عەزیز محەمەد، ئەو هاوڕێیەی بە بێدەنگی بە جێمان دەهێڵێ!  

 

فەیسەڵ خەلیل

كاتێك سەیری حاڵی خۆی كرد، دەمێك داما و گوتی "كاوێس ئاغا لەلاوكێك دەڵێ، خۆزگە مردن هەبا، حەیف و مخابن پیری نەبوایە". دەستەكانی تەواو دەلەرزین، چەند جارێك ویستی قومێك لەقاوەكەی بەردەمی بخواتەوە، بەڵام نەیتوانی و دەستەكانی دەلەرزی، پیاوێكی بە ویقار و بە ئەزمون، پیاوێكی سادە، بەڕێز، كۆمەڵێك سیفەتی تر، لە سیمای ئەو پیاوە دەدۆزیتەوە، هەر بە هێمنی قسەی دەكرد، زۆر لەسەرخۆ گوتی "هەندێكجار دەڵێم مەعقول نییە، یاداشت نەنوسمەوە، ئەوەندە نهێنێیە لەگەڵ خۆم ببەمە قەبر، هەندێكجاریش بە عەكسەوە، دەڵێم ئەگەر بنوسمەوە چ ئیستفادەیەكی دەبێت، ئێستا هیچ موقابەلەیەكیش ناكەم، خۆم بێ دەنگ كردووە، تاقەتیشم نەماوە، هەر رەنگە ئەوها بە بێدەنگی بمێنمەوە". ئەوە دوا قسەی هاوڕێ عەزیز محەمەد بوو بۆ ئێمە، بەو قسانەش بێ ئومێدی كردین، لەوەی چیتر هەوڵی دیمانەكردنی لەگەڵ نەدەین، لەوەش بێئومێدتری كردین، پیاوێك كە زیاتر لە نیو سەدە كارەكتەری سەرەكی ناو رووداوەكان بووە، بێ دەنگ دەبێت و هیچ یاداشتێك نانوسێتەوە، دوا قسەشی بە پێكەنینەوە كرد هەر كاتێك دێنە ماڵەوە، ماڵ ماڵی خۆتانە، دادەنیشین قسەش دەكەین، بەڵام بە ناوی رۆژنامە و تەلەفزیۆن هیچ شتێك ناڵێم".
هاوڕێ عەزیز محەمەد، بۆ نەوەی ئێمە ئەو پیاوە سیاسیەیە، كە لەناكاو دەردەكەوێ و لەناكاویش ون دەبێت، یان بە لایەنی كەم من وام بینیوە، هاوڕێ لەدوای راپەرین لەهەولێر وتارێكی جەماوەری لەیاریگای هەولێر خوێندەوە، جەماوەرەكەی كە بۆ وتارەكەی هاتبوون، هیچی ئەوتۆیان كەمتر نەبوو لەجەماوەری كاك مەسعود و مام جەلال، دوای ئەوە هاوڕێ ون بوو، هیچی وەها باس نەكرا، لەشەڕی ناوخۆ هاوڕێ دەركەوتەوە، زۆری هەوڵدا دواتر لەدانیشتنە یەكەمەكانی نێوان پارتی و یەكێتی كە ئەو كاتە لەكۆیە و لەشەقڵاوە دەبەستران، چیتر لەكۆبوونەوەكان ئامادەنەبوو، لەكاتی رووخانی رژێمی بەغدا هاوڕێ بۆ جارێكی تر دەركەوتەوە، پۆل بریمەریشی بینی، بەڵام دووبارە ون بووەوە، هەندێك دەڵێن هاوڕێ عەزیز محەمەد بە نیاز بووە بێتەوە ساحەی سیاسی عێراقی، بەڵام لەگەڵ دانیشتنەكەی پۆل بریمەر، بێ ئومێد بووە، چونكە پۆل بریمەر بە فیكرەكانی هاوڕێ رازی نەبووە، بە تەقلیدی زانیوە، من ئەو بۆچوونە رەت دەكەمەوە، پیاوێكی وەك عەزیز محەمەد بەتەزكییەی پۆل بریمەر بێتەوە ناو پرۆسەی سیاسی عێراق، عەزیز محەمەد ئەو سیاسیە نییە، بە عێراق نامۆ بێت.
سیاسەتكردن ئەوەندەی پراكتیكە، دوو هێندەش قسەكردنە، كە بە موستەلەحە سیاسیەكەی پێی دەڵێن هەڵوێست، بێ دەنگی ئەو سیاسیە، مانای چی دەگەیەنێ؟ ئایا مەسەلەكە تەنها پیربوونە؟ یان ئێمە لەنوسینەوەی یاداشتەكانی ئەو چ سودێكمان پێ دەگات؟ بەر لەهەموو شتێك كۆمەڵێك رووداو لەماوەی ساڵانی بێ دەنگی هاوڕێ عەزیز محەمەد روویداوە، گرنگ بوو بۆچوونی ئەو سیاسیە موخەزرەمە بزانین، جگە لەوەش هاوڕێ ساڵانێك سكرتێری حیزبێك بووە، كە لەمێژووی نوێی عێراق یەك سەدە شاهێدە، یەكێكە لە حیزبە كۆنەكان، ئێمە باسی مێژوو دەكەین، ئەوەمان لە بیرە هاوڕێیانی عەزیز محەمەد، بەمدواییە بە حەوت حیزب نەیانتوانی یەك كورسی بهێنن، ئەو حیزبەی كە هاوڕێ فاتیح رەسوڵ گوتویەتی "هەڵەی زۆر بووە"، ئێمەش دەڵێین خەباتیشی زۆربووە، جا ئەگەر بمانەوێ باسی مێژووی ئەو حیزبە بكەین، دەبێ هاوڕێ قسەمان بۆ بكات.
ئایا قەدەری شیوعییەكانی ئێمە ئەوەبوو، كە بێ دەنگ بن، یان تەقاعودی پارتی و یەكێتی بن، باسی هەموویان ناكەم، لێرە تەنها باسی بێ دەنگییەكەی عەزیز محەمەدم كرد، كە لەنێوان رۆژنامەنووسان گرەو لەسەر ئەوە دەكرا بیدوێنن، خۆشی باسی ئەوەی كرد، "دوو سەعات قسەم بۆ كابرایەك كرد، بە دزی دەنگمی تەسجیل كردبوو، كە ئاشكرا بوو، گوتی گرەوم لەگەڵ برادەرێكم كردووە، كە من دەتوانم هاوڕێ عەزیز محەمەد بدوێنم".
 

 
Copyright 2009 - 2010 All rights reserved to Civilmag.com