|
رێبوار سیوەیلی
بە بڕوای من، حیزبی شیوعی نامۆكراوە بەو چینەی
كە دەبوو متمانەی خۆیان بەم حیزبە ببەخشن و
ئەویش چینی زۆرلێكراوان و ستەمدیدە و
كرێكارانن، كە دەبوو ڕۆژگارێك لە هەموو
جیهاندا یەكبگرن. بەڵام لە جیهانێكدا كە پڕ
بووە لە حیزب و لە كۆمەڵگایەكدا كە
چەوساندنەوە و ناعەدالەتی لەو پەڕیدایە و لە
وڵاتێكدا كە پێوەری نزیكبوونەوەی خەڵك بەهیچ
شێوەیەك ئایدیۆلۆژیا و بەرنامە نیە و بڕی
پارەیە، بێگومان دەبێت حیزبی شیوعی پاشەكشە
بكات. بەڵام ئەم پاشەكشەیە لەوێوە نەهاتووە كە
لەم كۆمەڵگا و نیشتیمان و جیهانەدا مرۆڤی
چەوساوە نەماوە، كرێكاران بە گشت مافەكانی
خۆیان گەیشتوون و كۆی ئەو توێژینەوە و
فەلسەفانەی بناخەی حیزبی شیوعییان لەسەرەوە
دامەزراوە، پووچەڵ بوونەتەوە. پاشەكشەی حیزبی
شیوعیی لە هیچكامێ لەمانەدا نیە و لە دڕندەیی
سیستەمێكی سەرمایەداری بازاڕ و بێدیسپلین و
بەربەرەڵادایە، كە لەلایەن كۆمەڵێ جاهیلی
تازەپیاكەوتووەوە ڕێبەرایەتی دەكرێت، كە هەم
پارە و هەم پێگە و هەم میدیاكانیان لە ژێر
كۆنتڕۆڵی كۆمەڵگا دەرهێناوە و بە ئارەزووی
خۆیان ئاراستەیان دەكەن و ئەم ئاراستەكردنەش
بەناوی كۆمەڵێ ئایدیۆلۆجیای ڕووكەشی بێبناخەوە
ئەنجامدەدەرێ، كە جگە لە درۆكردن لەگەڵ مرۆڤ و
كەرامەت و گەورەییەكەی هیچ مەبەستێكی دیكەیان
لە پشتەوە نیە. ئەوەی پاشەكشەی بە حیزبی
شیوعیی لە كۆمەڵگایەكدا كە پێویستی بەو جۆرە
حیزبانە هەیە، كردووە، زیرەكی حیزبەكانیتر و
پڕۆژە و ئایدیۆلۆجیا ڕووكەشەكەیان نیە،
هەروەكچۆن ناكرێت چاویش لە كەمتەرخەمی و
نازیرەكی شیوعییەكانیش بپۆشین لە جێخۆشكردنی
خۆیان لە كۆمەڵگای كوردستاندا و چۆڵكردنی ئەو
سەنگەرانەی دەبوو ئەوانی تێدا بن، نەك
كەسانیتر، بەڵكو ئەوەی پاشەكشەی بەو حیزبە
كردووە ئەو گوتارە سیاسیە ڕواڵەتگەرا و
میدیاییەی حیزبەكانیترە، كە لە پێستی ڕێویدا،
خۆیان وەك شێر پیشاندەدەن و لەبەرامبەر
نەیارەكانی كوردستانیشدا شەرمن و دۆشداما و
ڕۆژێ دەستەودامانی ئەنقەرە دەبن و ڕۆژێ لە
تاران لە خزمەتی ئیمامدان. ئەم بازرگانانەی
سیاسەتن كە بە زەبری پارە ڕۆحی ڕەخنە و فیكر و
مرۆڤایەتیان لەم وڵاتەدا كڕیوە و بە مژدەی
ناڕاست و پووچكردنەوەی هەر شتێ كە بۆنی بەهای
مرۆیی لێدێت، گوتارێكی سیاسیی ترسناكیان
بەرجەستە كردووە، كە نەك هەر تەنیا مانەوەی
حیزبی شیوعی دەخاتە مەترسییەوە، بەڵكو مانەوەی
زانست و فیكر و ڕەخنەش لە ژێر هەڕەشەی
جیدیدایە. لەبەر ئەوە، من پاشەكشەی حیزبی
شیوعیی لە پووچەڵبوونەوەی ئەو تێز و
سەرچاوانەدا نابینم كە بەم یان بەو شێوەیە
بوونەتە بنەمای دامەزراندنی حیزبێكی ڕەسەن، كە
لە خەباتكردنیدا لەپێناوی مرۆڤایەتی و
بەهاكانی وەك عەدالەت و یەكسانی و ڕۆشنبیریی و
كەلتووریدا، بە هەزاران شەقاو لە پێش ئەو
حیزبانەوەیە كە ڕۆژانە كەژاوەی خەباتیان بۆ
خەڵك لێدەدەنەوە. بەڵێ ڕاستە حیزبی شیوعی
لەساڵانی ڕابردوودا ڕووبەڕووی هێرشی ئیسفەنجیی
حیزبەكانیتر بۆتەوە و بە لێشاو ئەندامەكانیان
هەڵمژتوون، ڕاستە حیزبی شیوعی لە ئاستی
سەركردایەتیدا دووچاری دۆگما و دابڕان و پێگە
و هەرەمییەت بووە، ئەوەش ڕاستە كە میدیای ئەم
حیزبە لاواز و دۆستە كۆنەكانی دوورەپەرێزیی
لێدەكەن و كەسایەتیە دیارەكانی وەك پێویست
داكۆكیی لە خەباتی دێرینەی حیزبەكەیان ناكەن و
بوون بە داوی نەسریە و پاراستنی
پەیوەندییەكانیان، بەڵام ئەم پاشەكشەیە
بەمانای ئەوە نیە، كۆمەڵگای ئێمە دەتوانێ چاو
لە مانەوەی ئەم جۆرە حیزبە بپۆشێ و زەمینەی
كۆمەڵایەتی خۆی لەدەستداوە. ئەگەر واش بێت و
ئیتر شایەتی حیزبێكی ئەوتۆ لە واقیعی خۆماندا
نەبین، ئەوە بە مانای ئەوەیە ئەو حیزبە لە
ماوەی زیاتر لە پەنجا ساڵە خۆراكبەخشی كۆی
حیزبەكانیترە و بە جۆرێ لە هەموویاندا
تواوەتەوە. بۆیە ئیتر وەكخۆی نامێنێ و لە
هەموواندا ئامادەیی هەیە، چاو خشانەوەیەكیش بە
بەرنامەی حیزبەكانیتردا ئەو ڕاستیەمان بۆ
دەسەلمێنێ. |