پێشمەرگە قوربانییە  

 

 

رێبوار سیوەیلی

هۆكاری ئاشكرا بۆ یەكنەگرتنەوەی هەر سێكیان زۆرن، وەك هەبوونی بەرژەوەندی و پاراستنی پێگەی لایەنەكان و جیاوازیی پەروەردەبوونی دەروونی، كۆمەڵایەتی و ئایدیۆلۆژی ئەو پێشمەرگانەی سەر بە هەردوو حیزبی دەسەڵاتدار بوون. من لێرەدا و لەپێشەوە زیاتر قسە لەسەر هۆكارە ئاشكراكانی یەكنەگرتنەوەی بارودۆخی پێشمەرگە دەكەم، چونكە هەستدەكەم ئەوان قوربانییەكن، پێویستییان بە هاوكاری و پشتگیریی زیاتر هەیە. پاشانیش دێمە سەر باسكردنی یەك هۆكاری شاراوە.
هۆكارێك بۆ یەكنەگرتنەوەی پێشمەرگە، یان هەبوونی دوو دەرگا لەوەزارەتی پێشمەرگە دەگەڕێتەوە بۆ ئەو ئەزموونە ناخۆشانەی هەر پێشمەرگەیەك لەژیانی پێشمەرگایەتی خۆیدا بەناچاری بەناویاندا تێپەڕیوە و هۆكارەكەشی لە دڵ و ناخی خۆیدا دەگێڕێتەوە بۆ پێشمەرگەی هێزی بەرامبەر. یادوەریی هەر تاكەكەسێكی پێشمەرگەش كاریگەریی هەیە و ئەو یادوەریانە زۆرجار نائاگایانە شاڵاو بۆ دەروونی تاكەكەس دەهێننەوە و بەرگریی لەئاست یەكگرتنەوە و گونجان و تەباییدا دروستدەكەن. هۆكاری تایبەتیش هەن، وەك دروستبوونی دوژمنایەتی شەخسی لەئەنجامی دابەشبوونی كەسەكان بەسەر ئەم لایەن و ئەو لایەنی تردا. ئەگەرچی سەرەتای ئەم دابەشبوونە پەیوەندیی هەبووە بە لایەنگیریی سیاسیانەی خەڵكەوە، بەڵام لەئەنجامی توندوتیژیی حیزبی و چڕبوونەوەی كێشە و شەڕ و ئەو جۆرە شتانە، شتی تایبەتیان لێكەوتۆتەوە و تا ئێستاش زۆربەیان چارەسەر نەكراون. لەلایەكی ترەوە، ئێمە كۆمەڵگای پاش جەنگ و قەیرانین، سروشتی ئەم جۆرە كۆمەڵگایانە بە جۆرێ دەشڵەژێ و دەشڵەقێ، كە گەڕانەوە بۆ هاوسەنگی و دۆخی سروشتی ئاسان نابێت، بەتایبەتیش ئەگەر بەرنامەیەك نەبوو بۆ چۆنێتی دەربازبوون لەو دۆخی قەیرانانە. پێشمەرگەش مرۆڤێكە، ئەو كاتەی پێشمەرگایەتی كردووە، سەر بە هەرلایەنێك بووبێت، ئەو شتەی كردووە كە پێی وابووە بۆ كورد و بۆ لایەنەكەی خۆی بڕوای پێی هەبووە ڕاستە. لەڕوانگەی لایەنەكانیشەوە، پێشمەرگە ئەو شتەی كردووە، ئەو شەڕەی كردووە، ئەو بڕیارەی جێبەجێكردووە، یان ئەو كوشتارەی ئەنجامداوە، كە لایەنەكەی فەرمانی پێداوە، یان چاوەڕوانیی هەبووە بیكات. بۆیە ئەگەر ئاوا تەماشای مەسەلەكە بكەین، دەبینین ئەم پێشمەرگانەی ئێستا ماون و شەهید نەبوون، جۆرەها كێشەیان هەیە و ڕابردووش بە كۆڵیانەوەیە. لەهەمانكاتیشدا دڵیشیان بەخۆیان دەمێنێت، كاتێ سەركردەكانیان دەبینن كە چۆن دوێنێ ئەمانیان بە شتێ ناچار دەكرد و ئەمێستاش خۆیان لەشوێنێكی دیكەن و پێشمەرگەكانیش