قەیرانەكانی كەركوك لە دەرەوەی سنورەوە سەرچاوە دەگرن  

 

 

عامر ئەلكوبەیسی

گەر كورد بوومایە و لەكەركوك بخەوتمایە، بەرپرسی پۆلیسی شارەكە و پارێزگار (بۆ نمونە) عەرەب بوونایە، زۆر متمانەم نەدەبوو. خۆ گەر عەرەبیش بوومایە و بەرپرسی پۆلیس و پارێزگاری شارەكە كورد بوونایە، هەر متمانەم نەدەبوو. بەهەمان شێوە گەر توركمان بوونایە.
ئەو شەوە لەماڵەوە دەمامەوە و نەدەخەوتم، وەك دوو ساڵ لەمەوبەری خەڵكی بەغدا لە رۆژی پڕ مەینەتیاندا، كاتێك ژنەكانیان لەترسی هەڵكوتانە سەر ماڵەكانیان لەلایەن هێزە ئەمنیەكان و ئەمریكیەكانەوە خۆیان دادەپۆشی و بە ترسەوە دەخەوتن، پیاوەكانیش جۆرێك پۆشاكیان دەپۆشی، كە لەحاڵەتی دەسگیركردنی كتوپڕیاندا و لەزیندان بە كەڵكیان بێت. وەسیەتنامەش ئامادەبوو بۆ حاڵەتی مردنیان.
بۆیە پێموایە رەنگە بتوانم بە دڵنیاییەوە لە كەركوك بژیم، كاتێك هەست بكەم هەموو لایەنەكان فەرمانڕەوایی شارەكە دەكەن. بەرپرسی پۆلیس و پارێزگار و سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگا و نوێنەرانی شارەكە لەپەرلەمان و پێكهاتەی هێزە ئەمنیەكان و فەرمانبەرە مەدەنیەكان لەهەموو پێكهاتەكانی شارەكە بن، هیچ لایەنێكیان لێ ریزپەڕ نەكرێت و كەس ستەم لەكەس نەكات و هەموو لایەك لەداهات و سامانی شارەكە بەهرەوەر بن و سەرلەنوێ بنیادی بنێنەوە.
پێت وایە من خەو ببینم، یا لە عێراقدا نەژیم، كاتێك دەڵێم كەس ستەم لە كەس نەكات؟ لە عێراقدا ستەم وڵاتی تاریك داهێناوە. بەڵام شتێك لەو چارەسەرییە وەردەگرم، كە دیدگای هەموو عێراقیەكانە، ئەویش بەشداریكردنی هەموو لایەنەكانە، نەوەك تەنیا لە كەركوك، بەڵكو كەركوك عێراقێكی بچووكراوەیە. تاوەكو عێراق شكۆی جارانی بۆ بگەڕێتەوە، دەبێ هەموو لایەنەكان بەشدار بن، هاوسەنگیەك لەهەموو دامەزراوەكانی دەوڵەتدا دروست بكرێت و دەرفەتی كار بۆ هەموو لایەك فەراهەم بكرێت، تا وڵات بنیاد بنرێتەوە. عێراق جۆرێك لە تێكەڵی و فرەیی هەیە، كە تەنیا بۆ عێراق دەشێت و هەر ئەمەش چارەسەرەكەیەتی. لەگەڵ ئەوەشدا ئەوەی دەخرێتە سەر مێز تەواوی دۆسیەكانە، نەوەك بەشێك چارەسەر بكرێت و بەشێكی تر بهێڵدرێتەوە، ئەگەرنا نەوەكانمان هیچ كام لەو كێشانە بە چارەسەركراوی نابینن.
بەڵام ئایا قەیرانەكە تەنیا لە كەركوكە؟ وەڵامەكە بە نەخێرە. با كەمێك واز لە عەرەب و كورد و توركمان بهێنین. دەبێ لەوە دڵنیا ببینەوە، كە قەیرانی ئێستا لەپارێزگای كەركوك و فرەپێكهاتەییەكەیەوە سەرچاوە ناگرێت، بەڵكو قەیرانەكە لەدەرەوەی سنوری پارێزگاكە و دەرەوەی سنوری عێراق و سنوری نیشتیمانی عەرەبیشەوەیە.
