ئۆپۆزسیۆن و دەسەڵات  

 

رێبوار سیوەیلی

من وێڕای ئەوەی دەستخۆشیتان لێدەكەم، نیوەی هەڵسەنگاندنەكە بەكاری ئێوە دەزانم و تەنیا لە چوارچێوەی نیوەكەی خۆمدا قسان دەكەم. سەرەتا جێی خۆشحاڵیمە، كە زۆر بە دەگمەن پرسیارەكانتانم ڕەتكردۆتەوە و ئەمەش نیشانەی ئەوەیە ئێوە بە وریایی و وردبینیی و بەرپرسیارێتییەوە پرسیارتان بۆ ناردووم، كە پەیوەندییەكی پتەویان بە كێشە و بارودۆخی ئۆپۆزیسیۆن و دەسەڵاتەوە لە كوردستاندا هەبووە و شایانی ئەوە بوون وەڵامیان بدرێتەوە. لە لایەكیترەوە، ئەمە دووەمین ئەزموونی سەركەوتووی منە، كە لەگەڵ ستافی گۆڤارێكدا بۆ ماوەی ساڵێك كار بكەم، كە بچووكترین كێشە و بەدحاڵیبوونێك لە نێوانماندا ڕووی نەداوە، لە ئاستێكی پڕۆفێشناڵیدا و بە ئەخلاقێكی بەرزی ڕۆژنامەگەریانەوە، بەردەوام بووین.
من بەش بەحاڵیی خۆم لە میانەی پرسیارەكانی ئێوەوە زۆر ئاسۆی دیكەی ئۆپۆزیسۆن و دەسەڵاتم بۆ ئاشكرا بوو، كە ئەگەر پرسیارەكانی ئێوە نەبوونایە، ڕەنگ بوو لەو زاوییە و دیدگایانەوە باسی ئۆپۆزیسیۆن و دەسەڵات نەكەم. بەم پێیەش جیدییەتی پرسیار، دەستنیشانی نەوعییەتی وەڵام دەكات. ئێمە لەو كارەماندا ئامانجمان ئەوە بووە، چەمكی ئۆپۆزیسیۆن و دەسەڵات بە شێوازێكی جیاوازتر لەوەی لایەنگرانی ئۆپۆزیسیۆن و دەسەڵات باسی دەكەن، بخەینەوە بەرباس و سەر لەنوێ بەرهەمی بهێنینەوە. تێڕوانینی ئێمە بۆ ئەو دوو ئاراستەیە لە پێگەخوازیی و شوێنی ئەوانەوە نیە، بەڵكو لە ڕوانگەی پەیوەندخوازانەوەیە. ئەمەش بە مانای ئەوەیە ئۆپۆزیسیۆن و دەسەڵات لە ناو هەمان كایەی سیاسیدا كار دەكەن و ململانێكانی نێوانیان ڕێگر نابێت لەبەردەم هاوكاری و تێگەیشتنیان لە یەكتر. پاشان ئێمە پێویستیمان بە فراوانكردنی چەمكی دەسەڵات و چەمكی ئۆپۆزیسیۆن هەیە، كە هیچكامێ لەو مانایانە نەبێت كە ئۆپۆزیسیۆن بۆخۆی هەیەتی و دەسەڵات لەسەر خۆی دروستیكردووە. هەردووكیان لەمەدا موبالەغە دەكەن و بە زیانیشیان تەواو بووە، بە تایبەتی كاتێ دەسەڵات وێنەی ئۆپۆزیسیۆن لە خراپكار و تێكدەر و ڕێگردا كورتدەكاتەوە و ئۆپۆزیسیۆنیش بە چاوپۆشیكردن لە چاكەكارییەكانی دەسەڵات، هەموو شتێك لە وێنەی دزێویدا باس دەكات. بەلای ئێمەوە ئۆپۆزیسیۆن و دەسەڵات دروستكەر و تەواوكەری یەك وێنە و تابلۆن، كە بریتیە لە وێنەی كەسایەتی سیاسی مۆدێرنی كورد لەبەردەم تەحەدا ناوخۆیی، هەرێمی