێچیرڤان بارزانی سوپەرمان نییە  

 

 

سڤیل: سالار بابەشێخ

ماوەیەكی زۆرە گۆڕانكاری لەحكومەتی باشووری كوردستان بۆتە سەرباسی باسان و كۆسپەكانی بەردەمیشی لەقەیران نزیكدەبێتەوە. راستە دەستاودەستكردنی حكومەت و كەمتەمەنبوونی دەسەڵاتی سیاسیی (كەس یان لایەنێك) لەسەر حكومەتێكی دیفاكتۆ، یان دەوڵەتێكی سەربەخۆ، لەپێوەرەكانی دیموكراسین، بەڵام سەقفی زەمەنی ئەو دەسەڵاتە بۆ دوو ساڵ زۆر نییە، لەوماوەیەدا گەلێك لەپڕۆژەكان بەنیوەچڵی بەجێدەمێنن، وەلێ بەختیاری كورد لەباشووری كوردستان ئەوەیە، كە حكومەتی نوێ درێژەپێدەری كار و پڕۆژە ستراتیژییەكانی كابینەی پێش خۆیەتی و كارنامەی پێش خۆی زەربی سفر ناكات.
ئەز كوێخای گەل نیم و تەنیا رای خۆم دەردەبڕم، بەڵام پێموایە زۆر لەهاوڵاتیان لەتەك ئەو بۆچوونەدا هاوڕان كە كارامەیی و كاریزمابوونی نێچیرڤان بارزانی وەك سیاسەتوانێكی تەكنۆكرات، حاشای لێناكرێ و بەهۆی ئەو پێگە جەماوەرییەی كە لەناو پارتی دیموكراتی كوردستان وەك یەكێك لەزلحزبەكانی باشووری كوردستان و تەنانەت لەلای هاوڵاتی بێلایەن و سەر بەلایەنەكانی دیكەش هەیەتی، دەتوانێت رەوشی پێكەوەژیان و سەقامگیری ئاشتەوایی و ئاوەدانی زیاتر بۆ وڵاتەكەی بێنێتەدی، بەڵام لەم هەلومەرجە هەستیار و ناسكەی عێراقدا كە بەداخەوە باشووری كوردستانیشی پێوە لكێندراوە، هەروەها لەم دۆخە پڕمەترسی و پڕگەندەڵییەی كوردستان، بارزانی سوپەرمان نییە بەتەنێ بتوانێت بەسەر هەموو هاوكێشە سیاسی و ئابوورییە ئاڵۆزەكاندا زاڵ بێت. بۆیە دەبێت پێشوازی لەو هەنگاوە بكرێ، كە بەراهیی (ئەولەوییەت) هەموو كارێكی كابینەی نوێ یەكخستنی ناوماڵی كورد بێت و یەكڕیزییەكی قایم و مكۆم بێنێتە ئاراوە، كە عێراق و وڵاتانی دراوسێ و رای جیهانیش تەنانەت بەرامبەر بەخواستی سەربەخۆیی كورد ملكەچ بكات، بۆ ئەمەش دەبێت ئۆپۆزسیۆن و دەسەڵات مەودای نێوانیان كەم بكەنەوە.
 

 
Copyright 2009 - 2010 All rights reserved to Civilmag.com