بەڕاست ئەحمەد سالار ڕێزی لێ نەنراوە؟!  

 

 

وشیار ئەحمەد ئەسوەد

ڕاستیتان دەوێ، من لەئەحمەد سالار ڕەنجاوم و حەزیش لەهاوڕێیەتیی ناكەم، بەڵام وەك هونەرمەندێك، كەم كەسم هێندەی ئەو هونەرمەندە باڵایە بەڕێزداری بینیوە، جیا لەوەی خۆم ڕێزی لەڕادەبەدەر لەمێژووە هونەرییە پڕ داهێنانەكەی دەنێم، بەحوكمی ئەوەی ساڵانێكی زۆریش لەتەكیدا كاری ڕێكخراوەییم كردووە، ئەوەیش باش دەزانم، كە ئەم هونەرمەندە لەهەموو كات و سات و شوێنەكاندا، چ لەلای بەرپرسان و چ لەلای هونەرمەندانیش كەسایەتییەكی ڕێزلێگیراو بووە، ئەم ڕێزەیش لەهەولێر زیاتر ڕەنگی داوەتەوە وەك لەسلێمانی.
ئەگەرچی دەبوو یەك لەهونەرمەندە هەولێرییە بەئاگاكان خاوەنی ئەمجۆرە نووسینە بووایە، كە ئێستە من بەخەمم هەڵگرتووە، بەڕاست ئەمە كاری ئەوانە، هاوكات هەقی وایە مامۆستا سالار وەك كەسایەتییەكی رۆشنبیر و هونەرمەند، كە باس لەموعاناتی خۆی دەكات، هەوڵی كۆنتڕۆڵكردنی هەڵچوونەكانی ناوەوەی بدات، چونكە لەساتە هەڵچوونەكاندا زۆر ڕاستی لەیاد دەكرێن و هەندێك جاریش دەكەونە خانەی چەواشەكارییەوە، مەبەستم نییە مامۆستا بەچەواشەكار بچوێنم، بەڵكو دەڵێم بەهۆی هەڵچوونەكانییەوە خۆی لەكۆمەڵێك ڕاستی لاداوە.
ڕاستە مامۆستا كەسایەتییەكی دیار و گەورەیە لەبزاڤی هونەری كوردیدا، هاوكات "وێڕای كۆمەڵێك تێبینی"، بەڵام ئامادەییەكی بەرچاویشی لەبەڕێوەبردنی ڕێكخراوەكانی هونەرمەندان هەبووە، ئەمانە جیا لەوەی ساڵانێك لەبەشی ڕۆشنبیریی پەرلەمانی كوردستانیشدا یەك لەدەستڕۆیشتوو و چالاكەكان بووە، بۆیە جێی خۆیەتی بەبیری بێنینەوە، كە لەزۆربەی ئەو وێستگانەدا "جگە لەوێستەگەكانی چالاكییە هونەرییەكانی" مامۆستا لەهەولێر بووە، نەك لەسلێمانی. ئاخر هەقی وایە مامۆستا بەبیری خۆی بهێنێتەوە، كە لە2000دا لەهۆڵی میدیای هەولێر، هونەرمەندانی ئەو شارە بەچەپڵەڕێزان كردیانە نەقیبی سەندیكای هونەرمەندانی كوردستان، ئەمە لەبەر ئەوە نەبوو لەنێو ئەو هەموو هونەرمەندە باڵایەی هەولێردا، كەسێكی تری ئەو شارە شیاوی ئەو شوێن و پێگەیە نەبووبێت، بگرە ئەوە ڕێزگرتن بووە لەئەحمەد سالار، ئەدی خۆ تەنانەت یەك هونەرمەندیش ئامادە نەبوو ڕكابەری مامۆستا بكات و لەنزیكیشەوە ئاگادارم، كە هەڵوێستەكە لەوپەڕی ڕێزەوە بۆ مامۆستا دەنوێنرا. بۆیە من دەڵێم ئەگەر مامۆستا لەهەولێردا هەر هیچی بۆ نەكرابێت، ئەو ڕێزگرتنە خۆی لەخۆیدا شیاو بەباڵای هونەرە پڕ داهێنانەكەی ئەو و هاوكات جوانییەكانی ڕێزگرتن بووە لەلای هونەرمەندانی هەولێر بەتایبەتی و شارەكانی تریش بەگشتی.
جەخت دەكەمەوە، مامۆستا سالار وەك هونەرمەندێكی خاوەن ئەزموون و گەورەی كورد، هەر شتێكی لەڕووی ڕێزلێنان و ڕێزلێگرتنەوە بۆ بكرێت، شیاو بەئافراندن و جوانییەكانی خۆیەتی، پێم وانییە كەسیش ئەو بوێرییەی تێدا بێت منەتی بەسەردا بكات، بەڵام بەڕاستی ئەو لەهەولێردا هەمیشە كەسێكی ڕێزلێگیراو بووە، لەئێستایشدا جوانتر دەبێتەوە ئەگەر لەو بۆچوونەی پاشگەز بێتەوە.
***
ئەم نوسینە وەڵامی بۆچوونی هونەرمەند ئەحمەد سالارە كه له دیمانەی سڤیل لە ژماره (35) دەری بڕیبوو


 

 
Copyright 2009 - 2010 All rights reserved to Civilmag.com