كەركوك بۆ توركیا وەك گەوهەرێكە لە عێراقدا، چونكە توركمانی لێیە و كارتێكی فشاری سیاسی ئایندەشە دژ بە كوردەكان. لەسەر ئەوە كۆكین كە ئێران زۆربەی جار هەژموونی بەسەر بڕیاری سیاسی ئیئتیلافی شیعەكانی عێراقەوە هەیە. ئیئتیلافیش تا ماوەیەكی نزیك لەمەوبەر هاوپەیمانی رەسەنی كوردەكان بوو. لێرەوە ئێران و توركیا لەسەر هەمان هێڵی بەرژەوەندی هاوبەشیان دەست لە كەركوك وەردەدەن.
توركیا بە ئێران دەڵێت ئێمە تۆمان لە كەركوك بۆ خۆمان دەوێت، ئێمەش لە قەیرانە جیهانیەكەتدا لێتەوە نزیك دەبین. ئێران بە هەژموون و دەسەڵاتی خۆی پڕۆژەی یاسای پارێزگاكان كەمێك تێدەپەڕێنێت. ئەندامانی رێكخراوی بەدر دەنگیان بۆ پڕۆژەكە دا، كە دژ بە خواستەكانی كورد بوو. جا كوا بەدرییەكان بێ گەڕانەوە بۆ ئێران هەڵوێست وەردەگرن!
ئەوەی ئێستا لەكەركوك روودەدات و كوردەكان بە توندی هەستی پێ دەكەن و لێی دەترسن و زەحمەتی بێ وێنەیان بە دەستەوە كێشاوە، لە بنەمادا سەرچاوەكەی لە دەرەوەی عێراق و لە توركیا و ئێرانەوەیە. ئەمەش جارێكی تر بۆ كوردەكان دەریدەخات، كە لەگەڵ عێراقێكی بەهێزدا بن باشترە لەوەی جیاببنەوە.
كوردەكان باش لەبێلایەنی ئەمڕۆی ئەمریكا لەپرسەكە دەگەن، ئەو بێلایەنیەش خەمی كۆنی نێو دڵی مەلا مستەفا بارزانیان بیردێنێتەوە، كاتێك ئەمریكییەكان ناپاكیان لەگەڵ ئەو پەیمانانەدا كرد، كە بە ئەو و كوردیان دابوو. كوردەكان لەدووبارەبوونەوەی ئەو بەڵایە و لەناوچوونی خەونی دەوڵەت و بوونەوەیان بە هاوڕێی چیاكان دەترسن.
بەڵام كەركوك و قەیرانەكەی لەو خاڵەدا ناوەستن. كۆمپانیا زەبەلاحە ئەمریكیەكان، كە لەئەمریكاوە بۆنی نەوتی عێراق بە لوتیاندا دەچێت، بارودۆخی سەقامگیری شارەكەیان بە دڵ نیە، بۆ ئەوان باشترە لە كاتێكدا بێنە عێراقەوە، كە دەوڵەتێكی لاواز نەوەك بەهێز هەبێت. بە كردەیش ئەمڕۆ ئەوان لە كەنارەكانی "بەسرە"وە دانیشتون و لاوازی دەوڵەت و نەبوونی چاودێرییان بۆ خۆیان قۆستۆتەوە.
ئێستا دانوستان لەنێوان عێراق و كۆمپانیا ئەمریكی و رۆژئاواییەكان لە ئارادایە، كە بریتین لە ئیكسۆن، موبیل، وشل، تۆتال، بی بی، بریتش پیترۆلیۆم، كە بەر لە خۆماڵیكردنی نەوتی عێراق لەگەڵ كۆمپانیای نەوتی عێراقی شەریك بوون. ئەمڕۆ ئەو كۆمپانیایانە هەوڵ دەدەن ئەو ئیمتیازە نەوتیەی لەگەڵ خۆماڵیكردنی نەوتی عێراقدا لەدەستیاندا، تازەی بكەنەوە و ئەو هێز و هەژموونەی دوای ئەو ماوەیە لەدەستیاندابوو، بۆیان بگەڕێتەوە. بەرژەوەندیە هاوبەشەكان كۆبوونەتەوە، بەڵام ئەم جارە دژ بە ویستی كوردەكانە، نەوەك بە هەمان شێوەی ماوەی پێنج ساڵی رابردوو لەگەڵ ئەوان بێت.
***
مافی بڵاوكردنەوەی بە زمانی كوردی لەلایەن نووسرەوە بە سڤیل دراوە.
 

 
Copyright 2009 - 2010 All rights reserved to Civilmag.com