|
جەبار جەمال غەریب
هەموو یەكێك لەئێمە چەند بوونێكی هەیە، یەكەم
بوونمان بوونێكی بایۆلۆجیە. واتە بوونی دەست و
لاق و سەر و مێشك و بڕبڕەی پشت. ئەو بوونەی
ئینسان لەبەرئەوە نییە، كە هەبێت و بەس، ئەو
بوونە دەبێ لەرێگای بەكارهێنان و
ئەزموونكردنەوە مانای بدرێتێ.
دووەم، بوونمان بوونێكی كۆمەڵایەتیە، سێیەم
بوونێكی سیاسییە..، هەموو ئەو بوونانە لەكوێدا
دەردەكەون؟ لەكوێدا وجودیان هەیە؟ بڕگە و
بەندەكانی پەیمانی كۆمەڵایەتی زۆر و
دوورودرێژن، بەڵام روحی ئەو پەیمانە
بەشدارییە. تۆ كاتێك ئەندامی لەكۆمەڵگایەك، كە
بەشداریت هەبێت. بەشداریش تەنها لەرێگای
چالاكیەوەیە. تۆ كاتێك وەك كائینێكی سیاسی
هەیت، كە بەشداریت هەبێت و ببینرێی.
بوونی كۆمەڵایەتی مانای چییە؟ واتە منداڵبوون
و گەورەبوون، باڵقبوون و گەنجبوون، كامڵبوون و
پێگەیشتن، لەهەموو ئەو قۆناغانەدا چالاكیەكی
كۆمەڵایەتی هەیە، ئەو چالاكیانەن شوێنی تۆ و
بەهای تۆ و بوونی تۆ دیاری دەكەن. گەورەترین
سزا بۆ كەسانی كەتنكەر، بێبەشكردنیانە لەو
چالاكیە كۆمەڵایەتیانە، واتە زیندانی و
بەندكردنیان.
سیستەمە دادوەرییەكانی دنیا لەسەر ئەوە كۆكن،
كە فەرامۆشكردنی تاوانكار، گرتن و
دوورخستنەوەی لەبەشداری كۆمەڵایەتی و
بەندكردنی لەسەر رووحی سزادراوەكە لەدەستبڕین
و لەسێدارەدان كاریگەرترن.
لەئەدەبیاتی بەشی زۆری نەتەوە ژێردەستەكان،
یان لەناو ئەو گەلانەی بەدەستی حكومڕانێكی
زاڵمەوە گیرۆدەن، رستەیەكی هاوبەش دەدۆزینەوە،
رستەیەك كە لەبیرەوەری بەشی زۆری
هاونیشتیمانیەكانی ئەو وڵاتە نووسراوە، ئەویش
ئەوەیە "وڵاتەكەمان زیندانێكی گەورەیە".
تێگەیشتنی قوڵ لەپشت ئەو رستەیەوە هەیە،
هاوڵاتی لەهیچ شوێنێ بەشدار نییە، ئەو نازانێ
كێ وڵات بەڕێوە دەبات، سیستەمی خوێندن چۆنە،
ئەو وڵاتە چی لێدێت، ئەوە سەرەڕای بێبەشكردنی
لەهەموو بەشدارییەك، بەڵێ ئەو وڵاتە بۆ
دانیشتوانەكەی زیندانە.
دەكرێ لەسەر ئەو بنەمایە بپرسین، ئەرێ
كوردستان زیندانێكی گەورەیە؟ ئەرێ هاوڵاتیی
كورد لەچالاكیەكانی ئەو وڵاتە بەشدارە؟ ئەرێ
لەبەڕێوەچوونی ڕەوڕەوەی ئەمڕۆ، كە سبەینێ
دەبێتە مێژوو، هاوكارە و شوێنێكی هەیە؟!
كێشەی هەرە گەورەی كوردستان كەنارخستنی بەشی
هەرە زۆری خەڵكە، تۆ وەكو كوردێك و وەكو
هاوڵاتیەك لەكوێدا هەی؟ لەكوێدا پێویستی؟
بەرهەمت چییە؟ كێ گوێت لێدەگرێ؟
كارمەندانی تەندروستی، پیاوان و ژنانی بواری
كشتوكاڵ، فەرمانبەرانی وەزارەتی گەیاندن، كەڵە
زانایانی وەزارەتی رۆشنبیری لەناو رۆتین و
"نەبوونی هیچ كارێك" كە بیكەن و بەشداری
دروستكردنی مێژوو بكەن، مردن. لەشكری
مامۆستایان نازانن مەنهەج لەكوێوە دێت، نازانن
سیستەم كەی و چۆن دەگۆڕێت، هەرگیز هەست ناكەن
لەهیچ شوێنێ لەو سیستەمەدا پێویستن. لافاوی
قوتابیان كە تەنها ئەوانەی لەپۆلی دوانزەن و
بەشداری ئەزموونەكان دەكەن، حەفتا هەزار كەس
لەهەر وڵاتێكدابن، بەمەرجێك ئەو وڵاتە
زیندانێكی گەورە نەبێت، سامان و خەزنەیەكی
لەبننەهاتوون، دەتوانن سەرلەنوێ وڵاتێكی وێران
ئاوەدان بكەنەوە، بەڵام من گومانم هەیە، ئەو
لەشكرەی لەو بێبەرنامەییەدا لەچەند ساڵی
داهاتوودا وڵات ژێروژووردەكەن. بەڵێ بۆ هەموو
ئەو كەسانەی بەشدارنین، كوردستان زیندانە،
زیندانێكی خەمناك.
ئەو كەسانەی خۆیان كردووە بەكوێخای ئەو وڵاتە،
ئەو بەدەسەڵاتە لەپشت دیوارە بەرزەكان خۆیان
حەشارداوە، ئەو زانا و بیرمەندانەی خوێن
دەڕێژن، بۆئەوەی جگە لەخۆیان كەس
لەبەڕێوەبردنی ئەو وڵاتە هاوبەشیان نەبێ،
بیریان لەمەترسیی فەرامۆشی خەڵك كردۆتەوە؟
بیریان لەوە كردۆتەوە، كە هەموو ئەو
توانایانەی ئەوان پشتگوێی دەخەن و هەلی
بەشدارییان نادەنێ، رۆژێك بەسەریاندا
دەتەقێتەوە، ئەوە یاسای كۆمەڵایەتی نییە، ئەوە
یاسایەكی زانستی و فیزیكیە، ئەو هێزەی
لەسوچێكدا گەمارۆی بدەی و نەهێڵێ دەركەوێت و
پانی كەیەوە، بەهەمان هێز و زیاتریش
دەتەقێتەوە، بەڵام لەئەنجامی ئەو چەپاندنە و
لەئەنجامی فەرامۆشكردنی خەڵك و نەدانی بواری
هاوبەشی و چالاكی و رێگەگرتن لەبەشداری خەڵك
هەر تەقینەوەیەك رووی دا، تەنها ئەوەندەتان
جورئەت هەبێ، خۆتان بەبەرپرس بزانن.
|