ئەعزای مەجلیسی مومەسیلینی شەعب و 4 دەفتەر دۆلار  

 

 

رێبوار سیوەیلی

ئەوە وەزیفەی مەقامی عالیی دەوڵەتە كە بتوانێ ئیحتیاجاتی بەندەكانی خۆی لە موستەلزەماتی تەحتی و فەوقی و بۆ بەقووەتكردنی حەبلی مەتینی ئیرتیباتات، دەستەبەر بكات. لە زۆر ئەنحای عالەمیشا هەر وایە، وەختێ ئەقەللیەتێ لە ریجالی سیاسەت ئەكسەری ئارایان لە دەستا بێت، بەعزێ جار لە نێوان قامكەكانیانەوە ئەشیا و پول و ئیكرامییەیان لێ ئەڕژێ و باقی مەردم لێی موستەفید ئەبن. جا مادام ئیستە باری زرووفی مەملەكەت موناسیبە و ئەولیای ئوموور خەمی مەردمی وڵاتیان ساكیت كردووە و بگرە بەشی موتریب و ساقی و ڕەقاسانی وڵاتانی تریش دەدەن و ئەلحەمدولیلا هەموو شتێ تەوفیر كراوە، قەیی چێكا با ئەعزای مەجلیسی مومەسیلینی شەعبیش شتێكیان بەركەوێ و ئێوەش لە ئەلی گەزەتە و مەزەتە ئەوەن بە شوێن ئوموراتی سیڕیی خەڵكدا مەچن و پارووی دەمی میللەت تیعداد مەكەن. حەقیەقەتەن ئەم تەقسیمی میراتە وەسێتی كابینەی ئەسبەقی حكومەتی ئیقلیمە، كاتێ ئەمریان فەرمووبوو هەموو قوزاتی وڵات سەر و پرادۆ وەربگرن تاكو مەحاكیم لە شەكوا و دەعوادا كاروباری مەملەكەت ئیسهال بكەن، ئەمجا هەر عالی مەقامیان ئەو ئەمرەیان تەعمیم كرد بۆ ئەعزای مەجلیسی شەعب و ئێستاش كە كابینەی سادیسە ئەمجۆرە ئوموراتە تەوسیە دەكات كە كابینەی پێشوو ئاوەكەی ڕشتبوون. بۆیە كورد قەولێكی هەیە كە مەعناكەی ئەوەیە كەبیر ئاو ئەڕێژێ و سەغیر قەدەمی لێئەخا. ئینشائەڵا ئەم سەخاوەتەی ئەولیای ئوموور بەشی فەلسەفەش ئەگرێتەوە و لە ڕیزی موتریبان و ئەهلی تەرەبدا، كە لە وڵاتی عەدەن و لوبنان و ئەرزی مەوعودەوە ئیعزامیان دەكەن و بە دەفتەر ئیدخالی باخەڵیان دەكەن، شتێكیش بە بەشی فەلسەفەشدا دەكەن تابتوانین غەزەتەیەكی پێدەر بكەین. حەقیقەتەن بەندە پێش چوار شهوور ریسالەم بۆ جەنابی عالی مەقامی دەوڵەت بە پیاوێكی قەلەندەری وەك زەكی كەمالدا ناردووە و ئەوانیش لە پاسووخدا فەرمووبوویان با ئوموراتی خەزنە بەرتەرەف بكەین، ئەو حەلە بۆ گەزەتەی فەلسەفەش تەدبیرێ دەكەین. جا كورد گوتویەتی عەمیی چیت ئەوێ؟ دوو چاوی ساخ. لەبەر ئەوە من مانع نابم كە ئەعزای مەجلیسی شەعب و مومەسلینی تەوائیفی مەملەكەت، لە خەزنەی دەوڵەت ئەیعانە و بەیعانە ئەخز بكەن، تا شتێكم بە دەستەوە بێت بۆ داواكردنی سەرفترەیەك بۆ بەشی فەلسەفە.
ڕەجاشم لە ئێوەش ئەوەیە ئەوەن شتەكە گەورە مەكەن و لێگەڕێن ئەو تەڵەبە سەر بگرێ و لە ڕێگەی ئەوەشۆ ئەم زەختە لەسەر عالی مەقامی مەملەكەت، كە بە شەراكەت وڵاتیان تەحتەل ئینقیادی خۆیان گرتووە، كەمەكێ خەفیف ببێ. بە دووریشی نابینم، ئەگەر ئەمە سەر بچێ و ئەعزای مەجلیسی نەواب یەكی چوار دەفتەر ڕووپییەی عەمەلیقایی ئەخز بكەن، ئەوە تەوائیفی تری مەملەكەتیش تەلەبی لەو نەوعە بەرز بكەنۆ.
خوا ئەم سەروەتەی میللەت هەر زیادكا تا دەستی دەوڵەت پڕبێت لە بەرەكەت.
 

 
Copyright 2009 - 2010 All rights reserved to Civilmag.com