|
وشیار ئەحمەد ئەسوەد
ئەوەی من لەژمارەكانی پێشتری (سڤیل)دا وەك
بەڵگەیەكی زیندوو بۆ حزبیبوونی كەسایەتییەكانی
ئەنجوومەنی باڵای ڕێكخراوی هونەرمەندانی
كوردستان خستمە ڕوو، وەڵامی ڕژدی لەستافی
یەكێتیی هونەرمەندانی سەر بەو ڕێكخراوە
دەخواست، كەچی لەبری وەڵامدانەوەی پرسیارەكان
كە پێویستن بەو بەڵگە زیندووەوە، دیسان كاك
فەرەیدوون دارتاش بۆ چەلەحانێ و
تۆمەتبەخشینەوە هاتەوە سەر خەت، هاوكات نەك
هەر وەڵامی نووسینەكەی من و ئەو پرسیارانەی
نەداوەتەوە، كە بەڵگەكە هەڵیگرتوون، لە
پەلەپەلی و هەڵەكانیدا بەجارێك رێكخراوەكەی
رۆچواندووەتە قوڕە خەستەكەوە، چونكە بەر لە
هەر شتێك دارتاش دەڵێت "ڕێكخراوەكە حزبی نییە،
كەسەكانی ناوی حزبین و پەنا بۆ حزبەكان
دەبەن"، ئەمە لەكاتێكدا منیش لەوە پترم
نەگوتووە، چونكە ئێمەمانان كە ئاماژە
بەحزبیبوونی رێكخراوی هونەرمەندان دەكەین،
ئاشكرایە مەبەستەكە ئەوەیە ئەو رێكخراوە لەژێر
هەژموونی دوو حزبە دەسەڵاتدارەكەی كوردستانە،
نەك بەشێوەی ناوچە و كۆمیتەكان لەبارەگەیەكی
حزبی پێكهاتبێ.
من نازانم بۆچی هەر ڕەخنەیەك ئاراستەی ئەو
ڕێكخراوە دەكرێت، بەگورجی كاك فەرەیدوون لەبری
هەموان دێتە وەڵام (وەڵامی بێسەروبەر)،
ئەمەیان دروست بۆچوونی كەسیی خۆی دەگەیەنێت،
نەك رێكخراوی هونەرمەندان، چونكە لەوەش دڵنیام
زۆر لەكەسایەتییەكانی نێو ئەنجوومەنی ئەو
ڕێكخراوە باش دەزانن، كە من دروست باسی
كەتوارەكە دەكەم و لەڕەخنەكانمدا ئەوپەڕی
ڕاستوێژیی خۆم پاراستووە، كەچی ئەمجارەیش وەك
جارەكانی تر كاك فەرەیدوون بەچەند تەشهیرێك
مسداقییەتی خۆی وێرانتر كردەوە، بەتایبەتیش
لەوێدا كە دەڵێت "وشیار خۆی حزب دایناوە و
كاری ڕێكخراوی دەبرد بۆ حزبەكان".
دارتاش ڕاست دەكات، منیش یەك لەكاندیدەكانی
حزب بووم، بەڵام ئەو نەهاتووە شتێكی جیا
لەگوتەكانی خۆم بەخەڵك بڵێت، چونكە من
لەزۆرینەی نووسینەكانمدا كە باسی هەژموونی
حزبم لەڕێكخراوەكە كردووە و یان
كەسایەتییەكانم بەكاندیدەكانی حزب باس كردووە،
هەمیشە ناوی خۆم خستووەتە نێوان دوو كەوانەوە،
بەئاشكرایش گوتوومە منیش یەك لەوان بووم،
بەڵام لەكاركردن بۆ حزب وەك ئەوەی دارتاش ئەو
تەشهیرەم پێدەكات، پێویستیم بەوە نییە،
بەتەنیا خۆم پاكانە بهێنمەوە، چونكە بەڵگەی
زیندووی دەلەسەكانی دارتاشم پێیە.
