|
وشیار ئەحمەد ئەسوەد
وێڕای ئەوەی یەكێك بووم لەوانەی لەسەرەتای
هەوڵەكانەوە بۆ یەكگرتنەوەی سەندیكا و یەكێتیی
هونەرمەندانی كوردستان وەك سەرۆكی لقی كەركوكی
سەندیكا بەشدار بووم، بەپێی دیكۆمێنتەكانیش،
كە لەڕێكخراوی هونەرمەندانی كوردستاندا
پارێزراون (ئەگەر دەستكاری نەكرێن) لەزۆربەی
مەحزەری كۆبوونەوەكانی ئەوكاتدا ئیمزای منیشی
بەسەرەوەیە، بەڵام هیچ كاتێك بەجۆری
یەكگرتنەوەكە ئاسوودە نەبووم و هەمیشە كێشەم
لەگەڵ پیرەكانی ئەو ڕێكخراوەدا هەبووە، بەپێی
ئەو ئەرشیفەش، كە لەبەردەستی خۆمدایە، لەگەڵ
یەكگرتنەوەی سەندیكا و یەكێتیی هونەرمەندان لە
2006دا، لەچەند دیمانەیەكدا ئاماژەم بەوە
كردووە، كە یەكگرتنەوەكە بە(سیكۆتینێكی
ستۆك)ـە و هاوكات لەهەژموونی حزبەكان
نەترازاوە، ئەمەش بەو واتایەی هەردوو
ڕێكخراوەكەی یەكێتی و سەندیكا ناكەونە دەرەوەی
دوو حزبە باڵادەستەكەوە، كەواتە ئەگەر لەهەر
ساتێكدا قابیلی هەڵوەشانەوەش نەبێت، بەڵام
لەهیچ دەمێكدا ناكەوێتە دەرەوەی كێشەكانەوە،
ئەم بۆچوونانەی من كێشەگەلێكی بۆ دروست كردم،
چونكە بەتایبەتی سەرانی یەكەم و دووەمی
ڕێكخراوەكە هەمیشە ویستوویانە ڕای گشتی لەنێو
هونەرمەنداندا بەوە چەواشە بكەن، كە خۆیان و
ڕێكخراوەكە ناكەونە بەر هەژموونی حزبەكانەوە.
بەڵام ئەم بەڵگەیەی كە مەبەستمە لەم
نووسینەمدا ئاشكرای بكەم، وێڕای كۆمەڵێك بەڵگە
و دیكۆمێنتی تر، دەیسەلمێنن كە ڕێكخراوەكە
لەورد و درشتدا بەبێ هەناسەی حزبەكان هەناسەبڕ
دەبێت، بەتایبەتیش كە بەڵگەكە پێوەستە بەستافی
یەكێتیی هونەرمەندانی كوردستانەوە، چونكە بڕوا
ناكەم هیچ كەسێك هێندەی كاك فەرەیدوون دارتاشی
سەرۆكی پێشووی یەكێتیی هونەرمەندان خۆی
بەبێلایەن دەرخستبێت.
ڕاستە من لە2007ەوە خۆم لەسەرئێشەی ئەو
ڕێكخراوە دوور خستووەتەوە، بەڵام هیچ كاتێكیش
لەرووداو و هەواڵەكانی بێئاگا نەبووم،
هۆكارەكەیشی ئەوەیە ئارەقەم پێوە ڕشتووە و خۆم
بەخاوەنی دەزانم، كەواتە لەلایەك بۆ دەرخستنی
ڕاستییەكان بۆ ڕای گشتیی هونەرمەندان و
سەلماندنی بۆچوونەكانی پێشترم، لەلایەكی
تریشەوە وەك دڵسۆزێك بۆ هونەرمەندان و دۆخە
هونەرییەكە كە پێموانییە هیچ یەكێك لەوانەی
لەنزیكەوە دەمناسن یان كاریان لەتەكمدا
كردووە، نكۆڵی لەو ڕاستییە بكەن، بۆیە جێی
خۆیەتی لەئێستەدا كە نزیكی سەروبەندی كۆنگرەی
دووەمی رێكخراوەكەیە (ئەگەر دیسان پێچاوپێچی
بۆ نەكرێت) یەك لەبەڵگەكان بخەینە ڕوو.
كاتێك هەردوو ستافەكەی رێكخراوی هونەرمەندان
بەهۆی پۆلێنكردنی هونەرمەند و ناهونەرمەند
تووشی بۆچوونی جیاواز دەبن، پێموانییە ئەمە
كێشەیەكی ئەوەندە گەورە بێت پێویست
بەئاڵۆزكردن بكات و بۆ چارەسەركردنیشی هانا بۆ
حزبەكان ببرێت، ئەمە یەك لەوردە كێشەكانە،
كاتێكیش دەبنە هۆی كێشەگەلێك و بەهەر هۆكارێك
بێت خۆیان لەچارەسەركردنیان گێل دەكەن،
ئەوانیش بەڕاست هانا بۆ حزبەكان دەبەن، ئیدی
چی بۆ كەسایەتیی مەعنەویی ڕێكخراوەكە
دەمێنێتەوە شانازیی پێوە بكەن؟!
