وەزارەتی رۆشنبیری.. سەنگەرێكی بەتاڵ  

 

جەبار جەمال غەریب

ئەو كۆمەڵگایەی لە سروشت و كتێب دووردەكەوێتەوە دەبێتە سەرچاوەی توندوتیژی

نەخشەی رۆشنبیری ئەو وڵاتە كێ دایدەرێژێ؟ ئەرێ كورد بە كرێكار و ئەندام پەرلەمان و نوسەر و قوتابی و حكومەت و حیزبەوە هەرگیز بیری لەوە كردۆتەوە كە جگە لە ژن و رۆنی بایەعی پێویستی بەشتێكی دیكە هەیە بەناوی رۆشنبیرییەوە؟
ئەرێ ماڵی كوردی جگە لەمەتبەخی شێوازی توركی و ئۆتۆمبێلی مۆنیكا، خەونێكی دیكەی هەیە؟ دەبێ دوای چەند سەدەی دیكە وەستا و كرێكار و ئەندازیاری كورد بیر لەوە بكەنەوە، كە دەبێ لە نەخشەكانیاندا دوای حەمام و ئاودەست، شوێنێكیش بۆ كتێبخانە تەرخانكەن؟
دەبێ هەر پێشنیار و پلانێك لەسەر رۆشنبیری بەرەو رووی كێ بكرێتەوە؟ بەرەو رووی وەزارەتی رۆشنبیری؟ بەرەو رووی وەزیری رۆشنبیری یان وتەبێژ و قەڵغانە قسەی حكومەت؟ بەراستی دەسەڵات و حكومەتی كوردی لەدروستكردنی ئێسكبەندێك بەناوی وەزارەتی رۆشنبیرییەوە سەركەوتووە، تەواو وەك سەربازە فێڵبازەكانی جەنگی دووەمی جیهان، كاتێك كڵاوخودەكانیان لەسەر لێواری سەنگەرێكی بەتاڵ جێدەهێشت، بۆ ئەوەی غەنیمەكانیان تا شل دەبن گوللە بە سەنگەری بەتاڵەوە نێن. ئەمڕۆ وەزارەتی رۆشنبیری سەنگەری بەتاڵی حكومەتی هەرێمە.
دەبێ پێشنیارەكان پێشكەشی مەكتەبی راگەیاندپنی حیزب بكرێن؟ ئەوان نەخشەدانەری پلانی رۆشنبیرین؟ دەرگای ئەوان بەرووی رۆشنبیراندا كراوەیە؟ ئەوان تێكەڵی خەڵكن و پردی پەیوەندی خەڵك و دەسەڵاتن؟ ئەوان ئەوەندە دڵسۆزن لەخۆشەویستی خەڵك و رۆشنبیران بۆیان ئەوندە دڵنیان هەرگیز پارەی كتێب و قەڵەم و كۆمپیوتەری نوسەران بەسەیارەی گوللەبەند و داوەتی شایانە و سەفەری نەبڕاوە نادەن؟
كێ نەخشەی رۆشنبیری ئەو وڵاتە دادەرێژێت؟ كێ بەلایەوە گرنگە وشە لە سەرەسیفۆن بەنرختر بێت؟ رۆژنامە و گۆڤارەكانی سەر شۆستەكان؟ رۆژنامە سێبەر و تارمایی و هەور و هەڵمەكان؟ رۆژنامە ئەهلی و مەدەنیەكان؟ كامیان پرۆژەی رۆشنبیریان هەیە؟ ئەو رۆژنامە و گۆڤارانەی كوشتەی خوێنی یەكترن؟ ئەو رۆژنامە و گۆڤارانەی هەمیشە بە دوای نوسەرەوەن بۆ ئەوەی ریسوای بكەن؟ ئەو رۆژنامە گۆڤارانەی لە دەرەوەی حیزب و لە پشتەوەی حیزب و لە ناوەوە حیزب هێندەیان سوكایەتی بە رەخنە و لێدوان و پێشنیار و لێكۆڵینەوە كرد، كە ئێستا هەتا بۆ خۆشیان جیاوازی لەنێوان وتاری جنێوئامێز و رەخنەئامێز داناكەن. سیاسەت توانی ئەوانیش راكێشێتە ناو زەلكاوی یەكتر تاوانباركردن و شەڕەقسە. ئەو كێشانەی ئەمڕۆ لەرۆژنامەكاندا رەنگدەدەنەوە كێشەی گروپی بچوك و باندی چەند كەسین. پانتایی خەڵكی فراوان بە تەواوی لەبیركراون.
كێن ئەوانەی نەخشەی رۆشنبیری ئەو وڵاتە دادەرێژن؟ ئەو بێخەمانە كێن؟ گەلێك كە تاسەر رووحی رۆشنبیری و كلتوری لێسەنراوەتەوە. مێژووی شێوێنراوە، داهاتووی نادیارە، چۆن دەكرێ بێ نەخشەیەكی رۆشنبیری بەڕێوەبچێ؟
لەناو ئەو میللەتەی كە رۆشنبیری بێبەها دەكرێ، كە بازرگانەكان دەبنە ریشسپی رۆشنبیران، كەلتووری سوك دەكرێ. ئیدی سیخورەكان بیرەوەری و سەرەوەرییەكانیان دەنووسنەوە، ئیدی فیداكارەكان بەوپەڕی دڵشكاوی دەچنەوە كۆڵانەكانیان. گەلێك كە پیلان دژی رۆشنبیریەكەی سەردەكەوێت، باڵەخانەی سەد نهۆمی بەرز دەكاتەوە، بێ ئەوەی فێربووبێت ئاودەستەكەی خاوێن راگرێت. ئۆتۆمبێلی دوا مۆدیل لێدەخورێت، بێ ئەوەی فێربووبێت رێزی ژنەكەی بگرێت.
ناتوانم لەو وتارەدا ستایشی مزگەوتەكان نەكەم، كە هەموو شەوێ سەدان هەزار ژن و كچ بە لەشكر بەرەو تەراویح و دوعاكردن دەبەن، بێ ئەوەی هیچ پلانێكی ئەو حكومەت و دەسەڵاتە نیشتیمانییە توانیبێتی رازیان كات بۆ لەحزەیەك كتێبێك بەدەستەوە گرن با ئەو كتێبە باسی رۆڵە شەهیدەكانیشیان بكات.
چەند مەترسیدارە لە ناو گەلێكدا بژیت، ژیانی بێ كتێبی هەڵبژاردبێت.
 

 
Copyright 2009 - 2010 All rights reserved to Civilmag.com