و جیهانییەكاندا. دوانەی ئۆپۆزیسیۆن و دەسەڵات بەدیهێنەری ئەو تابلۆیە و دروستكەری میراتێكن بۆ نەوەكانی پاشەڕۆژ تاكو ئەوانیش بتوانن درێژە بەم نەرێتە بدەن و میراتێكی سیاسیانەی پاكژیان بۆ بەجێبهێڵن، تا میراتێك بە شتی شەخسی و پەرچەكرداری سایكۆلۆژییەوە بارگاوی بووبێت. ئۆپۆزیسیۆن لە كۆمەڵگای ئێمەدا ئەوەندە نوێیە، كە هەر كارێك بكات وەك دەستپێشخەری و لە حوكمی یاسایەكدایە، بۆیە پێویستە ئەوپەڕی بابەتی و بێلایەنانە و مرۆیی بێت تاكو بۆخۆی بناخەیەك دانەڕێژێت، كە لە گەشەی داهاتووی ئەقڵیی خۆیدا لێی پاشگەز ببێتەوە. لە هەمان كاتیشدا پێویستە دەسەڵات پشوو درێژ بێت و لەوە تێبگات، كە ئەو ئۆپۆزیسیۆنەی ئەمڕۆكە لە هەرێمی كوردستاندا هەیە، كەڵەكەبووی ساڵانێكی زۆر پێش ئەم دەسەڵاتە كوردییەیە و لە مێژە لە هەناوی مرۆڤی ناوچەكەدا ڕۆحێكی ئۆپۆزیسیۆنانە پەنگ و پیشی خواردۆتەوە، كە دروستبووی ستەمی ژێر دەسەڵاتی حكومەتەكانی عێراق و ناوچەكەن. بۆیە نابێت دەسەڵاتداران هەمیشە پێیانوابێت، ئەو ئۆپۆزیسیۆنەی ئەمڕۆ لە كۆمەڵگای كوردیدا هەیە، هەر بەتەنیا ڕووی قسەی لە دەسەڵاتی ئەوانە، بەڵكو پێویستە لەوە حاڵیی بن كە بەشێكی وزەی ئەم ئۆپۆزیسیۆنە ڕووی لە ئەزموونەكانی دەسەڵاتە لە عێراقدا بەگشتی. ئێمە لەم گۆشەیەدا هەردەم ویستوومانە ڕێزی كەسایەتی ئۆپۆزیسیۆن و دەسەڵات بپارێزین بەڵام ڕاشكاوانە و بێترسیش قسەیان لەسەر بكەین. ئامانجی من ئەوە بووە كە لەو دیو ئەخلاقی ڕیسواكردن و لێكتر خوێندن و سوكایەتیكردنەوە، ڕووەكانی دیكەی ئۆپۆزیسیۆن و دەسەڵات و ئەكتەرەكانی نێویان ببینین. بۆ من مەسەلەكە بریتی نەبووە لە لایەنگری لەمیان و شكاندنەوەی ئەویان، هێندەی ئەوەی ئاگاداركردنەوەیان لە داهاتوویەك كە هەردووكیان تیایدا پێویستن. بۆیە دەبوو پەنجە لەسەر غەدرەكانی دەسەڵات بۆسەر ئۆپۆزیسیۆن دابنێین و لەپاڵ لایەنگریش بۆ مافەكانی ئۆپۆزیسیۆن، هەڵە و كەموكوڕییەكانیان دەستنیشان بكەین.
ئێمە لە هەموو ئەم گەمەیەدا، خوێنەریشمان بیر نەكردووە و ویستومانە بە هۆی گۆڕینی ستایلی نووسین و بەكارهێنانی شێوازی سەرنجڕاكێش، زۆرجار پێكەنیناوی و قۆشمەجاڕانە، فەزایەكیش بۆ خوێنەر دابین بكەین، تاكو بابەتە وشكەكان ماندووی نەكەن. لەگەڵ خۆشەویستی و ڕێزمدا، بە هیوای دیدار...
 

 
Copyright 2009 - 2010 All rights reserved to Civilmag.com