بانگەوازێك بۆ هەڵوەشاندنەوەی رێكخراوی هونەرمەندان  

 

 

حەمەسوار عەزیز

ماوەی ساڵێكە وادەی بەستنی كۆنگرەی دووەمی رێكخراوی هونەرمەندان بەسەرچووە، كەچی تائێستا ئەو رێكخراوە نەیتوانیوە میكانیزمێكی دیاریكراو بۆ بەستنی كۆنگرە بدۆزێتەوە، كۆبوونەوە دوای كۆبوونەوە رێگاكان بە بنبەست دەگەن و كۆبوونەوەكانیش لەسەرخستنی بەردەكەی سیزیف دەچن و هەركاتێ سەریدەخەن جارێكی تر بۆ خوارەوە غلۆر دەبێتەوە و لەسەرەتاوە دەسپێدەكەنەوە، بۆ تێگەیشتن لەو قەیرانەی رێكخراوی هونەرمەندانی كوردستان تێیكەوتووە، پێویستە بۆ میكانیزمی دامەزراندن و لۆژیكی كاری رێكخراوەیی لەم بەشەی كوردستان بگەڕێینەوە.
رێكخراوی هونەرمەندانی كوردستان دەرەنجامی یەكگرتنەوەی دوو رێكخراوی حیزبی هونەرمەندانن، كە یەكێكیان سەر بەدەڤەری زەرد و ئەویتریان سەر بەدەڤەری سەوز بوو، لەدوای رێكەوتنی ستراتیژی نێوان ئەم دوو حیزبە دەسەڵاتدارە و كۆتاییهێنان بەدوو ئیدارەیی و پێكهێنانی حكومەتی هاوبەش، كارێكی حەتمی بوو، كە رێكخراوە مەدەنی و پیشەییەكانی سەر بەو دوو حیزبە لەژێر رۆشنایی رێكەوتننامەی ستراتیژی لەرێكخراوێكی یەكگرتوودا یەكبگرنەوە، ئەوەبوو لەساڵی 2006 یەكێتی هونەرمەندان و سەندیكای هونەرمەندان لەكۆنگرەیەكی بەرنامەداڕێژراوی حیزبی كە مەكتەبی پەیوەندیداری هەردوو حیزب سەرپەرشتیان كرد، یەكیانگرتەوە و كۆمەڵێك روخساری جێگە متمانەی حیزبیشیان وەك ئەنجومەنی باڵا و ئەندامی دەستەی بەڕێوەبردنی لقەكان دیاریكرد، كۆنگرەكەش وەك هەڵوێستی نەگۆڕی هەمیشەیی هونەرمەندان بەرانبەر بەسێبەری حیزب، بەقەڵاقوپكردن و چەپڵەڕێزانی هونەرمەندان بە سەركەوتوو وەسفكرا.
لەماوەی ئەو پێنج ساڵەی دروستبوونی رێكخراوی هونەرمەندان هیچ رۆژێك ئەو رێكخراوە نەیتوانیوە خۆی وەك رێكخراوێكی یەكگرتووی هونەرمەندان بچەسپێنێ، بەڵكو وەك جاران تەنسیقێكی ناڕێكی پڕ ململانێی هەردوو رێكخراوە كۆنەكە بوو، كە هەریەكیان لەمەكتەبی حیزبەكەی رێنمایی وەردەگرت و بەپێی ئەو رێنماییانە بەرنامەڕێژی ئیشەكانی دەكرد، بۆیە كارێكی ئاسایی بوو لەناوچەی دەسەڵاتی هەر حیزبێك لقی ئەو دەڤەرەی رێكخراوی هونەرمەندان بكەوێتە ژێر كاریگەری و ئیرادەی بەڕێوەبردنی ئەو حیزبە و لایەنەكەی تر فەرامۆش بكرێت، وەك ئەوەی لەهەولێر و دهۆك كەوتە ژێر دەسەڵاتی پارتی و لەسلێمانیش كەوتە ژێر دەسەڵاتی یەكێتی، ئەمە جگە لەوەی هەریەك لەو دوو رێكخراوە لەو ماوەیەی، كە وەك یەك رێكخراو كاریان كردووە هیچ كاتێك ئەوەیان لەبیر نەچووە، كە هەمیشە هەریەكەیان كار بۆ رێكخراوە كۆنەكەی خۆی بكات و هەوڵبدات نفوز و پێگەی رێكخراوە كۆنەكەی لەنێو رێكخراوی تازەدا بەهێز بكات، وەك ئەوەی لەوە دڵنیابن كە ئەم یەكگرتنەوەیە كردارێكی كاتییە و هەمیشە دوو رێكخراوەكە لەئامادەباشیدابن بۆ گەڕاندنەوەی سەردەمی دوو رێكخراوەیی، دەرەنجامی ئەوەش دەیان و سەدان كەس كران بەئەندامی كارای ئەو رێكخراوە، كە زۆرینەیان شایستەی ئەوەنەبوون، بەڵام وەلائی حیزبییان لەڕوانگەی ئەو دوو رێكخراوە زۆر لەتوانا و بەهرەو ئەزموونی هونەرییان گرنگتربوو، بۆیە هەمیشە وەك هونەرمەندان و ئەندامانی ئەو رێكخراوە هەستمان بەوە دەكرد، جۆرە بێ متمانەییەك لەنێوان ئەندامانی ئەنجومەنی باڵا و لقەكانی ئەو رێكخراوە هەبووە.
