|
جەبار جەمال غەریب
دین یەكێكە لەبنەما گرنگەكانی بەهای
كۆمەڵایەتی، كۆمەڵگا كوردی لەدینەوە ئەخلاق
وەردەگرێ، لەدینەوە ئاستی كۆمەڵایەتی خۆی
دیاری دەكات. بەهۆی دینەوە ژن دەهێنێ و
لەرێگای دینەوە كەسابەت دەكات و
پەیوەندییەكانی هەر بەهۆی دینەوە رێكدەخات و
بەرێگایەكی دینیش دەمرێت و دنیا بەجێدێڵێ.
كۆمەڵگای كوردی غەرقە لەدیندا، لەو رێگایەوە
بیر دەكاتەوە و دەژی، هەتا رۆژەكانی و
كاتەكانی بەهۆی مەراسیمە دینیەكانەوە دابەش
دەكات.
بەڵام ئەمڕۆ دین پشتی لەو كۆمەڵگایە كردووە،
دین رۆڵەكانی خۆی جێهێشتووە، رابەری ئەو دینە،
پێشڕەوەكانی، هەتا فریشتە و پیرۆزییەكانی
دەرگایان لەسەر خەڵك داخستووە و پەیڕەوكارانی
خۆیان ناناسنەوە؟
پێش ئەوەی فیداكارێك شمشێرمان لێدەرهێنێ و
هاوار كات، با پێتان بڵێم دین كەنگێ پشت
لەباوەڕدارانی دەكات؟
كەسێك نییە لەو دونیایەی ئێمە، كە ژمارەی
دانیشتووانی شەش ملیار كەسە، رووحی پیرۆزی
دیبێت. موسڵمان بۆ تێركردنی پێویستییە
رووحییەكانیان روو لەپیاوانی ئاینی دەكا. ئەرێ
ئەمڕۆ پیاوی ئاینی هەیە؟ كەسێك هەیە لەپێناوی
خوادا جوبە و عەبای لەبەر كردبێت؟
پیاوانی ئاینی ئەمڕۆ، (كەپێیان ناخۆشە پێیان
بڵێی مەلا، كە مەلا لای من پایەكی كۆمەڵایەتی
بەرزە)، لەو مەلا رووخۆش و ئیشكەر و لێبوردانە
ناچن، كە من دەمناسین.
ئەو مەلایانەی من دەمناسین هاوخەمی جوتیارێك
بوون، كە گایەكی لەدەست دەدا، دڵخۆشی
پیرێژنێكیان دەدایەوە، كە منداڵەكەی دەمرد،
كۆمەكی پەككەوتان و نەخۆشانیان دەكرد، بەبێ
ئەوەی نیازیان بەوە هەبێ، ئەو كەسانە دەنگ
بەحیزبەكانیان بدەن، یان سەردانی بارەگاكانیان
بكەن، تەنها و تەنها لەرێگای خودادا دەژیان.
ئەمڕۆ كورد چۆن دینی لەدەستچووە؟
مەلای سیاسی گەورەترین نەخۆشیە بۆ سەر ئیسلام،
گەورەترین مەترسییە بۆ سەر بیڕوباوەڕ.
مزگەوتەكەی دەكاتە بارەگای حیزب، جا حیزبی
دەسەڵات بێت، یان ڕكابەر، بانگەكەی دەكاتە
بانگی حیزب، جا حیزبی ئۆپۆزسیۆن بێت، یان
حیزبی پلە و پایە.
مەلای سیاسی بۆ ئەوە ناچێتە پرسە، تا فاتیحا
بخوێنێ، بۆ ئەوە دەست بەسەری هەتیو داناهێنێ،
تا خودا رازی كات، بۆ ئەوە سەردانی نەخۆش
ناكات، تا دڵنەوایی بداتەوە، مەلای سیاسی
دەچێتە پرسە، تا پەیامی حیزبەكە بگەیەنێ، دەست
بەسەری هەتیودا دێنێ، تا بیكاتە ئەندامی حیزب،
دیاری بۆ نەخۆش دێنێ، تا سەرۆكی حیزبەكەی
خۆشەویست بكات.
مەلا سیاسییەكان بوونە پاڵەوان و كارا و
سەركەوتوو بوون، حیزبیان بەهێزكرد و بۆ خۆشیان
ناسران، بەڵام دینیان لەدەست دا و خودایان
دۆڕاند.
مەلای ناسیاسی بەدڵێكی گەرمەوە، بەوپەڕی هێمنی
و باوەڕە رەخنە لەحكومەت دەگرێ، بەسەر
نووسەراندا هاوار دەكات، كۆمەڵگا ئاگادار
دەكاتەوە، بازرگانی سووخۆر سوك و ریسوا دەكات،
بێ ئەوەی كەس لەدڵی بگرێت و كەس پێی بریندار
بێت.
ئەمڕۆ دین دابەشكراوە، دینی سعودی و دینی
ئێرانی، دینی یەكگرتوو و دینی كۆمەڵ، دینی
پارتی و دینی بزووتنەوە، دینی یەكێتی و دینی
ئەفغانستان. ئەوان هەرموویان بوونەتە خاوەنی
دینی خۆیان و دینیان لەخەڵك ستاندەوە، ئەوان
هەموو بوونە خاوەنی باوەڕی خۆیان و باوەڕیان
لەخەڵك ستاندەوە.
نازانم بۆچی وا بیردەكەمەوە، هەموو ئەو
مەلایانەی لەپێناو خودادا بوونە مەلا، لەدڵەوە
لەگەڵمن، هەتا ئەگەر ژیان و فێڵەكانیشی
ئەوانیان بردبێتە ناو ماڵەكانی حیزب.
كوان ئەو مەلایانەی بانگ لەحیزبەكان
دەستێننەوە، پەرستن لەبارەگاكان رزگار دەكەن،
بیروباوەڕ و پیرۆزی لەبەرپرسەكان وەردەگرنەوە
و دەیدەنەوە بەخەڵك.
|