|
حەمەسوار عەزیز
لەراستییدا
قسەكردن لەسەر زەرورەتی هەڵوەشاندنەوەی
رێكخراوی هونەرمەندان قسەكردن نییە لەسەر ئەو
بەڕێزانەی كە لەسكرتاریەتی ئەو رێكخراوەو
لقەكان دان، بەڵام لەواقیعدا ئەو رێكخراوە ئەو
ماڵە راستەقینەیە نییە كە خەونی هونەرمەندانی
كوردستان بێت، بەتایبەتیش ئەو هونەرمەندانەی
كە هونەرەكەیان وەك منداڵەكانیان خۆش دەوێ و
زۆر لایان مەبەستە بەپاكیزەیی بمێنێتەوەو
پیاوە شەبەحەكانی حیزب ناشیرینی نەكەن.
مامۆستای بەرێز فەرەیدون دارتاش لەوەڵامی
ئێمەدا دەڵێت ئەو رێكخراوە حیزبی نییە، بەڵكو
هەندێك لەكەسەكانی ناوی خەڵكانی حیزبین و
راپۆرت بەحیزب دەدەن، من حەز دەكەم لەمامۆستا
بپرسم نەوەكو هەر رێكخراوی هونەرمەندان لەنێو
هەموو رێكخراوە پیشەییەكانی كوردستان ناوی یەك
رێكخراوی پیشەییم پێ بڵێ كە بەشێوەیەك
لەشێوەكان دەستی حیزبی تیانەبێت و حیزب
ئیدارەی نەكات. رێكخراوی هونەرمەندانی
كوردستان هیچ رۆژێك رێكخراوێكی یەكگرتووی
هونەرمەندان نەبووە، خۆشت لەدیمانەكەی
تەلەفزیۆنی جەماوەر ئەوەت سەلماند كە نۆ كەس
لەهەر یەك لەدوو رێكخراوە كۆنەكە واتە
(سەندیكای هونەرمەندان و یەكێتی هونەرمەندان)
ئەنجومەنی باڵا پێكدەهێنن و بڕیارەكانیش
بەپەنجا+1 دەردەچێت، واتە بەرەزامەندی
هەردوولایەنە كۆنەكە، زۆر جاریش لەنێو
دیمانەكە دەستەواژەی ئێمەو ئەوانت
بەكاردەهێنا، جا نازانم رێكخراوێك ئێوەو
ئەوانی تیابێت، دەكرێت پێی بوترێت رێكخراوی
هونەرمەندان یا دەبێتە تەنسیقكردنی نێوان دوو
لایەن. لەلایەكی تر بەرێزت لەدیمانەكە ئاماژەت
بەو هەموو ئەندامە كرد كە بەدەر لەیاسای
رێكخراوەكە كراون بە ئەندام، هەندێكیان
تەنانەت لێژنەكانی رێكخراویش فایلەكانی
نەبینیوون، جا نازانم ئەگەر ئەوە داننان نەبێت
بەوەی كە دەستێكی تر كاروباری رێكخراوەكە
بەڕێوە دەبات، ناوی چی تری لێدەنێیت؟ مامۆستا
دەڵێت هەندێك كەسی نێو رێكخراو راپۆڕت دەدەنە
حیزب، من سەیرم بەو لێدوانەی مامۆستا دێت وەكو
ئەوەی شتێك هەبێت لەرێكخراوی هونەرمەندان
لەحیزب شاراوە بێ و لێی ئاگادار نەبێت. بەرێزم
تۆ لەمن چاكتر ئاگاداری پێش ئەوەی هەر
كۆبوونەوەیەكی ئەنجومەنی سكرتاریەتی رێكخراو
گرێبدرێت، رۆژێك یا چەند رۆژێك پێشتر
لەبارەگای حیزب كۆبوونەوەی تاكلایەنە دەكرێت و
دواهەڵوێستی حیزب بەهونەرمەندانی لایەك دەدرێت
تا لەكۆبوونەوەكەدا پێداگرییان لەسەر بكات، بۆ
سەلماندنی ئەمەش با سەیرێكی كێشەكانی ئێستای
گرێدانی كۆنگرەی هونەرمەندان بكەین:
1_هەڵبژاردن بەلیست بێت یا هەڵبژاردنی ئازاد
بێت، ئەم لیستەش بەتەوافوق دروستبكرێت یا
لیستی تاكلایەنە بێت؟ وەرە با سەیری ئەم
كێشەیە بكەین بزانین كەی هونەرمەند خۆی
لەخۆیدا لیستی هەبووە، هونەرمەند لیستی بۆ
چیە؟ بەرێزم ئەوە حیزبە لیست دروستدەكات و
دەیخاتە نێو دەستی هونەرمەند، ئەویش لەبەر
پارووە نانەچەورەكەی شەڕی لەسەر دەكات.