ئێستاش كە خەریكە ساڵێك بەسەر وادەی بەستنی كۆنگرە بەسەردەچێت و هیچ شەرعیەتێكی ئەو رێكخراوە نامێنێت، خەریكە كەلێنە زەقەكانی نێوان ئەو دوو رێكخراوە زیاتر زەقتر و گەورەتر دەبێت و هەریەكێك لەو دوو رێكخراوە لەژێر كاریگەری فەرمان و رێنماییەكانی حیزبەكەی هەوڵدەدات كۆنگرەی داهاتووی ئەو رێكخراوە بەئاقارێكدا ببات، كە زیاتر و زیاتر خزمەتی بەرژوەندییە باڵاكانی حیزبەكەی بكات و زیاتر رێكخراوەكە دەستەمۆی حیزبەكەی بكات و بیكات بەیەكێك لەبارەگاكانی رێكلام بۆ حیزبەكەی و نفوز و پێگەی حیزبەكەی لەنێو توێژی هونەرمەندان زێدەتر بكات.
لێتان ناشارمەوە هەر لەسەرەتاوە ئەو رێكخراوە رێكخراوێكی پیشەیی نەبووە، لەبەرژەوەندی هونەرمەندان بێت، بەڵكو تەنیا و تەنیا بۆئەوە دامەزراوە تا بەرژوەندییەكانی حیزب لەنێو ئەو توێژە بپارێزێت، هەر لەم روانگەیەوەش دەسەڵاتی كوردی، كە لەبنەڕەتدا دەسەڵاتی حیزبە، هیچ بەهاو رێزێكی بۆ ئەو رێكخراوە دانەناوە و داینانێت، ئەو هەموو ئیجرائاتانەش ئەم چەند ساڵەی دوایی دەسەڵاتی كوردی بەرانبەر بەهونەرمەندان ئەنجامیداوە بەتەواوی ئەوە دەسەلمێنن، داگیركردنی كۆشكی هونەر لەلایەن سەتەلایتی نەورۆز و بڕینی مووچەی رێزلێنان و گوێنەگرتن و ئاوڕنەدانەوەی سەرۆكایەتی هەرێم و حكومەت و پەرلەمان لەو بانگەوازە شەرمنانەی، كە لەم چەند ساڵەی رابردوو ئەو رێكخراوە لەدەزگاكانی راگەیاندن ئاراستەیانی كردووە، ئەمانە ئەو مەسجانە بوون، كە پەردەی لەسەر روخساری راستەقینەی ئەو رێكخراوە هەڵماڵی و دەریخست ئەو رێكخراوە چەند دەستەمۆ و بێ ئیرادەیە كە ناتوانێت بەرگری لەو دار و دیوارە بكات، كە خۆی تیا ئاخنی بوو زەمانێك بەكۆشكی هونەر ناودەبرا، جا چۆن رۆژێك لەرۆژان دەتوانێت بەرگری لەهونەرمەندێك بكات، ئەگەر گرفتێكی لەگەڵ دەسەڵاتدا هەبێت، بۆیە من ئێستا چارەسەری ئەو قەیرانەی رێكخراوی هونەرمەندان لەوەدا نابینم، كە لەكۆبوونەوەی نێوان خودی سەركردە كۆنەكانی ئەو دوو رێكخراوە، كە ئێستا ئەنجومەنی باڵا پێكدەهێنن كۆتایی بێت، بەڵكو ئەمە تەنیا و تەنیا پێویستی بەرێكەوتنێكی هەردوو حیزبە، بۆئەوەی قەیرانەكە كۆتایی بێت، وەك ئەوەی لەهەردوو رێكخراوی یەكێتی نووسەران و سەندیكای رۆژنامەنووسان پراكتیزەكرا، بەڵام جارێكی تر ئەم چارەسەرەش لەدەرزییەكی ئازارشكێن دەچێت، كە پاشماوەیەكی تر كاریگەرییەكەی نامێنێت و لەوادەی كۆنگرەی داهاتوو دیسان سەرهەڵدەداتەوە.
بۆ چارەسەركردنی ئەم حاڵەتەش پێموایە هەڵوەشاندنەوەی رێكخراوی ئێستای هونەرمەندان باشترین چارەسەرە، چونكە مەعلومە ئەو باڵەخانەیەی لەسەر خاكێكی پتەو دانەمەزرێت لەبەردەم بچوكترین رەشەبا و تەزرە و باران چۆكدادەدات و تەفروتونا دەبێت، بۆیە وەك هونەرمەند پێویستمان بەكۆمیتەیەك یا ناوچەیەكی حیزبی هونەرمەندان نییە، بەقەد ئەوەی پێویستیمان بەرێكخراوێكە، كە پێگە و رێزی هونەرمەند بگێڕێتەوە و دەسەڵات ناچار بكات، گوێی لێبگرێت، كە بێگومان ئەم ئاكارانەش لەو رێكخراوەی ئێستای هونەرمەندان نابینرێت.
 


 

 
Copyright 2009 - 2010 All rights reserved to Civilmag.com