هەر قوربانین. بۆیە پێویستە پێشمەرگە بە شێوەیەكی پڕۆفێشناڵتر سەرلەنوێ بەخۆی و كۆمەڵگاكەی ئاشنا بكرێتەوە و هەلی خۆگونجاندنی لەگەڵ سەردەمی ئێستادا بۆ بڕەخسێنرێت، تاكو ڕابردووەكەی ئەوەندە بەسەرییەوە نەبێتە بار. من لەو بڕوایەدا نیم بۆ ئەم كێشانەی پێشمەرگە زۆر بیرمان كردبێتەوە و زیاتر لەسەر بە ڕەمزكردنی ئەوان و بە پاڵەوانكردنیان كارمان كردووە و مرۆڤە ئاساییەكەی لەواقیعدا هەیە و ماوە و لەگەڵماندا دەژی لەبیركراوە.
ئەمە لەلایەك. لەلایەكی تر، بە بڕوای من هۆكاری زۆر شاراوەی یەكنەگرتنەوەی پێشمەرگە هەیە، كە بە دوورە لەئیرادەی حیزبەكان، یان بەرژەوەندییان و خاوەندارییان بۆ سیستەمی ئاساییش، یان دارایی. دەبێت ئەو هۆكارە شاراوەیە لە ڕەگەزی پێشمەرگە و كەلتووری پێشمەرگایەتیدا بدۆزینەوە. وەك دەزانرێ ئێمە كەلتوورێكی پیاو، یان نێرسالارمان هەیە و یەكێ لە ڕێگاكانی ئەم كەلتوورە بۆ بەرهەمهێنانەوەی خۆی بریتیە لەشەڕكردن و دڵنیایی لەبردنەوەی شەڕی كۆتاییدا. پێشمەرگە، چ وەك تاكەكەسێك، بە نێرینە و مێیینەیانەوە، چ وەك ڕەگەزی نێرینە كە زۆربەیان لەم ڕەگەزە بوون، بمانەوێ و نەمانەوێ لە چوارچێوەی ئەم كەلتوورەدا جەنگاوە و خزمەتی ئەم كەلتوورە نێرسالارانەیەی كردووە. ئەم كەلتوورەش لە ڕێگەی دامەزراوە و ڕەمز و سروتەكانیەوە ڕەوایەتی بۆخۆی وەرگرتووە. ئێستا كە ئەم پێشمەرگانە لەدۆخی شەڕدا نەماون و ئەم دامەزراوانەی ناویان وەزارەتەكانی پێشمەرگەیە، بەناچاری دەبێت یەكبگرنەوە، ئێمە لەبەردەم یەكخستن و گونجاندنی ڕەمزەكانداین، بەبێ ئەوەی هیچ لایەك بتوانن ڕایبگەیەنن كە خۆیان براوە بوون. لەبەر ئەوە، نەهاتنەدی ئەم ئامانجە نێرسالارییە ڕێگرێكی شاراوەی هەرە سەرەكییە بۆ یەكنەگرتنەوە، چ لەئاستی تاكە پێشمەرگە، چ لەئاستی دامەزراوەی وەزارەتەكانی پێشمەرگە، چ لە ئاستی سەركردایەتی حیزبی هەر لایەنێك و چ لە ئاستی مانای ئەو ڕەمزانەی هەریەك لەلایەنەكان بە پێشمەرگە و ئەم دوو وەزارەتەیان داون. لەڕاستیدا یەكنەگرتنەوەی بواری پێشمەرگە و ئاساییش و دارایی، یەكنەگرتنەوەی تەفسیری لایەنە ناكۆكەكانە بۆ ئەو ڕەمز و مانایانەی كە هەر لایەنێك بۆ ئەو بوارانەیان لە پێشچاو گرتوون. هەتا تێگەیشتنێكی چوونیەك بۆ هەر یەكێ لەمانا رەمزییەكانی ئەو بوارانە لەلای لایەنە ناكۆكەكان دروستنەبێت، ناكۆكیی هەر دەمێنێ، ئەگەرچی ئەو وەزارەت و دەزگا و پەیوەندیانەش ناچار بە یەكگرتنەوەیەكی ناچاریانە و فەوقیانە بكرێن.
 


 

 
Copyright 2009 - 2010 All rights reserved to Civilmag.com