وەزارەتی رۆشنبیری من بێبەریم لەو (فرمێسك)ـە.. چونكە من وام نەنووسیوە..!!!  

 

نازم دڵبەند

هەرزوو هەوڵی ئەوەمدا درامای (فرمێسك) بەو ئاقارەدا نەڕوا، كە ئێستا بەو سەقەتیە دەبینرێ لەبوارەكانی گوتنەوەی (حیوار) و (مۆنتاژ) و نواندن لەلای هەندێ لە ئەكتەرەكان و مشتومڕێكی زۆریشمان لەسەر دەستێوەردان لە دەق و گۆڕینی دیالۆگ و تێنەگەیشتن لەچۆنیەتی وردەكاری دەقەكە، بەتایبەت لەجوڵانەوە و چۆنیەتی وردكردنەوەی وشەكان و ناسینی رۆڵەكانی خۆیان لە دراماكە.
من ویستومە (ئیسحاق) بكەمە رەمزی پێكەوە ژیان و وەفا بۆ رابردووی مرۆڤەكان. نەك بیكەمە (سترانبێژ) لەم حاڵەتە سەختەی (رێبوار) و (جەمیلەفەندی) تێدا دەژی، ئەوە دەقە ئەسڵیەكە و ئەوەش حیواری سەرنووسەر، ئەگەر هیچی بەسەر قسەكانی (وەلید مەعروف)ـەوە هەبوو من بەتاوانبار بزانن.. من سەرنووسەر و رۆژنامەنووسەكانم لەم درامایە كردۆتە لوتكەی رۆژنامەنووسیی، وامكردووە كە دەبێ رۆژنامەنووس فیعلەن وەكو كەسێكی (دەسەڵاتی چوارەم) ببینرێ.
(شەلال) ئەو (شەلال)ـە قوڕبەسەرە نییە، كە من لە دەقەكە وەسفم كردووە و قەت واشم دروستنەكردووە، كە (بەكر مەعروف) بەم شێوەیە تەعبیر لە كەسێتی ئەو بكات و هەندێجاریش ببێتە هۆكارێك بۆ برینداركردنی شعوری ئەو هەولێر-ییانەی كە بەشێوەزاری تایبەتی هەولێرییانەی خۆیان دەدوێن.. ئەمەشیان نە لەگەڵ ناوەڕۆكی دەقەكە یەكتر دەگرنەوە و نە لەگەڵ عەقڵیەتی نووسینی من، چونكە من ویستوومە لەم درامایە گەورەیی (هەولێر) و (هەولێر)ـییەكان بخەمە روو و ئەو كەسانە بەبیری نەوەی ئێستا بهێنمەوە، كە جاران هەولێر ئاوابووە و (هەولێر)ـییەكان بەتاموچێژەوە شانازییان بە (هەولێرچیاتی)خۆیانەوە كردووە، جێگەی داخبوو من كەسێتی (شەلال)ـم بەم شێوەیە بینی.
راستە دراماكە بە شێوەزاری (هەولێر) نووسراوەتەوە، بەڵام بڕوا بكەن (حیوار)ـەكان ئەوەندە (بازاڕی) نییە، كە لەلای هەندێ لە "ئەكتەرەكان" وایلێهاتووە، لەزۆر جێگادا مەبەستەكانی دیمەنەكانیان بەتەواوی كوشتووە، لە پێناوی چەند قسەیەكی هەڕەمەكی.
هەندێ لەئەكتەرەكان زۆر سەركەوتنانە دەوری خۆیان نمایشكردووە و هەندێكیشیان زۆر بە (فلات) دەبینرێن و بەهیچ شێوەیەك ئەو ئەحساسەی، كە من لەدەقەكە مەبەستمە نەیتوانیووە ئەزبەری بكات.. ئەو پەرەگرافە رۆمانسیانەی كە من دامڕشتووە بەهیچ شێوەیەك نەدەبینرێ و نەبینەر دەشڵەژێنی. هەموو موعاناتی دراماكەم خستۆتە ئەستۆی (رێبوار)، كەچی ئەوپەڕی ساردی پێوەدیارە.
لەكاتی خۆی بەڕێوەبەرایەتی گشتی سینەما خۆیان بەوە سەرپشك كرد، كە گوایە ئەو دەقەیان بە (3) سێ ملیۆن دینار لەمن كڕیوە و منیش گوتومە سەرپشك بن لەدەسكاریكردن. من دیسانەوە دەیڵێمەوە با (دیكۆمێنت) پیشانبدەن بۆ راستی قسەكانیان، من مەرجی ئەوەم هەبووە و بەدەستخەتی خۆم نوسیومە (نابێ دەسكاری ناوەڕۆكی بكرێ)، بەڵام ئەو دەقەی من و ئەو درامایەی ئێستا دەبینرێ وەكو دەڵێن (ئێرە و مارێ خوای لێكدی دورن) و من گوتومە هونەرمەندی جوانەمەرگ كاك (سەلاح حەسەن) سیناریۆی بۆ بنوسێ، خۆ نەمگوتووە بەڕێوەبەراتی ناوبراو بەكەیفی خۆی دەسكاری بكات، چونكە خۆ سستەمی (سیناریۆ) نووسین و (دەسكاریكردن زۆر لەیەكتری جیاوازن).
بەراستی پیشاندانی ئەو درامایە لە(سەتەلایتی كوردستان) هەم سەریەشەیەكی گەورەم بۆ دەنێتەوە و هەم زۆر دڵناخۆشی كردم، كە نەتوانرا ئەوەی دەمویست ستافی هونەری و هەندێ لە ئەكتەرەكان ئەو ئاواتەم بهێننەدی. بۆیە بڕیارمدا دەقەكە چاپبكەم و بیدەمە هەموو دەزگا هونەرییەكان و لەو ساتەوەخشتەوە من بێبەریم لەو درامایەی، كە ئێستا نووسینەكەی بەناوی من لە(سەتەلایتی كوردستان) دێتە خوارەوە، لەگەڵ ئەو پەڕی رێزم بۆ (سەتەلایتی كوردستان) گلەیی نەبێ لەوان، بەڵكو لەبەر خراپ جێبەجێكردنی دەقەكە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی گشتی سینەمای هەولێر و لە ئایندەش قسەی زۆرتری لەسەر دەكەین لە كەناڵەكانی راگەیاندن.
 

 
Copyright 2009 - 2010 All rights reserved to Civilmag.com