|
ئەرسەلان كۆژان
رۆژهەڵات بەوە ناسراوە، كە لانكەی سەرهەڵدانی
ئایینەكانە بەئاسمانی و زەمینییەوە، بۆیە
دەبینین كە هەندێ چەمك و وشە پیرۆزن و بەچاوی
رێزەوە سەیر دەكرێن، بەتایبەتی لەو وڵاتانەی
كە ئایینی ئیسلامیان تێدا بڵاوە، لەبەرانبەردا
رەنگە لەرۆژئاوادا ئەم چەمكانە پیرۆزییان لێ
داتاشرابێ و پیرۆز نەبن. ئەم دیاردەیەش
ئەوەندەی رێبەران و مامۆستایانی ئایینی رۆڵیان
تێدا هەیە، خودی ئایینەكە نیەتی.
باوك چەندین ئەركی گرنگی لەسەر شانە، وەكو
(سەرپەرشتیكردنی خێزان، دابینكردنی بژێوی،
پەروەردەكردنی منداڵ، پێدان و بەخشینی
خۆشەویستی و هەست و سۆز). گومانی تێدا نییە كە
هەریەك لەم ئەركانە قورسن و قوربانیدانیان
دەوێت، هەر بۆیە بەرلەوەی ببی بەباوك، هەوڵبدە
ئەركەكانی بزانیت، ئینجا ئەگەر دڵنیابوویت كە
دەتوانی ئەركەكانت بەباشی ئەنجام بدەیت، ئینجا
بڕیار بدە كە ببی بە باوك.
ئەوەی لێرەدا گرنگە ئاماژەی پێ بدەم بەخشینی
سۆز و خۆشەویستی باوكە بەنەوەكانی، پێموایە
ئەمە قورسترین و گرنگترین ئەركە، كە بەداخەوە
زۆر لەباوكان لێــی بێ ئاگان، ئەمەش هەڵەیەكی
گەورەیە، چونكە منداڵ تا لەتەمەنی هەرزەكاریش
تێپەڕ دەكات، بەردەوام پێویستی بەو سۆزەیە،
تاوەكو هەست نەكات لەلایەن باوكییەوە فەرامۆش
كراوە.
دەكرێ بڵێین لەنەبوونی یاخود كەمتەرخەمیكردن
لەبەخشینی سۆزی باوك، دوو جۆر كەسایەتی بەرهەم
دێن، یەكەمیان كەسایەتییەكی (شەڕانگێز)ە، ئەم
جۆرە كەسانە بۆ پڕكردنەوەی ئەو بۆشاییە رۆحییە
تەنانەت سڵ لەگەورەترین تاوانیش ناكەنەوە،
وابزانم (كوڕانی یەعقوب) باشترین نموونەن بۆ
ئەم جۆرە كەسایەتییە! ئەوان لەپێناو راكێشانی
سەرنج و خۆشەویستی باوكیان بەلای خۆیاندا (كە
حەقی خۆیان بوو) ئامادەبوون تاوانێكی گەورەی
وەك كوشتنی براكەی خۆیان ئەمجام بدەن. هەرچی
كەسایەتی یان جۆری دووەمیشە، لەنەبوونی سۆزی
باوك نەوەیەكی (خەمۆك)ی لێ پەیدا دەبێت.
نووسەری گەورە (فرانز كافكا) نموونەیەكی شیاوە
بۆ ئەم جۆرەیان، ئاخر ئەو ئەگەرچی تاقانەی
چەند خوشكێك بوو، بەڵام چونكە باوكی بەئەركی
خۆی هەڵنەدەستا، بۆیە كافكا بەناچاری ماڵەوەی
بەجێ هێشت، تەنانەت لەوكاتەی كە لەسەختترین
رۆژەكانی تەمەنی دەژیا ئامادەنەبوو، بگەڕێتەوە
بۆ ماڵەوە، چونكە پێــیوابوو لەدۆزەخ
رایكردووەو بەهەشتی بۆخۆی دۆزیوەتەوە.
لێرەدا پێویستە بپرسین كە ئەگەر هاتو باوك
نەیتوانی ئەو ئەركە بەپێــی پێویست ئەنجام
بدات، مافی باوكایەتی بەسەر نەوەكانیەوە
دەمێنێت، یان حەقی هەیە ناز بەسەریاندا بكات؟
سەرباری هەموو ئەمانەش لەزاری مامۆستا
ئایینییەكان گوێبیست دەبین و دەڵێن "بۆ ئەوەی
بچیتە بەهەشت دەبێت پەساپۆرتێكت لەلابێت كە
مۆر و ئیمزای دایك و باوكی بەسەرەوە بێت، دەنا
پەساپۆرتەكەت بەساختە دادەنرێت و ناتوانین
بچینە (بەهەشت)ەوە"، رەنگە لەسەر ساختەیی
پەساپۆرتەكەت سزا بدرێی؟!
ئایین فەرموویەتی كە رێزی باوك بگرین، بەڵام
لەهەمان كاتدا ئەركی باوكیشی دیاریكردووە
لەكاتێكدا ئەگەر نەیتوانی ئەو ئەركانە بەباشی
بگەیەنێت، ئەوا ناتوانێ داوای مافی خۆیشی
بكات، چونكە باوك وەكو سەوڵ لێدەرێك وایە، كە
ئەركی پەڕاندنەوەی سەرنشینانی بەلەمێكی
لەسەرشانە، چۆن سەوڵ لێدەر نابێت لەناوەڕاستی
رووبار راوەستێت و دەست لەسەوڵ لێدان هەڵگرێت،
لەبەرئەوەی سەرنشینانی بەلەمەكە تووشی كارەسات
دەبن، باوكیش بەهەمان شێوە نابێت تەنیا بیر
لەدروستكردنی منداڵ بكاتەوە، بێ ئەوەی نرخێك
بۆ دواڕۆژی دابنێت.
لەئایینی پیرۆزی ئیسلامدا تاقمێ هەن بەردەوام
پیرۆزی بەچەمكی (باوك) دەدەن، بێئەوەی باسی
ئەركەكانی بكەن، وەك ئەوەی باوكان نوێنەری
خودابن و لەبەهەشتە جوانكیلەكەیەوە هاتبێتنە
سەر زەوی بۆ ئەوەی نەوە بخەنەوە و بەردەوامی
بەكۆمەڵگای مرۆڤایەتی بدەن، ئیتر ئەو رۆڵەیە
چۆن پەروەردە دەبێت و چۆن دەژیت و گەشە دەكات؟
ئەمانە ئەركی ئەوان نەبێت. ئێستا پێویستە
بەهەموومان بەرگی پیرۆزیی لەبەر ئەو چەمكانە
داكەنین، كە شیاوی پیرۆزی نین و سزای ئەو
تاقمانەش بدەین، كە بەردەوام هەوڵدەدەن
پیرۆزیی بەچەمكەكان ببەخشن.
|