كێ دەبێ بمرێ؟  

 

 

جەبار جەمال غەریب

"مرۆڤ بۆ ئەوە لە دایك دەبێت تا بمرێ"، ڕەگی ئەو قسەیە لە قوڵایی فەلسەفەی بێئومێدی دایە. ئەو قسەیە دووری نێوان لەدایكبوون و مردنی بەڕادەیەك كورت كردۆتەوە، كە نابینرێ، كەچی ژیان وا ناڵێت، ژیان قسەیەكی دیكەی هەیە، لەدوای لەدایكبوون باوەشی گەرمی دایك و پێكەنین و خۆشەویستی هەیە، گەورەبوون و گەنجبوون هەیە، كامڵبوون و بەرهەمهێنان هەیە.
كەواتە كێ دەبێ بمرێ؟
دروستبوونی ئەو ڕستەیە پەیوەندی بە دكتۆر و نەشتەگەری و گۆڕەوە نەبووە، بێگومان لەسەرەتادا، ئەوەی بەڵێنی خۆی نەباتە سەر حەقە بمرێ، ئەو وەستایەی غەش لەكارەكەیدا بكات حەقە بمرێ، مردن بۆ فێڵكەر و ساختەچی باشە. ئەوەی فریای بابی نەخۆش ناكەوێت، هەر بۆ مردن باشە، كەواتە لێرەدا مردن مانایەكی مەجازی هەیە.
كەواتە ئەمڕۆ دەبێت كێ بمرێ؟
كێن ئەوانەی بەجووملە بەڵێن دەدەن و لەبیریان دەچێتەوە؟ كێن ئەوانەی غەش لەخوێندن و فێربووندا دەكەن و بە تەزویر و واستە شەهادە وەردەگرن و كورسی خوێندنی قوتابی زیرەك داگیر دەكەن؟ كێن ئەوانەی خیانەت لەئەمانەتدا دەكەن تابمرن؟ تەرازووی كێ لەنگە و پڕفێڵە تا بمرێ؟
ئەگەر كورد لەسەر ئەسڵی خۆی مابایە و حیكمەتەكانی خۆی ئەزموونكردبایەوە، دەبوو هەموو ئەو ئەندازیارانەی لە دروستكردنی شەقام و باڵەخانەكاندا فێڵ دەكەن بمرن، دەبوو هەموو ئەو دكتۆرانەی بێزیان نایە سەیری نەخۆش بكەن بمرن.
دەبوو هەموو ئەو دەرمانخانانەی دەرمانی ئێكسپایەر دەفرۆشن بمرن. هەموو ئەو بازرگانانەی خواردنی بۆگەن دەدەنە خەڵك بمرن، هەموو ئەو كەسانەی لەناخی خۆیاندا هەست دەكەن درۆدەكەن بمرن.
كێی دیكە دەبێ بمرێ؟
هەموو ئەوانەی تۆپی درواسێ بەگەلەكەیان دەكەوێت و هیچیان لە دەست نایە باشترە بمرن، هەموو ئەو بەرپرسانەی لەبەر پارەخواردن پاسەوانەكانی خۆیان رێزیان ناگرێ و لایان سووك بوون دەبوو بمرن.
ئەوانەی دەمرن هیچكام لەوانەی سەرەوەنین، ئەو باوكە بەتەمەنە دەبێ بمرێ كە سەرمایەی ژیانی خزمەتی نەتەوەكەی بووە و ئێستا كوڕەكەی پێ دانامەزرێ و بۆ ئەوەی شەرمەزاری منداڵەكانی نەبێ دەرگای ئەم و ئەو دەكوتێ ئیهانەی دەكەن. ئەو باوكە دەست و پێ سپیە بەراستی حەقە بمرێ.
ئەو دایك و باوكە سەرسپیە دەبێ رۆژی سەدجار بمرن، كە ئەوەندە كاریان كردووە ئێسقانەكانیان وەژان كەوتووە و ئێستا لەخانووی كرێدان و هەزار ئاپەرتمان هەزار نهۆمیش بەتڕ بەرزدەبێتەوە، بەراستی ئەو دایكە و باوكە هیچ لەباراندا نەبووانە، دەبێ هەموو رۆژی لەبەردەم كچ و كوڕە دڵشكاوەكانیان سەدجار بمرن.
كێ بەڕاستی دەمرێ؟
ئەو مامۆستایە دەبێ بمرێ نەخۆشی دڵ دەگرێت و دەفتەرێك دۆلاری نییە لەخۆی بدات و ماڵی پڕە لەدەفتەری تاقیكردنەوەی قوتابیەكان، ئەو ژنەی بە قوڕبەسەری منداڵەكانی گەورەكردن و لەدەستی چوون و تووشی نەخۆشی سەختبووە.
هەموو ئەو نەخۆشانەی رێگای هەزارپێچی نەخۆشخانە ئەهلیەكانیان پێ نابڕدرێ، دەبێ بەڕاستی بمرن.


 

 
Copyright 2009 - 2010 All rights reserved to Civilmag.com