كەركوكییەكانیش بەرپرسن  

 

محەمەد قادر

یەكێك لەكێشە هەرە بەرچاوەكانی نێوان هەرێمی كوردستان لەگەڵ حكومەتی بەغدا، ماددەی (140)ی دەستوورییە، كە لەهەموو كاتەكاندا كوتلەی كوردی پێداگیرییان لەسەر جێبەجێكردنی ئەم ماددەیە كردووە، بەڵام تائێستا ئەو ماددەیە جێبەجێ نەكراوە، هەروەها كۆسپیش خراوەتە بەردەم جێبەجێكردنی، پرسیارێك لێرەی خۆی قیت دەكاتەوە، كە ئاخو كورد تا چەند توانیویەتی ئەو پۆستانەی لە چوار ساڵی رابردوو لەبەغدا پێیدرابوون، بخاتە گەڕ بۆ جێبەجێكردنی ئەو ماددە دەستووریە؟، پێموانییە توانیبێتی، وەك ئاشكراشە زۆرجار لەكاتی گفتوگۆكردن لەگەڵ لایەنەكانی عێراقی، لیستی هاوپەیمانی كوردستان، رووبەڕووی گرفت دەبوونەوە، بۆیە بەناچاری دەگەڕانەوە بۆ كوردستان و هانایان بۆ سەرۆكایەتی هەرێم دەهێنا، ئەمەش جێگەی سەرنج و پرسیارە؟ چونكە ئەوكات سەرەڕای هەبوونی سەرۆك كۆمار و چەندین پۆستی دیكەی بەرز لەحكومەت و پەرلەمانی عێڕاق، كورد نەیتوانی كاریگەرییەكی ئاوا بخاتە سەر مالیكی، ئەی دەبێت لەحكومەتی تازە رۆڵی كورد چۆن بێت، بۆیە پێویستە كورد بە سیاسەت و پلانەكانی و شێوازی مامەڵەكردنی لەگەڵ لایەنە عەرەبیەكاندا بچێتەوە و بەرنامەڕێژێكی توكمەی هەبێت بۆ بەشداریكردنی لەحكومەتی داهاتوو.
ململانێی حزب و لیستە كوردییەكان لەگەڵ یەكتریدا لەهەڵبژاردنی ئەمجارە لەشاری كەركوك، جگە لەوەی بووە هۆی سووتانی هەزاران دەنگی كورد، لەهەمانكاتیشدا زەمینە خۆشكەربوو بۆ عەرەبە شۆڤێنییەكان و هەندێ لەلیست و قەوارەی دیكە كە تا ئێستا دان بەوەنانێن كە كەركووك شارێكی كوردیە، ئایا ئەمانەش كاریگەری ناكەنە سەر ماددەی 140؟ رۆژی ئەوەهــــــاتووە ململانێی حزبایەتی لەكەركووك تا ئەو ئەندازە بچووك بكرێتەوە كە زیان بە پڕۆسە سیاسیەكەی كەركووك نەگەیەنێت، دەبێت بەو تێڕوانییە بیربكەینەوە و هەنگاو بهاوێژین كە چۆن ماڵی كورد رێك بخەین، با كار و خەبات لەپێناو كەركووك و پرسە سیاسیەكەی بێت، نەك بۆ دەستكەوتی بەرتەسكیی حیزبی.
ناشێ ئەوەش لەیاد بكەین كە نەگەڕانەوەی هەندێ لەئاوارەكان بۆ شاری كەركوك، گرفتێكی دیكەیە، كە دەبێتە بەربەست لەبەردەم جێبەجێ نەبوونی ماددەی 140، بۆیە پێویستە سەركردایەتی سیاسی هەرێم ئەو كێشەیەش چارەسەر بكات و زەمینەی گەڕانەوەی كوردەكانی كەركووك بۆ شارەكەیان فەراهەم بكرێت و بەربەستەكانی لاببرێن، كە خۆی لەكەمی خزمەتگوزاری و ناسەقامگیری ئەمنی دەبینێتەوە.
بەداخەوە زۆرجار گوێبیستی ئەوە دەبین گوایە هەندێك لەو ئاوارانەی خەڵكی كەركووك و قەزا و ناحیەكانن، كە ئێستا لەهەولێر و سلێمانی دادەنیشن و ناگەڕێنەوە شوێنەكانیان، ئەمانە بەشێكن كە بوونەتە رێگر لەبەردەم جێبەجێكردنی ماددەی 140 لەبەرئەوەی ئەو 10 ملیۆنەی كە وەك قەرەبوو وەریانگرتووە، داویانە بە ژن و ئۆتۆمبێل، لەجیاتی ئەوەی بگەڕێنەوە زێدی باب و باپیرانیان و شوێنەكەیان ئاوەدان بكەنەوە.
دۆخی ئێستای كەركوك وادەخوازێت، كە بیر لەخزمەتكردنی زیاتری بكەنەوە و بەرژەوەندی گشتی بكرێتە پێشینەی هەموو پلانێك، نەك راكردن بەدوای كورسی و پۆست، لەسەر كەركوكیەكانیش پێویستە لەبەر ئەو بارودۆخە سیاسییەی كەركوك، هێندە كەركوكی بن بەو رادەیەی وا بزانن ژیان لەهیچ شوێنێكی دنیا نەماوە، گەڕەكی رەحیماوە و شۆڕیجە و ئیمام قاسم نەبێت.

 

 
Copyright 2009 - 2010 All rights reserved to Civilmag.com