مشك و كورد .. كورد و مشك هەرگیز نەبوونە خاوەنی نیشتیمانی خۆیان  

 

 

جەبار جەمال غەریب

مشك زیتترین و وریاترین و بچووكترین گیاندارە ئەوەندە لەمرۆڤەوە نزیك بێت. لەوەشدا تاقانەیە، كە نەیتوانیوە هەرگیز دۆستایەتی (بەلایەنی كەم لەرۆژهەڵات) لەگەڵ مرۆڤدا دروست بكات. سەرەڕای ئەو هەموو زیرەكیەی، مشك هەرگیز نەبۆتە خاوەنی نیشتیمانێك، یان ماڵێكی سەربەخۆ و ئاشكرا. تاكە گیاندارە پەیوەندی لەگەڵ هاوسێ مرۆڤەكانی تەنها دوژمنایەتی و كوشتنە. كەروێشك و سمۆرە و رێوی و چەقەڵیش هەتا مار و دوپشكیش توانیویانە لە هەندێ رێگاوە ببنە هاوڕێ و هاوژیانی مرۆڤ و سۆزی بجوڵێنن. چیرۆكێكی ئەفسانەیی هەیە گوایە زەوی تەنها ماڵی مشكەكان بووە و مرۆڤ داگیری كردووە و ئێستا تەنها ئەو میراتگر و خاوەنی راستەقینەی دەزانێ.
یەكەم كاری مرۆڤ لەدوای نیشتەجێبوونی لەهەر شوێنێ قەڵاچۆكردنی مشكە. دەیان رێگای لەوپێناوەدا خەڵق كردووە. سەرەتایترین رێگای كوشتنی مشك بەكارهێنانی بەرد و دارە، تێكدانی كونە مشكەكانە (مرۆڤ ناوی تایبەتی بۆ ماڵی هەموو گیاندارەكان داناوە، وەكو شارە زەردەواڵە، هێلانە كۆتر، تەنها مشك بێجگە لەكون هیچی دیكەی شایان نییە)، كلاسیكیترین ڕێگای هونەری كوشتنی مشك تەڵەیە. هەموو ئەو كاتژمێرانە بخەینە سەریەك دەبێ چەند هەزار ساڵ بكات، كە مرۆڤ بەدرێژای مێژوو بەدروستكردنی جۆرەكانی تەڵەوە سەرفیكردوون. تەڵەی یەك خانە و دووخانە و سێ خانە، هەتا چوار و پێنج خانەش.
دنیای مۆدێرن چەندان شێوازی دیكەی بۆ قەڵاچۆكردنی مشك دۆزییەوە. ژەهر و هەموو جۆرە مادەكیمیاویە زیانبەخشەكان كە لەتاقیگە پێشكەوتووەكاندا ئامادە دەكرێن و مشك تووشی نەزیفی گەدە و خوێنبەربوونی هەستە دەمارەكانی دەكەن.
بێشەرمانەترین ڕێگای كوشتنی مشكیش لەزگە و سیكۆتینە، كە ئینسانە ترسنۆكەكان لەزەت لەو هاوار و فیغانە وەردەگرن، كە مشكە تووشبووەكان لەسەرمەرگدا دەیكەن. ئیدی مرۆڤ داهێنانی لە كوشتنی مشك بەهۆی كارەبا و ئەلیكترۆن و نەوەویدا كردووە.
ئەگەر لەبەر ئەتەكێتی نووسین نەبێت، ئیدی پێویست نیە تاكە وشەیەكی دیكە بنوسم، چونكە مەبەستەكەم گەیشتووە، زۆر بەئاسانی دەتوانین لەجێگای هەموو مشكێك كوردێك دابنێن.
دنیا هەموو لەسەر ئەوە كۆكن، كە دەبێ كورد قەڵاچۆ بكرێن. دینەكان یەكڕان كە كوردكوشتن تاوان نیە و پاككردنەوەی جیهانە لەپیسی. لەهەر شوێنێك و هەر ڕەگەزە ئینسانێك تاوڵی هەڵدا ئیدی یەكەم كاری قەڵاچۆكردنی كوردە. لەو وتارە بچووكەدا مێژووی دوور بیرناخەینەوە. هەر كە دەوڵەتی عێراق دروست بوو، جارێ جەنابی مەلیك باوەڕی نەكردبوو مەلیكە و كۆشكی خۆی تەواونەكردبوو، خێڵەعەرەبەكانی ڕەوانەی ’’باكور’’ كرد و هەتا توانی راوینان لەناو كونە كورد واتا شاخەكانی پەستاون. یەكەم فرۆكەی بەریتانی یەكەم بۆمبای خۆی بەكونە مشكەكان، ببورن كونە كوردەكان تاقیكردەوە. تەڵە كورد دروستكردن پارە و كاتێكی زۆری لەو حكومەتەی عێراقە بەخەسارداوە، بەڵام ئەوندە هەیە كورد بۆ پێوەبوون كەمێك لە مشك كەمئەزموونترن و ئاسانتر پێوەدەبن. هەتا كار گەیشتە زیندە بەچاڵكردن و كیمیا و بەكارەبا كوشتن.
توركیا دەوڵەتێكی شارستانیتر و دیموكراسیترە و لە كوشتن و قەڵاچۆكردنی كورد وریاتر و زاناترە. لەسەردەمی ئەتاتوركەكاندا كوردە مشكەكان وەك كرم و مەگەز لە دۆڵ و ئەشكەوتان چیمەنتۆ رێژكران و ئەتاتوركە مەدەنیەكە شێخ سەعیدی پیرانی بەبیانووی كۆنەپەرستی و ئیسلامخوازی و مشك بوون لە سێدارەدا. ئێستا ئیسلامخواز و كۆنەپەرستانی تورك و ئەمریكای مەدەنی و بەریتانیای مەزن و ئەورپای ئاشتیخوازیانی هێناوەتە سەر ئەو قەناعەتەی كە مشكە تیرۆریستەكان ببورن كوردە تیرۆریستەكان مەترسین بۆ هەموو جیهان و بەهەموویان خەریكی قەڵاچۆكردنی ئەو چەند مشكە كوردەن لەچەند كونە شاخێكدا خۆیان شاردۆتەوە. ئێران و سوریاش لەبەرئەوەی دوو دەوڵەتی كلاسیكین تا ئێستا هەر بەڕێگای تەڵەو لەزگە و سیكۆتین خەریكی كورد گرتنن. كە ئەوەش بێشەرمانەترین شێوازی ڕاوكردنن.
كورد و مشك هەرگیز لەو سەرزەمینەدا نەبوونە خاوەنی ماڵی ئاشكرای خۆیان، بەڵام لەژێر زەوی حازر و ئامادەن بۆ پارچەپارچەكردنی هەركەسێك سەردانیان بكات.
 


 

 
Copyright 2009 - 2010 All rights reserved to Civilmag.com