2_ كێشەی دووەم پێداچوونەوە یا پێدانەچوونەوەی
ناوی ئەو كەسانەی بەدەر لەیاسای رێكخراو كراون
بەئەندام، بەرێزم ئەوەش پاشكۆی كێشەی
لیستەكانە، چونكە ئەگەر دەستی حیزب نەبێت كە
هەوڵدەدات زۆرترین كەس لەلایەنگری حیزبەكەی
بباتە دەنگدان و هەڵبژاردنی سكرتاریەتی تازە
بباتەوە، دەستی كێیە؟ كاك فەرەیدون لەبەشێكی
تری لێدوانەكەی دەڵێت "من حەمەسوار ناناسم،
بەڵام رەنگە ئەو برادەرە هەندێك داخوازی
لەرێكخراوەكە هەبووبێت و بۆی جێبەجێنەكرابێ،
بۆیە ئەو قسانە دەكات". من ئەوەیان بە كێشە
نازانم كاك فەرەیدون ئاخۆ دەمناسێت یا نا،
بەڵام گرفتەكە ئەوەیە كە سەرۆكی رێكخراوی
هونەرمەندان بەو لۆژیكە بیربكاتەوە كە سەداسەد
لۆژیكی حیزبە، مامۆستا پێیوایە بانگەوازەكەی
من بۆ هەڵوەشاندنەوەی رێكخراوی هونەرمەندان
لەوە سەرچاوەی گرتووە كە من داخوازییم هەبووە
لەو رێكخراوە بۆم جێبەجێنەكراوە بۆیە ئەو
قسانە دەكەم. سەرەتا كارێكی نۆرماڵە ئەگەر من
وەك هونەرمەندێك و ئەندامێكی كارای ئەو
رێكخراوە هەر داخوازییەكم لەسنووری پەیڕەوی
ناوخۆ لەرێكخراوەكە هەبووبێت، بەڵام ئەوەی
ئاسایی نییە مامۆستا بەبێ زانیاری تۆمەت
ببەخشێتەوەو من بەوە تاوانبار بكات گوایە ڕقم
لەو رێكخراوە هەڵگرتووە، لەبەرئەوەی وەك خۆی
دەڵێت داخوازی منیان جێبەجێنەكردووە، من
تەحەددای مامۆستا و هەموو كارگێڕانی رێكخراوی
هونەرمەندان دەكەم، ئەگەر رۆژێك لەرۆژان
لەئێستاو رابڕدووشدا تەنانەت یەك داخوازییم
لەو رێكخراوە هەبووبێت، جانازانم سەرچاوەی
زانیارییەكانی مامۆستا كێیە هیوادارم بۆی
راستبكاتەوە.
جارێكی تر دەیڵێم مانەوەی رێكخراوی
هونەرمەندان بەو میكانیزمە هیچ خزمەتێك
بەهونەرمەندان ناكات، بەڵكو بەپێچەوانەوە
زیانیان پێدەگەنێت و زیاتر ناووناوبانگی
هونەرمەند ناشیرین دەكات، هیوادارم هەرچی
زووترە ئەو رێكخراوە هەڵوەشێنرێتەوە و
رێكخراوێك دروستبكرێت، كە یەكەم بڕگەی
پەیڕەوەكەی ئەوە بێت "هیچ حیزب و لایەنێكی
سیاسی بۆی نییە دەست لەكاروباری هونەرمەندان
وەربدات". تائێستا ئەو رێكخراوەی هونەرمەندان
چ هەڵوێستێكی نواندووە كە مایەی شانازیكردنی
رێكخراوەكە بێت؟ وەرە سەیركە بزانە چۆن
كەسانێك بوونەتە شاسواری مەیدان و هەموو
ئیمتیازەكانی ئەم وڵاتەیان لەمینحەو بەخشش و
رێزلێنان و سەفەری وڵاتان دەست بەسەرداگرتووە
تەنها لەبەرئەوەی لەبارەگای حیزبەوە پشتگیری و
تەزكیەیان هەیە، لەبەرانبەریشدا چەندین
هونەرمەندی بەتوانا و داهێنەر كەس لێیان
ناپرسێتەوەو فەرامۆش كراون، تەنها لەبەرئەوەی
شەرمدەكەن لەبەردەم پیاوە بچوكەكان دانەوێن و
خۆیان بچوك بكەنەوە. لەهەموو ئەو كێشانەی
ئەمڕۆ رووبەرووی هونەرمەندان دەبێتەوە لەكێشەی
كۆپی رایت و هاوكاریكردن و پشتگیریكردن و
راگرتنی كارەكانی هەندێ هونەرمەند، ئێوە
هەڵوێستێكتان نەبووە، هەڵوێستێك كە دەسەڵاتی
ئەم دەڤەرە ناچار بكات كە گوێ لەهونەرمەند
بگرێت، بەڵام ئێوە كە خۆتان دروستكراوی حیزبن
چۆن دەتوانن هەڵوێست لەبارودۆخێك وەربگرن كە
حیزب دروستیكردووە، بۆیە جارجارە دەبینین
لێرەو لەوێ بەیاننامەیەكی شەرمنانە یا
پاڕانەوەیەك لەسەر رووی رۆژنامەكان
بڵاودەكەنەوەو داوا دەكەن گوێتان لێبگیرێت و
كەسیش گوێتان لێناگرێت، دەزانی بۆ؟ بەڵێ من
دڵنیام هەمووتان دەزانن بۆ، منیش دەزانم بەڵام
زۆر حەزدەكەم ئێوە خۆتان تەنها بۆ جارێك
جورئەت بكەن و راستییەكان ئاشكرا بكەن و پێمان
بڵێن بۆ گوێتان لێناگیرێت؟!! |