|
سیروان ناشاد
لەژمارە 134ی گۆڤاری (لڤین)دا كەسێك بەناوی
(عیرفان قانعی فەرد) كە خەڵكی رۆژهەڵاتی
كوردستان دێت سوكایەتی و بوختان بە سەركردە و
رەمزەكانی كورد دەكات. هەڵبەت ئەمە یەكەم كار
و دواین كاری گۆڤاری لڤین نییە و نابێت، كە
لەرێگەی كۆمەڵێك كەسی دوژمن بە كورد و خۆفرۆشی
كورد، سوكایەتی بەرەمزە نەتەوەییەكان دەكات.
كەمال رەئوف سەرنووسەری رۆژنامەی هاوڵاتی
لەدیمانەیەكیدا لەرۆژنامەی پرس لەبارەی مەلا
مستەفاوە دەڵێت، زۆر دەگمەنە میللەتێك
سوكایەتی بە رەمزەكانی خۆیەوە بكات. مەلا
مستەفا بە هەموو سەرنج و تێڕوانینێكەوە كە
هەمان بێت لەسەری، رەمزی تێكۆشان و خەبات و
نەتەوەیی ئێمەیە. ناكرێ بە قسەی سوك باس لەو
كەسایەتیانە بكەین، كە بوونەتە رەمز. كەچی
كەسێكی وەكو عیرفان، كە هێشتا خۆی قوتابیە و
رەنگە كوردییەكەشی تەواو نەبێت و خۆی بە فارس
بزانێت، لەرێگەی قسە و ریوایەتی دوژمنانی
كوردەوە باس لەمستەفا بارزانی دەكات. دەمەوێ
ئەوە بڵێم هەر چوونی مستەفا بارزانی و
هاوەڵانی بۆلای قازی محەمەد و بەشداریكردنیان
لەدامەزراندنیان لەكۆماری كوردستان سەرجەم ئەو
درۆ و بوختانانەی عیرفان پوچەڵ دەكاتەوە، كە
باس لەناكۆكی نێوان بارزانی و قازی دەكات.
جەنابیان بێئاگایە لەوەی كە بارزانی یەكێك
بووە لەسەركردە سەربازییەكانی كۆماری
كوردستان، بگرە پلەی جەنەراڵی پێبەخشراوە. هەر
چەند بەدرۆی عیرفان ئینگلیزەكان بارزانیان
ناردووەتە مهاباد، ئەمەش بێئاگایی ناوبراو
دەردەخات، چونكە رۆژێك لەرۆژان بارزانی
سەردانی بەریتانیای نەكردووە، تەنانەت شۆڕش و
هەڤاڵەكانی بارزانی خاوەن چەك و تەقەمەنی و
كەلوپەلی ئینگلیز نەبوونە.
نزیكەی 60 ساڵ بەسەر كۆماری كوردستان
تێدەپەڕێت، دەیان مێژوونووسی كورد و بیانی و
سیاسەتمەدار لەمەڕ ئەم كۆمارە و رۆڵی بارزانی
تێدا نووسیوە، كەچی كەسێك بەناوی كورد و
مێژوونووسەوە لەسەر قسەی دوژمنانی كورد دێت
باس لەرەمزە نەتەوەییەكانی كورد دەكات.
هەر خودی قسەكانی عیرفان، سەلمێنەری ئەوەن، كە
جاسوس و بەكرێگیراوی دوژمنانی كوردە، ئەو دەڵێ
21 كاتژمێر لەفڕۆكەدا بووم بۆ ئەوەی بچم
سەرۆكی ساواك ببینم. سەیرە، بینینی دوژمنی
بەلاوە گرینگە، كەچی هەر لەشارەكەی خۆیدا،
ناچێ خەڵكی مهاباد بدوێنێت و شایەدحاڵەكانی
كۆماری كوردستان بێنێتە گۆ. جێگای پرسیارە
بۆچی نەهاتووە ئەو كەسایەتیە سیاسی و كوردانە
بدوێنێت، كە لەدامەزراندنی كۆماری كوردستان
بەشدارییان كردووە؟ خۆ هێشتا هەندێك لەو
بەڕێزانە لەژیاندا ماون. كورد راستی گوتووە
(دۆستی وەك تۆم هەبێ دوژمنم بۆچیە). كەسێك بە
ناوی میژوونووسەوە بێت سوكایەتی بە رەمزەكانی
نەتەوەكەی بكات، جگە لەجاسوس و خۆفرۆشێك
ناسنامەیەكی تری پێ نابڕێت. ئەم كابرایە بەناو
مێژوونووسە وەكو چیرۆكبێژ هاتووە قسەی
ناحەزانی كورد لەبارەی سەركردە رەمزەكانی
كوردەوە گواستوەتەوە، بێئەوەی عەقڵی
بەوەشكابێت بپرسێت، ئەرێ ئەمانە بۆ سوكایەتی
بە رەمزەكانی من دەكەن؟
جگە لەكورد و بەدبەختێكی وەكو عیرفان، هیچ
نەتەوەیەك نییە لەدونیادا سوكایەتی بە
رەمزەكانی خۆیەوە بكات، تەنانەت ئەگەر رەخنە و
سەرنجێكیش لەسەر كار و كردەوە و بڕیاری هەر
سەركردەیەكی رەمزی هەبێت، ئەوە هیچ لەو
حەقیقەتە ناگۆڕێت كە رەمزی نەتەوەیە. ئەگەر
هەر سەرنجێك لەسەر جەژنی نەورۆز هەبێت، ئەوا
هیچ لەو حەقیقەتە ناگۆڕێت، كە جەژنی نەتەوەیی
كوردە، ئەگەر هەر سەرنجێك لەسرودی نەتەوەیی
ئەی رەقیب هەبێت، ئەوە هیچ لەو حەقیقەتە
ناگۆڕێت، كە رەمزی كوردە. قسەكردن لەسەر
مستەفا بارزانی و تەواوی سەركردەكانی تر، كە
بوونەتە رەمزی نەتەوەی كورد، هیچ لەو حەقیقەتە
ناگۆڕێت، كە رەمزی نەتەوەی كوردن.
قسەكانی عیرفان تەنیا بۆ تێكدانی پەیوەندی
نێوان باشووری كوردستان و رۆژهەڵاتی
كوردستانە، چونكە ئەگەر قسەكانی ئەو راست
بووایە، ئەوا دەمێك بوو بنەماڵەی شەهید قازی
محەمەد یان سەركردەكانی حیزبی دیموكراتی
كوردستان یان مێژوونووسانی رۆژهەڵاتی كوردستان
یان شایەدحاڵ و دانیشتوانانی شاری مهاباد
دانیان بەو راستیانەدا دەنا.
شەست ساڵە، مێژوو بە شانازییەوە باس لەرۆڵی
بارزانی لەدامەزراندن و بەرگری لەكۆماری
كوردستان دەكات، بەشانازییەوە باس لەپێوەندی
نێوان نەمران قازی محەمەد و مستەفا بارزانی
دەكات، هەڵبەت بەڵگەكانیش ئەو راستیە دووپات
دەكەنەوە، كەچی گۆڤارێك و كەسێكی بەكرێگیراو
مێژووی سەد ساڵ دەشێوێنن و ئاوەژوی دەكەن.
حەق نییە رۆشنبیران و نووسەران و مێژونووسانی
كورد لەهەمبەر لێدوانەكانی عیرفانی قانعی فەرد
و ئەو گۆڤارە بێدەنگ بن، چونكە سوكایەتیكردن
بە هەر رەمزێكی نەتەوەییمان، واتە
سوكایەتیكردنە بە هەموومان.
|