|
موحسین محەمەد
لەپێناو باشكردنی رەوشی سینەما لەكوردستان،
وەزارەتی رۆشنبیری و لاوان فەرمانێكی وەزاری
بەسەر دەزگاكانی خۆیدا بڵاوكردەوە، وەكو
تێبینی دەكرێ، فەرمانەكە رێنماییەكی
كارگێڕییە، بەهەمان شێوازی رێنماییەكانی
پێشوو، بەڵام ئەمجارەیان بەناونیشانێكی جیاواز
بڵاوكراوەتەوە. بەڕای من شێوازی پێشوو
راستترە، ئەوەی ئێستا پتر خۆرزگاركردنە
لەپێناسە یاساییەكاندا.
بەر لەدەرچوونی ئەو فەرمانە پێشتر چەند
رێنماییەكی تایبەت بەهونەری سینەما لەوەزارەت
دەرچووە و بڵاوكراونەتەوە، ئەوەی ئەو هەموو
شتە بخوێنێتەوە، دەزانێ لەوەزارەت جۆرە
سەرلێشێوانێك لەتێگەیشتن بۆ هونەری سینەما
هەیە، ئەگەر وەزیری لێدەربێنین، بەو پێیەی
كەسێكی نوێیە لەكارەكە و پۆستەكەدا، بەڵام
ئەوانی تر نوێ نین، زۆر چاكیش ئاگایان
لەرێنماییەكانی پێشووتر هەیە. وەكو دیارە
دەستڕۆیشتووەكانی ناو وەزارەت هەر جارەو لەگەڵ
هەر وەزیرێك رایەكی نوێیان هەیە، ئا بەمشێوە
قوڕكرایتە سەر هونەری سینەما، هەركەسە بۆخۆی
بەچەشنێك نان و پیازی پێ دەخوا. بێگومان
گەورەترین كێشە لەوەزارەت لەم جۆرە
بابەتانەدا، نەبوونی رۆحیەتی دیموكراسی و
رێزنەگرتنی هەستی ئەو كەسانەیە كە خەریكی ئەو
بوارە هونەریانەن. هەموویان بەوەزیری
ئێستاشەوە، دەزانن رێكخراوی هونەرمەندانی
كوردستان داد و بێدایەتی بەدەست ئەو
رێزنەگرتنە، باشە لەبەرژەوەندی كێدایە پرس و
ڕا بەهونەرمەندان نەكرێ، لەو كارانەی كە
راستەوخۆ پەیوەندی بەرۆحیەتی كاری ئەوانەوە
هەیە؟ ئایا خەڵكی كوردستان راپەرینی كرد بۆ
ئەوەی چەند كەسێك لەژووری داخراو رێنمایی بۆ
خەڵك دەربكەن؟ یەكێك لەخاڵە هەرە ترسناكەكانی
ئەو رێنماییە، هەڵوەشاندنەوەی فیستیڤاڵی،
هەولێر و دهۆك و سلێمانییە. وەزارەت ساڵی
یەكجار فیستیڤاڵێكی سەرتاسەری سینەما سازدەكا،
ئەو فەرمانە گوتەكەی بەهمەنی قوبادی سەلماند
لەسیمیناری سێیەمین فیستیڤاڵی كورتە فیلمی
هەولێر، كە گوتی "كەسی بەرپرس گوێناگرێ،
كەواتە ئێمە بۆ كێ قسە بكەین". لەكۆتایی
فیستیڤاڵەكەدا، بەشداران پێشنیاریان كرد،
فیستیڤاڵی شارەكان ساڵانە بێت، بەڵام
میوانداری تێدا نەبێت، تەنیا بۆ هونەرمەندانی
شارەكە بێت، هەر دوو ساڵ جارێكیش وەزارەت
فیستیڤاڵێكی سەرتاسەری سازبكات، بەومەرجەی
لەهەرشارێك سێ فیلمی سەركەوتووی شارەكە
لەفیستیڤاڵە سەرتاسەریەكە بەشداربن لەگەڵ
فیلمەكانی دەرەوەی كوردستان. لەهەردوو شاری
هەولێر و سلیمانی دوو فیستیڤاڵی كورتە فیلم
جۆرە نەریتێكی لەو دوو شارە خولقاند، ئەمساڵیش
لەدهۆك یەكەمین فیستیڤاڵ سەری هەڵدا.
زۆر بەداخەوە لەژوورێكی داخراو هەر
بەسەرەقەڵەمێك سێ فیستیڤاڵ هەڵوەشێنرایەوە،
بەبێ ئەوەی بزانرێ ئەوەی دەخولقێ چۆن لەدایك
دەبێ، لەفەرمانە وێرانەكەدا هاتووە، "وەزارەت
هانی كەرتی تایبەت دەدا". من زۆر دڵنیام ئەو
برادەرانە، بەدوو بەڵگە، نە دەزانن كەرتی
تایبەت چییە، نە دەزانن وەزارەت چۆن هانی
كەرتی تایبەت دەدا، بەڵگەی یەكەمم: ئەگەر
مەبەستیان دروستكردنی هۆڵی سینەمایە، ئەوە سەد
دەر سەد ئیشی ئەوان نییە، بەڵكو ئیشی پارێزگا
و وەزارەتی شارەوانییە، بەڵگەی دووەمم: ئەگەر
مەبەستیان هاوكاریكردنی بەرهەمهێنانی فیلمی
كەرتی تایبەتە بەئامێر و كەلوپەلی سینەمایی،
لەمەشیاندا وەزارەت هەردوو دەستی بەتاڵە،
ئەوەی هەیە بەشی بەرهەمهێنانی خۆی ناكا، نەك
كەرتی تایبەت. وەزیری رۆشنبیری و لاوان
لەفیستیڤاڵی هەولێر بەڵێنی سازكردنی
كۆنفراسێكی سینەماییدا، ئینجا بەبۆچوونی من
هەر كەسێك ئەو فەرمانە وەزارییە بخوێنێتەوە
بڕوای بەو كۆنفراسە نابێ، ئاخر ئێوە هیچ
شتێكتان نەهێشتۆتەوە تاوەكو قسەی لەسەر بكرێ،
ئێوە هەر بەسەرە قەڵەمێك ئەو هەموو كار و
بەرهەمە سینەماییانەی فیتسیڤاڵەكانتان فڕێدایە
ئەرشیفەوە، كۆنفرانسی چی دەكەن؟ واخەریكە
ماوەی ساڵێك بەسەر ئەو پۆستە نوێیەی وەزارەتی
رۆشنبیری و لاوان تێدەپەڕێ، بەداخەوە هیچ شتێك
نییە موژدەی خۆشی بەخش بێ بۆ رۆشنبیران، رەنگە
ئەو چوار ساڵە زۆرترین ماوەی پاشەگەردانی بێ
لە كەلتووری كوردستانیدا. ئەمەیە بەدبەختی
وڵات، لەسەردەمی بوژانەوەی ئابووریدا، كەلتوور
لەجیاتی ئەوەی پێشبكەوێ، دەگەڕێتەوە دواوە.
|