ئەگەر بەڕاست من كاری هونەرمەندانم بردبێتە
لای حزبەكان، دەبوو ئێستا لەلای حزبەكەی خۆم
(پارتی) زۆر ڕەزام سووك بوایە نەك وەك ئێستا
ڕەزاقورس، هاوكات ئەگەر ئەوەندە عەبیدی حزب
بوومایە، بێگومان لەكاتی كێشەكەی من و
هونەرمەند لالۆ ڕەنجدەر لەگەڵ ڕێكخراوی
هونەرمەندان، حزب پشتگیریی دەكردین بۆ ئەوەی
عەبیدی وەك ئێمەمانان لەدەست نەدات، بەڵام
پارتی زۆر ئاشكرا پشتی تێكردین. هەموو ئەمانە
بەلایەك، چونكە پێدەچێ پیری كاریگەریی ڕژدی
لەسەر دارتاش دروست كردبێ، ئەگەر نا دوای ئەو
هەموو كێشە و بەرەیە بۆچی ئێستا باسی دەكات و
پێشتر باسی ئەوەی نەكردووە كە من كاری
هونەرمەندانم بۆ حزب بردووە، دیارە ئەو لە
دوورەوە خۆی خەریكی ئەم موهاتەراتە دەكات،
بەڵام ئەگەر ئەوەی دەیڵێت تەشهیر نەبێ، خۆ
دەبوو هونەرمەندانی كەركوك بەر لەو ئەو
ڕاستییەیان بزانیبا، بۆیە ئێستا ڕووی گوتەم
لەتەواوی هونەرمەندانی كەركووك بەهەردوو ستافی
یەكێتی و سەندیكای هونەرمەندانەوە دەكەم و
دەڵێم "ئەگەر هەر هونەرمەندێك بەڵگەیەكی پێیە
لەبارەی پابەندبوونی من بەحزب و بردنی كاری
هونەرمەندان بۆ حزب، خیانەتێكی گەورەیە ئەگەر
بڵاوی نەكاتەوە".
ئاخر تەواوی هونەرمەندانی كەركوك ئەو ڕاستییە
دەزانن، كە لەكەركووكدا ئەوەندەی كێشەم لەگەڵ
حزب هەبووە، تەنانەت لەگەڵ سەرانی
ڕێكخراوەكەیش (مەبەستم سەرۆك و جێگرە) ئەوەندە
كێشەم نەبووە، كەچی دارتاش دەیەوێ دەستە
چەورەكەی بەمن بسڕێت و خۆی لەو تەڵەزگەی
بەڵگەیە ڕزگار بكات كە تێی كەوتووە و دەڵێت
"من حزب داینەناوم".
پێم سەیرە ئەو پیاوە لەنێو دنیایەك هونەرمەندی
ناسراو و خاوەن ئەزموون و هەروەها گەنجانی
ڕۆشنبیری سلێمانیدا ئەو بوێرییە دەنوێنێت و
ئەو شەكرە دەشكێنێ، ئاخر سەیرترە لەنێو
دنیایەك هونەرمەندی نەیار لەكارەكانی ئەو
ڕێكخراوە، نزیكەی 25 ساڵە ئەو سەرۆكی
ڕێكخراوەكەیە، خۆ ئەگەر ئەو كاندیدی حزب
نەبێت، دەبوو كەسانێك لەنێو ئەو ژمارە زۆرە
لەهونەرمەندە باڵاكان جێگەیان پێ لەق بكردایە.
دواتریش دەڵێت بۆ كۆنگرەی داهاتوو خۆم
هەڵنابژێرمەوە. ئەمەشیان نوكتەیەكی ترە، چونكە
خۆهەڵنەبژاردنەوەی دارتاش ئەگەر ڕاستیش بێت،
لەلای من یەقینە كە چەند دیوێك لەخۆ دەگرێت،
یان حزبەكەی كاندیدی تری لەشوێن دادەنێت، یاخۆ
ئەو ڕاگەیاندنەی وەك ڕاگەیاندنی سەرۆك
حزبەكانی لای خۆمانە، كە بەر لەكۆنگرەكانیان
دەڵێن خۆمان هەڵنابژێرینەوە، ئەگەر لەلایەن
ئەندامانی كۆنگرەوە داوامان لێنەكرێت. جەختیش
دەكەوە بەوێنەی نووسەران و ڕۆژنامەنووسان،
ڕێكخراوی هونەرمەندانیش لەكۆنگرەیدا بێبەش
نابێت لەلیستی دەسەڵات كە وەك هەموو جارەكانی
پێشتر لەكەسایەتییە حزبییەكانی خۆیان دەبن.
دوا گوتە كە مەبەستمە جەختی لەسەر بكەمەوە،
گەڕانەوەیە بۆ ئەو 5 خاڵەی كە ستافی یەكێتیی
هونەرمەندان لەو ڕێكخراوەدا بۆ مەكتەبی سیاسیی
یەكێتی و پارتییان كردووەتە نووسراو و
بەئیمزای 8 ئەندامی ئەنجوومەنی باڵایان، بۆیە
لەوە پتر تەنیا وەڵامی ڕژد و پڕ بوێری
لەدارتاش دەخوازم، چونكە لەوێدا ئاشكرایان
كردووە، كە تەنانەت هەڵبژاردنی ئەندامانیشیان
بەویست و ڕەزامەندیی حزبەكانە.
|