نەوتی رەش و چارەی ڕەش  

 

هەڵۆ مەرگەیی

نەوتی رەش و چارەڕەشی خەڵكی كوردستان، خاوەن مێژوییەكی هاوبەشی مەودادوورن، پێدەچێ‌ ئەو یەكانگیریەش هەروا توڵ بكێشێ‌، ئەمە لەكاتێكدایە وێڕای نالەباری باری ئەمنی و ناڕێكی سلكی تەندروستی، رێگەوبان و هەیمەنەی پاشخانە كولتووری و فەرهەنگییە بۆماوەییەكان بەسەر ڕەوشی پەروەردە و خوێندن و سنورداركردنی ئازادییە فەردییەكان، گەلانی عێراق بەگشتی و كوردستانیان بەتایبەتی لەگەڵ ئەوەی وڵاتەكەیان خاوەنی یەكەمین یەدەگی‌ نەوتیە لەجیهاندا، كەچی قەیرانی‌ سوتەمەنی پتر لە 20 ساڵی رابردوو تەنگی پێهەڵچنیوون.
پێش‌ رووخانی‌ حوكمی سەددامییەكان، ئەگەر هەموو لایەكمان لەسەر ئەو بابەتە هاوڕا بووبین، كە ئەو سامانە بۆ چەك و بواری سەربازی دژ بەگەلانی ناوچەكە و عیراقییەكان بەكار دەبرێ‌، تۆ بڵێی دوای راپەڕینی ئاداری 1991 هەر هیچ نەبێ‌ دوای پڕۆسەی رزگاری عێراق و رووخانی ئەو رژێمە، ئەو سامانە نیشتیمانیە زۆر و زەوەندە خرابێتە خزمەت چ پڕۆژەیەكی تری دوژمنكارانەوە؟ كێ‌ لەپشت هێشتنەوەی چارەڕەشی نەوت و عیراقیەكانەوەیە؟ حیزب و حكومەت لەم نێوەدا چ رۆڵێك دەگێڕن؟ كێ‌ لەم هەموو دزی و فزییەی لەسنوورەكان بەو سامانە نیشتیمانیەوە دەكرێ‌، بەرپرسیارە؟ دامەزراوە نەوتییەكانی ئەم وڵاتە بەئاشكرا و نهێنییانەوە كێ‌ تەسەروفیان پێوە دەكات و كارمەند و پاسەوانەكانی كێن؟ ئەی ئەوانە كێن لەپشت بەرزكردنەوەی نرخی ئەو سامانە و كەمبوونەوەی نەوتن لەبازاڕی سپیدا؟ ئەی ئەو هەناو رەشانەی بازاڕی رەشیان لەنەوتی رەش فوداوە، كێن؟ ئەم بابەتانە بۆ هەتا ئێستا نەبوونەتە جێگەی هەڵوەستە لەسەركردنی دەسەڵاتدارانی ئەم وڵاتە؟ ئەمانە و زۆر پرسیاری تر بۆ وەڵام نادرێنەوە؟ بێگومان چونكە خواستی دەزگا و دامەزراوە دەوڵەتی و حزبییەكانی لەپشتە و دەخوازن بەوێرانكردنی‌ ئابووریی‌ وڵات هەلومەرجی‌ ناسەقامگیریی‌ ببێتە دواچارە و لەو رێگەیەوە بەتاڵانبردنی ئەو سامانە نیشتیمانیە ئیستغلال بكەن و هەروا و بێپەروا بەرهەمەكانی‌ بەقاچاخ رەوانەی‌ وڵاتانی‌ دراوسێ‌ بكەن ‌و رۆژانە ملیۆنان دۆلار لەگیرفانی‌ خەڵكی ئەم وڵاتە بدزن، دیارە بەقاچاخبردنی‌ نەوت وێڕای ئەوەی لەچەند ناوچەیەكی‌ عێراق ئەنجام دەدرێت، "بەسرە و ناوچە سنووریەكانی‌ وڵاتانی‌ دراوسێی ئێران ‌و كوێت ‌و ئوردن ‌و سوریا ‌و توركیا‌" لەكوردستانیش ئەو قاچاخكارییە هەروەك ئەوەی عێراق بەپێی‌ نفوز و پێگەی‌ حیزبە زلهێزەكان دابەشكراون، زۆرترین پرۆسەی‌ بەقاچاخبردنی‌ بەشێوەیەكی‌ ئاشكرا لەساڵانی‌ 2009‌ و 2010 دەركەوتووە، كە لەو پارێزگا نەوتییانەی‌ هاوسنووری‌ هەرێمی‌ كوردستانن‌ و لەپاڵاوتگەی‌ بێجی ‌‌و چەند ناوچەیەكی‌ تر دەردەهێنرێت، هەروەكو عێنزالە ‌و كەركووك ‌و باباگوڕگوڕ كە رۆژانە بەملیۆنان لیتر نەوتی‌ بەقاچاخبراو بۆ ئێران دەخەمڵێنرێت ‌و حیزبە كوردییەكان پارەیەكی‌ زۆریان لێی‌ دەستدەكەوێت، كە بەچەندین ملیار دۆلار دەخەمڵێنرێت ‌و بۆ ئەجێندای‌ خۆیان لەگۆڕەپانی‌ عێراق بەكاریدەهێنن.
تەنها ئەو تانكەرانەی‌ كە هاتوونەتە ناو كوردستانەوە، بەهەزاران دانە دادەنرێن، كە لەلایەن پارتی‌ ‌و یەكێتییەوە بۆ بەقاچاخبردنی‌ نەوت‌ لەژێر فەرماندەیی‌ لێپرسراوە حیزبییەكان سودیان لێوەدەگیرێت ‌و دەفرۆشرێت.
بێگومان پرۆسەی‌ بەقاچاخبردنی‌ نەوت‌ بەبەرچاوی دەسەڵاتدارانی ئەم وڵاتەوە، پێشینە و زەنگێكی مەترسیدارە، چونكە ئەوەی بووەتە سەرچاوەی نەگبەتی و ژیانی گەلانی عێراق نەوتەكەیەتی، نەك ئاو، ئەگەر پەرلەمان و حكومەتی نوێی عێراق و كوردستان ئەم ئاریشەیە، هەروا بەئاڵۆزی و بێسەروبەر بهێڵێتەوە، كە مەترسییەكەی‌ هیچی‌ كەمتر نییە، لەتاوانەكانی‌ تیرۆر و لەناوبردنی‌ بەكۆمەڵ و كوشتنی كۆمەڵگەی‌ عێراقی، دەبێ كوردەكان و گەلانی عێراق بەگشتی‌ تەشی چارەڕەشی ئایندەیەكی نادیار وەك پیشەی هەمیشەییان بڕێسن و بخولێننەوە.
 

 
Copyright 2009 - 2010 All rights reserved to Civilmag.com