ئەوان بەهۆی كارە كارگێڕییەكانەوەیە ناگەنە
یەك و كێشە دروست دەكەن، ئاخر بەیەكنەگەیشتن
لەكاری كارگێڕی چ پێوەندییەكی بەحزبەوە هەیە،
تا نووسراو بۆ حزب بكرێ بەهانایانەوە بچێت،
ئەگەر ڕێكخراوەكە دروست لەژێر هەژموونی
حزبەكاندا نەبێت؟!
ئەوەتا كاتێك هەردوو ستافی سەندیكا و یەكێتیی
هونەرمەندان لەكۆبوونەوە داخراوەكاندا ناگەنە
یەك، ستافی یەكێتیی هونەرمەندان هانا بۆ
حزبەكان دەبەن و نووسراویان بۆ دەكەن، بێ
ئەوەی بیر لەنووسراو بۆ وەزارەتی ڕۆشنبیری یان
هەر لایەنێكی تری حكومەتی بكەنەوە، سڵاوی
هونەر بۆ حزبەكان دەنێرن.
لەمێژووی 5/7/2010دا ستافی یەكێتیی
هونەرمەندانی ڕێكخراوەكە بەهۆی كێشەكانیان
لەگەڵ ستافی سەندیكای هونەرمەندانی بۆ بەستنی
كۆنگرە، نووسراوێك بەئیمزای 8 ئەندامی
ئەنجوومەنی باڵا ئاراستەی مەكتەبی سیاسیی
یەكێتی و پارتی دەكەن، هاوكات وێنەیەكی
نووسراوەكەیان بۆ مەكتەبی ڕێكخراوە
جەماوەرییەكانی پارتی و مەكتەبی ڕێكخراوە
دیموكراتییەكانی یەكێتی دەنێرن. بەپێی ئەو
خاڵانەی لە نووسراوەكەیاندا دیارییان كردووە،
كێشەكە لەنێوان هەردوو ستافدایە، نەك كێشەیەكی
گشتیی هونەرمەندان و ڕێكخراوەكە، بۆیە دەبینین
تەنیا ئەو 8 كەسە ئیمزایان كردووە كە لەستافی
یەكێتیی هونەرمەندانن، ئەوانیش پێكهاتوون لە
(فەرەیدوون دارتاش، جیهاد دڵپاك، عەلی جۆڵا،
ئەنوەر قەرەداغی، ئاری بابان، جەمال موشیر،
هیوا رەئووف، نیاز نووری)، بەڵام بەپێی
نووسراوەكە خۆی، وادەردەخرێت كە ستافی
سەندیكای هونەرمەندان دروستكاری كێشەكەن و
ستافەكەی دیكە هانا بۆ دوو حزبەكە دەبەن،
تاكێشە كارگێڕییەكانیان چارەسەر بكات. هەر
لەدەستپێكی نووسراوەكەشیاندا بەموزایەدەیەكی
سەیر و بێسەروبەر دەستیان پێكردووە كە دەڵێن
"وەك هەموو لایەك ئاگادارە كە ئێمە بووین
دەستپێشخەر بووین بۆ یەكگرتنەوەی ریزەكانی
هونەرمەندان و ماوەی 4 ساڵ گفتوگۆی
بەردەواممان كرد تاكۆنگرەی یەكبوونمان ساز
كرد"، وەك ئەوەی لایەنی بەرامبەریان كە
سەندیكای هونەرمەندانە هیچ رۆڵێكی لەو
یەكگرتنەوەیەدا نەبووبێت و بەبێ ویستی خۆیان
بەسەریاندا فەڕز كرابێ، ئەگەرچی ئەمەیان دەبوو
ستافی سەندیكا روونكردنەوەی لەبارەوە بدایە،
كەچی وەك كردەی هەمیشەیان بێدەنگ و سەركزن.
ئەوان لەنووسراوەكەدا دەڵێن "بەهۆی چەند
كێشەیەك كە دروست كراوە و ڕێگرە لەبەردەم
بەرەوپێشچوونی كارەكانی لیژنەی باڵای
ئامادەكاری كۆنگرە و دوای ئەوەی لەكۆبوونەوەی
ئەنجوومەنی باڵای ڕێكخراوەكەدا نەگەیشتینە
ئەنجام و لەبەر بەرژەوەندیی گشتیی هونەرمەندان
و چیتر دوانەكەوتنی كۆنگرە، بۆ چارەسەركردنی
ئەو كێشانە بەگیانێكی لەخۆبوردەییەوە، كە
لەخزمەتی بەرژەوەندیی هونەرمەنداندا بێت،
پێشنیاز دەكەین هەنگاوی فعلی و عەمەلی بنرێت
بۆ.." لێرەوە خاڵەكان دەستنیشان دەكەن.
