|
رێبوار سیوەیلی
ئەم پرسیارەتان پەیوەندییەكی راستەوخۆی بە
گۆشەی وەڵامەكانی منەوە نییە لەسەر ئۆپۆزیسیۆن
و دەسەڵات، لەوەش مەترسیدارتر ئەوەیە
پەیوەندیی بە تایەفەیەكی كۆمەڵگای ئێمەوە
هەیە، كە لە هەر كەسانێكی تر زیاتر شەڕی
تایەفەگەری و حیزبایەتی و شەخسییان كردووە، كە
پێیاندەگوترێ: "نووسەران". من لەمێژە كاتێ ئەم
ناوەم گوێ لێدەبێت، یەكسەر كۆمەڵێ بوتڵە عارەق
و تۆران و شەڕ و پشی پشیی كەسانێكم بۆ حیزب و
كەسایەتیە سیاسییەكان بیر دەكەوێتەوە، كە زۆر
كەم هاوبەشیی لەژیانی هاوسەر و منداڵەكانیاندا
دەكەن و بەردەوام لەنادی و چایخانە و كۆنفرانس
و فیستیڤاڵ و لیستی ئەرزە وەرگرتن و ئیمتیاز
سواڵكردندا وەستاون و قسە و قسەڵۆك و ناو و
ناتۆرە بۆ ئەم و ئەو دروستكردن و من وامكرد و
وامگوت و وام نووسی، پیشەیانە. ئەم وێنەیەی
نووسەران پێویستە چاك بكرێ و جوانبكرێ و كاری
نووسەری بگێڕدرێتەوە سەر مەداری ڕاستەقینەی
خۆی، كە بریتیە لەبیناكردنەوەی ڕۆحیی و
مەعنەوی و ئیستاتیكیانە و ویژدانیانە و
ئەخلاقیانەی مرۆڤ و كۆمەڵگای كوردی. ئەگەر
پارتی و یەكێتی لەم ڕوانگەیەوە هەر یەك لەو
لیستانەیان فەرزكردوون، ئەوە كارێكی باشە و
هیچ گرنگ نییە كێ و لە كام تەمەن و بە چ
باكگراوند و پێشینەیەكی ئەدەبییەوە و بەرهەمی
چۆنە و چەندە، بۆتە سەرۆك و جێگری سەرۆكی
یەكێتی نووسەران. چونكە ئەو پێگەیە، شوێنێكی
ئیدارییە و كاری ئەوانیش بریتیە لە
زەمینەسازكردن بۆ ئەوەی نووسەران، بە گەنج و
بەتەمەن و فرەیی بەرهەم و بەبێ گوێدانە ئەوەی
خزمی كێ و خەڵكی كوێن، بتوانن بەهۆی نووسین و
داهێنانەوە، بەهۆی بەشدارییان لە پەروەردەی
ڕۆحیی منداڵان و نەتەوەكەیانەوە، ئەركی
ڕاستەقینەی خۆیان جێبەجێ بكەن. ئەركی نووسەران
لەم قۆناغەدا قورس و زۆرە، ئەگەر یەكێتی
نووسەرانیش بتوانن بەشێوەیەكی بەرپرسیارانە
پلانی كاركردنی خۆیان دابڕێژن و نەبنە
دائیرەیەك بۆ ئیمتیاز وەرگرتن، بەڵكو ئەركیش
بۆ نووسەران دەستنیشان بكرێ و هەر نووسەرە
بەپێی ئەو ئەركەی دەیگرێتە ئەستۆی خۆی،
ئیمتیاز وەربگرێت، ئەوە كارێكی باشە. پێویستە
ئەم یەكێتی نووسەرانە، لە هەموو قۆناغەكانی
تری تەمەنی یەكێتی نووسەران كراوەتر،
ناشارچێتیتر، بەرپرسیارانەتر، لێبووردوانەتر و
هەروەها لە خۆبووردوانەتر كار بۆ ئامانجەكانی
خۆی بكات و هەرگیز سەرۆك و جێگیرەكەی، كە
یەكێتی و پارتیان لە پشتە، میزاجیانە و
ئاراستەكراوانە و بچكۆلانە، لەگەڵ كەیسی
نووسەران و ڕۆشنبیرانی جیدیدا ڕووبەڕوو
نەبنەوە و بەو پەڕی متمانەوە، داكۆكیی لە مافی
نووسەران بكەن و یەكهەڵوێست و بوێر بن. من
زۆرم پێخۆش بوو، گەر یەكێتی نووسەران، وێڕای
پێگەی سەرۆك و جێگرەكەی، ئەنجومەنێكی
بڕیاردانیشیان هەبوایە و بە كۆدەنگی نووسەرانی
گشت شار و شارۆچكەكان، كاریان بكردایە و بڕیار
و داخوازییەكانیان بەرئەنجامی گفتوگۆ و
كۆدەنگی گشت نووسەرانی كوردستان بوایە.
پێویستە ئەم دەورەیەی یەكێتی نووسەران،
ڕازیكەری گشت نووسەران بێت، كە ئەوە زەحمەتە.
پێویستە ئاگای لە نووسەرە گەنجەكان بێت و
زۆریان لێدامەزرێنێت، چونكە ئەوان ماندوویی
ناناسن و سنگفراوانتریشن، پێویستە ئەم یەكێتی
نووسەرانە هەر تەنیا یەكێتی نووسەرانی سلێمانی
و هەولێر نەبێت و بیسەلمێنێ كە یەكێتی
نووسەرانی گەرمیان و كەركووك و بادینان و
ڕانیە و قەڵادزە و چۆمان و سۆران و بەردەڕەش و
خانەقین و كەلار و هەڵەبجە و شارباژێڕ و
یەكێتی نووسەرانی كوردانی ئەوروپا و میوانانی
خۆرهەڵات و باكوور و خۆرئاوای كوردستانە.
ئەگەرچی ئەم خولەی یەكێتی نووسەرانیش
ئیمتیازێكی زۆر زیاتری دایەوە بە نووسەرانی
نێرینە و ئاوەكەش لە سەرچاوەكەوە لێڵە. بەڵام
هیوادارم ئەندامانی داندراو، بوێریی ئەوەیان
هەبێت كە گرنگیی بە خانمە نووسەرەكانیش بدات و
لەسایەی ئەم خولەدا ئەدەبی مێیینەیی ئێمە خۆی
بۆ داهێنانی مەزن تاقیبكاتەوە. یەكێتی و پارتی
بە فەرزكردنی لیست كارێكی خراپیان كرد، بەڵام
لەوە خراپتر ئەوەیە كە ئەو نووسەرانە
یەكێتیانە و پارتیانە ڕەفتار بكەن و
خزمخزمێنەی حیزبی بگوێزنەوە بۆ یەكێتی
نووسەران. ئەگەر وا بكەن، بەو قورحانە وا لە
سینە ئیمانارا، بەعزێ وەك ئێمەومانان وەك سەگ
بەرەڵا ئەو دەشت و دەرەمان لێ تێت، ئەوێ هەر
لە دوورەوە قرووسكەمان وێ و كەسیش گوون خۆی بە
هاوارمان ناسڕێتۆ..
|