با بەرپرس گۆڕین بۆ خزمەتی هاووڵاتیان بێت  

 

 

رێدار سابیر

ماوەیەكە مقۆمقۆی ئەوە لەئارادایە، كە كۆمەڵێك بەرپرسی وەزارەتەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەگۆڕدرێن، یاخود (جێگۆركێیان) پێدەكرێت و هەندێكیشیان خانەنشین دەكرێن، لەبەرئەوەی ماوەیەكی زۆرە لەسەر كورسیەكانیان دان و كاتی ئەوەش هاتووە ڕێ بە روخساری تازە بدرێت تا رۆڵی خۆیان ببینن. ئەوەی زۆرتر قسەی لەسەر دەكرێت، برادەرانی (پ.د.ك) لەهەمووان زیاتر خەریكی ئەم مەسەلەیەن.
من وەك هاووڵاتیەك وەك هەموو جارانی پێشوو و ئێستاش دەپرسم، دەبێ ئەم گۆڕانكاریانە چۆن بن و بەرەوە كوێمان دەبەن؟، بە واتایەكی دیكە دەبێ گۆڕانكارییەكان ڕووەو باشتر بن، یاخود خراپتر؟ (چونكە گەلێ جاران لەوە تۆقیوین و بەرەو مەنزڵی پەشیمانیمان دەبەن، چونكە دەگوتری سەد خۆزگە بە كفن دز)
گەلێ گۆڕانمان بینی بە زەرەركەوتنەوە بۆ هاووڵاتیان و شیعاراتی قەبە قەبەیان هەڵگرتبوو و بەڵێن و خەونی ڕەنگینیان نەخش دەكرد، كەچی جگە لە قسەی پفدراو و بەڵێنی بەتاڵ هیچی دیكە نەبوون.
ئەوەی لەم چەند ساڵەی رابردوو بە ئەزموون سەلمێنرا بەشێكی زۆری ئەم بەرپرسە حكومیانە، هەستیان بە هەموو شتێك دەكرد، تەنها بەبەرپرسیەتی نەبێ. ئەوان لەبیریان كردبوو بەرپرسی واتا هەرچی ئیجابیات و سەلبیاتی ئەم بەشەی ئەوانی لێی بەر پرسن _ بەرپرسی بریتی نییە لە ژوورێكی فێنكی ڕازاوە بە كورسی و مێز و كەلوپەلی گرانبەهاــ بەرپرسی واتا خزمەتكردنێكی بێ شوماری هاووڵاتیان و ڕێزگرتنیان. بەڵام سەد حەیف و مخابن بەرپرسانێكی زۆرمان بینی (لووتبەرز و خۆبەزلزان، ڕێزنەگرتووی هاووڵاتیان، هەڵسوكەوتێكی ناكوردانە و نەشیاو بەرامبەر بە ژن و پیاو) ئەمە وایكرد ڕق و ناڕەزایی و گلەیی و توڕەیی هاووڵاتیان زێدەتربێ، خەڵكی هەمیشە دوعای ئەوە بكات، خودایە جارێكی دیكە رێم نەكەویتە ئەم شوێنە، چیتر هەست بە ئیهانە نەكەم و لە رۆتینی ئەم حكومەتەی خۆمان نەجاتم دەبێ. خودایە جارێكی دیكە رووخسارم ئەم ڕووخسارانە نەبینێت و نەڵێم حەیفێ (كێ كێشای جەورو جەفا ــ كێ كردی كەیف و سەما)، ئەرێ برادەران دەشێ ئەم جۆرە بەرپرسانە چەندە زیانی دوورمەودایان لە گەلی كورد دابێ و دركمان پێ نەكردبێ؟ ئەرێ گەلۆ ئەم بەرپرسانە بەمجۆرە رەفتارە نەشیاوانە دەبێ چ زەرەرێكیان لە حزبی خۆیاندا بێ و بە مەزاجی تاكەكەسی خۆیان چ ڕەوشێكی نالەبار دروست دەكەن لە لایەن هاوڵاتیان، من هەمیشە گوتوومە و دەیڵێمەوە برادەرانی حزب لە هەڵبژاردنی ئەندامانی خۆیان بۆ بەرپرسیەتی حكومی زەوقیان سەقەت و هەڵبژاردنیان ناڕێكە. ئەرێ بەرپرسان چ چێژێك لەئازاردان و زەلیلبوونی هاووڵاتیانی خۆتان دەبینن لە بەزۆركردنی ڕۆتین و هەفتەیەكی تر وەرەوە بۆ تەواوبوونی نوسراوەكەت و ماوەیەكی تر سەرمان لێ بدەوە؟
خۆ من دەزانم بە چ پردێك و بەچ حاڵ و حیسابێ، بە چ بەڵێنێ، بوونەتە بەرپرس!! بە بەڵێنێ ئەوەی ڕووی حزبەكەت و حكومەتیش سپی بكەیت و سوێندت خوارد كە لەخزمەتی گەل و هاووڵاتیاندا كار بكەیت (گەورە ئەوەیە شێوەی شەمعی بێت ـ بۆ خۆی بسووتێ و نەفعی جەمعی بێت) درێغا ئەم شیعارەتان پەیرەو نەكرد، قەولتان نەبوو بە فیعل ــ پشتتان لە بەڵێنەكان كرد و واتان دەزانی بەرپرسیەتی هەر بەهاری هەیە و پایزی نییە.
بەرپرسی حكومی وامان هەن زەڕەیەك حورمەت بۆ هاووڵاتیان دانانێن و فەرمانبەرانیش ناڵەناڵیانە لەدەستی، كەچی كەس گوێ بەهاواریان نادات. ئێمە بۆ ڕۆژگاری ئەمرۆ پێویستمان بە بەرپرسێكە كوردانە هەڵسوكەوت بكات و كوردانە بیر بكاتەوە و ئایندەبین بێت، نەوەك ئێستابین بێت، پێویستمان بە بەرپرسێكە بە وتە و كردار و ئاكاری جوانی، وەڵامی دوژمنانی كورد بداتەوە و زمانكورت و شەرمەزاریان بكات و گلەیی و گازاندەی ناحەزانی كورد بپوكێنێتەوە. هیوادارم ئەم قسانەی منیش هەر كوتانی ئاسنی سارد نەبیت.
 


 

 
Copyright 2009 - 2010 All rights reserved to Civilmag.com