هەموو كات بۆ رازیكردنی ئاغاكانیان سەر دەلەقێـنن  

 

رەسول بەختیار

ئەوانەی ئاغا دروست دەكەن و دەیانەوێ هەردەم وا نیشانی ئاغاكانیان بدەن، كە ترسیان لێیانە و بەهیچ شێوەیەك لەقسەكانیان دەرناچن، ئەوە مانای ئەوەیە ئەو كەسانە هەردەم لەپۆستەكانیان دەترسن، نەوەك بەیانی ئاغاكانیان لێیان توڕە بن و لەو پۆستەدا لایان بدەن.
ئەو جۆرە كەسانە بەئاكارەكانی خۆیان سەردەمی ئاغایەتی و خێڵگەری زیندوو دەكەنەوە، بەڵام ئەوەی جێی سەرنجە، ئەو ئەشخاسانە كاتێك لەشوێنێك باس لەپێشكەوتنەكانی ژیانی سەردەم دەكرێت، ئەوان لەئەنجڵز و ماركس و كێ و كێ زۆر زیرەكترن.
رۆژنامەنووسێك لەگەڵ یەكێك لەبەرپرسی فەرمانگەكان، دیمانەیەك سازدەكا و ئیدی رۆژنامەنووسەكە ریكۆردەرەكەی لەپێش دادەنێ و بەرپرسی فەرمانگەكە بەكەیفی خۆی قسە دەكا و شیرەكەی دەردەهێنێ، دەكوژێ و ناشارێتەوە و خۆی لێ دەبێتە شێری زەمانە! تا ئێرە هەقی خۆیەتی كە چی بڵێت، چونكە ئارەزووی خۆیەتی، رۆژنامەنووسەكە پێشتریش پێی گوتووە زۆر بەئازادانە قسە بكات و بڵاوكراوەكەیان ئازادانە بابەتەكان دەخاتەڕوو. وەكو دەڵێن، بەهەر حاڵ بەرپرسەكە قسەكانی تەواو دەكات و زۆریش بەشان و باڵی خۆیدا هەڵدەڵێت و ئێمەش هیچ گلەییمان لەو قسانە نییە، ئەو ئازادە چی دەڵێت، با بیڵێت؟ بەرپرسەكە زۆر كەیفیشی بەوە دێت، كە وێنەی لەچەند لایەكەوە دەگیرێت. ئیدی هەردوولا خواحافیزی لەیەكتری دەكەن. ئەوەش هیچ! كە پاش چەند رۆژێك كاكی بەرپرسی ئەو فەرمانگەیە چەند جارێك تەلەفۆن بۆ رۆژنامەنووسەكە دەكات و پێی دەڵێت كەی دیمانەكەمان بڵاو دەبێتەوە؟ گۆڤارەكەی ئێوە زۆر بەناوبانگە و ئەو قسانە، بێگومان بەخستنەڕووی قسەكانی جەنابیشی، زۆر لەگرفتەكان یەكلا دەبێتەوە!.
رۆژنامەنووسەكەش پێیدەڵێت مامۆستا لەژمارەی داهاتوو دیمانەكەت بڵاودەبێتەوە، دیارە پێشتر كاكی بەرپرس لەزۆر شوێن باسی لەوە كردووە، كە لەیەكێك لەگۆڤارەكان دیمانەیەكی لەگەڵدا ساز كراوە و بیخوێننەوە، لەوێشدا كەمێك بەشان و باڵی خۆیدا دەڵێت و خۆی بەتاكە شارەزا لەو بوارەدا دادەنێت و چارەسەری هەموو گرفتەكانیش كلیلەكەی لای ئەوە. بەڵام دواتر وا دەرنەچوو! چونكە دیمانەكە بڵاوبۆوە، رۆژنامەنووسەكە لەچەندین لاوە چەند تەلەفۆنێكی بۆ دێت و پێی دەڵێن، كاكی برا ئەو بابەتە وا نییە، ئەو برادەرە بەناو كەوتووە، بێ ئەوەی هیچ بزانێت، رۆژنامەنووسەكەش لەو نێوەندەدا گومان لەخۆی دەكات، بەڵام لەلای خۆی بەدێڕێك گرفتەكە چارەسەر دەكات و بەتەلەفۆنچییەكان دەڵێت، دەتوانن شتێكی لەسەر بنووسن، ئەمە لەلایەك، لەلایەكی دیكەوە بەرپرسی ئەو فەرمانگەیەی كە دیمانەی لەگەڵدا سازدراوە، چەندین جار لەرێگەی خۆی و چەند كەسێكی دیكەی ناو فەرمانگەكەی تەلەفۆن دەكات و پێیدەڵێن، كە مەبەستی لەوە نەبووە، لێرەوە گوشارەكان دەست پێدەكات.
ئەو بەرپرسە لەزۆر لەقسەكانی خۆی پەشیمان دەبێتەوە و ئەمەش لەخودی خۆیەوە نەبووە، بەڵكو بەرپرس و ئاغاكانی سەرەوە رازی نین بەو قسانە و نایانەوێ بەرپرسی لەخۆیان خوارتر ئەمجۆرە قسانە بكەن، بۆیە چەند گرفتێك و نامەی هەڕەشەئامێز بۆ رۆژنامەنووسەكە دەهێننە ئاراوە، جەختیش لەوە دەكەنەوە كە (گۆڤارەكەتان) دەیەوێ ئاژاوە لەو نێوەندا بنێتەوە، كە ریكۆدەرەكەشی بۆ دووبارە بۆ لێ دەدەنەوە بەرپرسەكە دەڵێت: كاكی خۆم، من مەبەستم لەوە نەبووە، وەك هەموو لایەكیش دەزانن ئەم دێڕە دەتوانێت من لەپۆستەكە دوور بخاتەوە!
ئەمە لایەنێكی رۆژنامەگەریی ئێستای كوردەوارییە، كەچی سەندیكا رۆژنامەگەرییەكان لەرۆژی رۆژنامەگەرییدا بۆ رازیكردنی ئاغاكانیان وتاری بریقەدار لەهۆڵە ئاڵا و واڵاكان دەخوێننەوە و دیارە بەرپرسی ئەو فەرمانگانەش لەوێدا لەگەڵ هەر وشە و رستەیەكدا سەری بۆ دەلەقێنن، بەشكوم ئێ ئاغا و بەرپرسەكەی لێی رازی بێت.
r1970bakhtiar@gmail.com
 

 
Copyright 2009 - 2010 All rights reserved to Civilmag.com