ستافی یەكێتیی هونەرمەندان لەدەستنیشانكردنی
خاڵەكاندا بەڵگەی حاشاهەڵنەگرمان پێشكەش
دەكەن، كە حزبیبوونیان دەسەلمێنێ، ئەویش لەبەر
ئەوەی تەواوی خاڵەكان كێشەی كارگێڕین و هیچ
پێوەندییەكیان بەكاری حزبەكانەوە نییە. 5 خاڵ
لە نووسراوەكەدا هاتوون ئەوانیش:
1- پابەندبوون بەڕێككەوتننامەكان و بڕیار و
ڕاسپاردەكانی كۆنگرە و پەیڕەوی ناوخۆ و
جێبەجێكردنی بڕیارەكانی ئەنجوومەنی باڵا.
2- جێبەجێكردنی ئەو ڕێككەوتننامەیەی لە
24/12/2009دا بەئاگاداری هەردوو مەكتەبی
رێكخراوە جەماوەرییەكانی (پ.د.ك) و مەكتەبی
ڕێكخراوە دیموكراتییەكانی (ی.ن.ك) ئیمزا كراوە
و لەكۆبوونەوەی ئەنجوومەنی باڵای ڕێكخراودا
پەسەند كراوە.
3- چارەسەری كێشەی ئەو ناوانەی كە لەلایەن
لیژنەی باڵای ئامادەكاری كۆنگرەوە دەستنیشان
كراوە، كە لەسجلی سكرتاریەتدا بڕیاریان نییە و
فەرمانیان بۆ دەركراوە بۆئەوەی ئەندامی كارا
بەشداریی كۆنفرانسەكان بكات.
4- پەسەندكردنی ئەو ناوانەی كە لەلایەن لیژنە
چوار كەسییەكەوە بینراوە و لەلایەن هەردوو
مەكتەبی بەڕێزەوە و ئەنجوومەنی باڵاوە پەسەند
كراوە. (ئەمەیان ئەوە دەگەیەنێت تەنانەت
ناوەكانیش بەڕەزامەندیی حزبەكان پەسەند
كراون).
5- جێبەجێكردنی ئەو بڕیارانەی كە لەئەنجوومەنی
باڵا دراوە، سەبارەت بەو ناوانەی كە ئەندامن
لە(نیقابەی هاوشێوە)ـدا، (مەبەستیان نەقابەی
هونەرمەندانی عێراق)ـە.
لەكۆتاییدا ستافی یەكێتی دەڵێن "خوازیارین ئەم
پێشنیارانەمان زوو پەسەند بكرێت، بۆئەوەی
كارەكانی بەستنی كۆنگرەی هونەرمەندان
بەڕێكوپێكی بەپێی پرەنسیپەكانی ڕێكخراوەیی
بەڕێوە بچێت و كۆنگرە بەزوویی ببەسترێت.
بەپێچەوانەوە ئێمە بەرپرسیار نابین لەبەردەم
هونەرمەندان و ڕای گشتی لەدواكەوتنی كۆنگرە"،
كە دەڵێن هیوادارین پێشنیارەكانمان بەزوویی
پەسەند بكرێت، ئەمە ئەوە دەگەیەنێت، كە
چاوەڕوانی پەسەندكردنەكانی حزبن و
كارەكانیشیان بەپێی ئەو پەسەندكردنانە
بەڕێوەدەچن.
هەموو ئەمانە بەڵگەی زیندوون، كە ئەو ڕێكخراوە
تاچەند هونەرمەندانی كوردستانی چەواشە كردووە،
هاوكات بەڵگەن لەوەی كە ڕێكخراوەكە نوێنەری
ڕاستینەی هونەرمەندانی كوردستان نییە، بگرە
بەدروستی نوێنەری دوو حزبە باڵادەستەكەی
كوردستانە. بێگومان منیش لەوە پتر بەڵگە و
دیكۆمێنتی چەواشەكارییەكانی ئەو ڕێكخراوەم
لەبەردەستدایە، بۆ ئەمەیشیان چاوەڕوانی بەستنی
كۆنگرەی دووەمیان دەكەم، تالەو سەروبەندەدا
نیشانەكان بپێكین و دیسان گومانم نییە لەوەی
هۆڵی كۆنگرە ئەو گەواهییە دەدات، لەبەرئەوەی
وەك كۆنگرەكەی یەكێتیی نووسەران، ڕێكخراوی
هونەرمەندانیش خاڵی نابێت لە لیستی دەسەڵات،
بۆیە هەڵبژاردنی كات و شوێن بۆ دەرخستنی
ڕاستییەكان بەبەڵگەوە، تەنیا كاتی بەستن
كۆنگرە و هۆڵی كۆنگرەیە.
|