|
جەبار جەمال غەریب
كە نیشتمانمان لەدەست چوو، ئیدی ئیمان و دین
وجودیان نامێنێ.
یاریەكانی مۆندیال، یاری وڵاتەكانە، یاری
نەتەوە جیاوازەكانە. یاریزانەكان لە هەر
شوێنێكی دونیابن، هەر ئەوەندەی زانییان
وڵاتەكەیان پێویستیان پێیانە، هەموو شتێك
جێدەهێڵن و دەگەڕێنەوە ژێر ئاڵای وڵاتەكەیان.
راستە یاریەكان بەهای خۆیان هەیە، بەڵام بەهای
هەرەگەورەی ئەو یاریانە لەو سرودە
نیشتیمانیانەدایە، كە لەپێش دەستپێكردنیی
یاریەكان لێدەدرێن.
چاوی هەموو دونیا لەسەر دڵی یاریزانەكانە،
كاتێك بە حەماسێكی بەرز و شاراوە
لەبەرخۆیانەوە سرودی نیشتیمانی وڵاتەكەیان
دەڵێنەوە، من هەمیشە دڵیانم دەدیت، كە جەستەی
ئەو یاریزانەی جێدەهێشت و دوای وشە
رووناكەكانی وڵاتەكەیان دەكەوت.
مۆندیال ئەوەندەی فیستیڤاڵی سرودەكانە،
ئەوەندەی عەشقە بۆ وڵات و نەتەوە، هەرگیز
ئەوەندە فیستڤاڵی یاری و تۆپ نییە.
هەرگیز بیرم لەوە نەكردۆتەوە ئەو یاریزانانە
سەر بەچ دینێكن. نەمپرسیوە ئاین و
بیروباوەڕیان چییە، بەڵام باش زانیومە ئاینی
ئەوان، بیروباوەڕ و خودای ئەوان دژی سرودی
نەتەوەكەیان نییە، لەوە دڵنیابووم پیاوانی
ئایینی ئەوان دەشێ كەڵەگای وڵاتی خۆیان بن،
بەڵام هەر بۆ ڕێزی خۆیان خەنجەر لە دڵی سرودی
نیشتیمانی نەتەوەكەی خۆیان نادەن.
هیچ یاریزانێكی كورد نەیتوانی لە مۆندیالێك
بەشداربێت و سرودی نیشتیمانی نەتەوەكەی
بڵێتەوە، لە هیچ بۆنەیەكی گرنگی دنیادا كوردێك
دەست لەسەر دڵ نەوەستا تا گوێ لە مارشی
نیشتیمانی وڵاتەكەی خۆی بگرێ، فرمێسكی شادی لە
چاوی هیچ كوردێك نەهاتە خوارێ، كاتێك گوێی لە
ئاوازی ئەی رەقیب دەبێت، كە بەناو ئاڵا
رەنگاوڕەنگەكانی نەتەوە جیاوازەكاندا
تێدەپەڕێ. بەڵام زۆر بەسەدایی دەبینین تف لەو
شعورە چاوەڕوانەی كورد دەكرێت، كە دەیەوێت
رۆژێك لە رۆژان فرمێسكی بۆ سروودە
نەتەوەییەكەی بڕێژێ.
ئیسلامییە عەرەبەكان هەر ئەوەندە زانییان
خەریكە تۆزێك لە شكۆی نەتەوەیی عەرەبایەتیان
كەمدەكرێتەوە، ناویان لە كورد نا بەكرێگیراو و
یەهودی، ناویان لە فارسە موسڵمانەكان نا
مەجوسی و ئاگرپەرست، لە ئەفغانەكان وەحشی و
هیچ نەزان، بە توركەكانیشیان گوت رۆژئاوایی و
بێكەرامەت.
فارسەكانیش هەروا، هەزار ئایەتوڵای دیكەش بێتە
سەرحوكم، لای ئەوان كورد نەك موسڵمان بێت،
هەموویان ببنە سۆفی و حاجی، هەر باسی مافی
كوردبوونی خۆیان بكەن، ئیدی وەك سەگ و
تاوانبار تەماشایان دەكەن. نەك حیزبە
ئیسلامیەكەی ئەردۆغان، شێخە هەرە
خواپەرستەكانی تورك ببنە حكومەت و كورد هەموو
ماڵەكانی خۆیان بە ئایەتە جوانەكانی قورئان
بڕازێننەوە، مادام كوردن هەر شایانی ژیان نین
و دەبێ كۆمەڵكوژی بكرێن. سرودی نیشتیمان ئەو
نەتەوانە خۆشەویستیان بۆ نەتەوە و وڵاتی خۆیان
لەپێش هەموو شتێك داناوە، ئەوان بەراستی دین و
ئیمان و خودایان نیشتیمانەكەیانە، رابەرە
خۆپەرستەكانیان ئەگەر گومان بكەن یەكێك
لەخزمەتكارەكانیان بۆ سرودی نیشتیمانی
وڵاتەكەیان هەڵناسێتە سەرپێ، بەراستی
هەڵیدەواسن، ئەگەر ئەوەش بزانین كە بەهۆی ئەو
حەماسە گڵاوەی سرودەكانی ئەوان لە ریزی
سوپاكانیان دروستیانكردووە، هەزاران كوردی
ئیماندار و خوداناس هاتۆتە كوشتن.
من ئومێدم هەبوو حیزبە ئیسلامیەكان لەجیاتی
تفكردنە موقەدەساتی نەتەوەكەیان، لەجیاتی سووك
تەماشاكردنی هەموو ئەو شەهیدانەی لەپێناوی
(دینمانە ئایینمانە نیشتیمان) ژیانی خۆیان
بەخشی، سینگی برا ئیسلامیە عەرەبەكانی
هاوڕێیان بگرن و پێیان بڵێن (چۆن بەو هەموو
ئیمانەوە دەتوانن خاكی خەڵك داگیر بكەن؟ چۆن
بەو هەموو ئیمانەوە دەتوانن نانی حەرام بخۆن و
كچی خەڵك ئەتك بكەن؟)
پێیان بڵێن ئێمە برای دینی ئێوەنین، تا هەموو
ئەو نانە تفنەكەنەوە، كە دوای داگیركردنی
كەركوك خواردووتانە.
من زۆر لەسەرخۆ بەو برا موسڵمانە كوردانەی خۆم
دەڵێم، پەیامبەریش باوەڕی بەوە هەبووە، كە
نیشتیمانمان لەدەست چوو، ئیدی ئیمان وجوودی
نامێنێ.
|